چی روویدا؟ بۆ روویدا؟ دەگات بە كوێ؟
محەمەد ڕەئوف
"میری ریسەكەی كردەوە بەخوری"
رۆژی 12ی ئۆكتۆبەر لە شاری هەولێر دیداری میری بەڕێوەچوو، بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەكەدا پەیامێكی توندی ئاراستەی پارتی كرد كە یەك دێڕی پەیامەكەی، مەسعود بارزانی زۆر توڕە دەكات "ئێوە کێن ئیعتیراف بە هاوپەیمانیی ئێمە و نەوەی نوێ نەکەن؟" ئەم دێڕە لای بارزانی بووە هۆی دەستپێكردنی هەنگاوی تاك لایەنە چۆن؟
تیمی یەكێتی و پارتی بەردەوام لە گفتوگۆدابوون لە پارتی (پشتیوان سادق و شەعبان شەعبان) تیمی یەكێتی (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و سەمیر هەورامی) گفتوگۆكان گەیشتنە ئەوەی دەبێت كۆبوونەوەی چوار قۆڵی بكرێت لە پارتی (نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ) لە یەكێتی (بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) ئۆكەی وەرگیراو كاتی كۆبوونەوەكە دیاریكرا رۆژی پێنجشەمە 15ی ئۆكتۆبەر لەماڵی قوباد تاڵەبانی لە گوندی ئەمریكی شاری هەولێر كۆبوونەوەو نیوەڕۆ خوان پێكەوە، ئەو كۆبوونەوەیە بوو كە سەڵاحەدین بابەكر وتەبێژی یەكگرتوو وتی " لە رۆژانی داهاتوودا هەواڵی دڵخۆشكەر دەبیستن"
رۆژی 12ی ئۆكتۆبەر دیداری میری بوو، بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی قسەیان كرد، توڕەبوون و نیگەرانی مەسعود بارزانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەبەیاننامەیەكی بارەگای بارزانی توڕەیی بارزانی نیشاندا لە كۆی دیدارەكە، بەڵام توڕەبوونەكەی بارزانی لە دێڕەكەی بافڵ تاڵەبانی بوو "ئێوە کێن ئیعتیراف بە هاوپەیمانیی ئێمە و نەوەی نوێ نەکەن؟" بۆیە بارزانی بڕیاریدا دەسەڵاتی خۆی نیشان بدات.
دیداری میری تەواو بوو، بافڵ تاڵەبانی چووە بەغداد، كۆمەڵێك كۆبوونەوەو دیداری رێكخست، داوایانكرد بەهۆی سەرقاڵی بافڵ تاڵەبانیەوە كۆبوونەوەكە دوابخرێت بۆ رۆژی شەممە، هەموویان رازی بوون، رۆژی شەممە سەعات (12)ی نیوەڕۆ دیاریكراو جێگیركرا بۆ كۆبوونەوەو نانی نیوەڕۆی (چوار قۆڵی).
رۆژی هەینی (16)ی ئۆكتۆبەر تەلەفۆنێك بۆ نوسینگەی پرۆتۆكۆڵی بافڵ تاڵەبانی دەكرێت كە رۆژی شەممە دێتە هەولێر لە فڕۆكەخانە نابێت ئەو ژمارە زۆرە ئۆتۆمبێلەی بەدوادا بێت، سەرەتا وا هەست دەكریت شتێكی ئاسایی و تەكنیكیە، تەلەفۆنات دەستپێدەكات، هەموو سەرقاڵ دەكرێت بەو پرسەوە بەرپرسانی یەكێتی دێنە سەر خەت و بەرپرسانی پارتی دێننە خەت، دواجار بافڵ تاڵەبانی دەگاتە ئەو ئەنجامە بڕیارەكە بڕیارێكی ئاسایی نیەو لەسەرو مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانیشەوە، بڕیارەكە لە بارزانی باوكەوە، لای بافڵ تاڵەبانیش وا لێكدەدرێتەوە ئەمە هەوڵە بۆ رێگری لە كۆبوونەوەی چوار قۆڵی بۆیە كۆبوونەوەكە بەتەواوی هەڵدەوەشێتەوە.
- بەرپرسانی پارتی دەڵێن مەسەلەكە پەیوەندی بەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلەوە هەیە كە پێویست نیە بچێتە ناو فڕۆكەخانەوە.
- بەڵام بەرپرسانی یەكێتی دەڵێن ئەوە بیانووە ئەگەرنا دەیان جاری تر بافڵ تاڵەبانی هەر بەو ئۆتۆمبێلانەوە هاتووەو كێشەشی نەبووە، بۆیە بڕیارەكە لە بارزانی باوكەوە دەرچووە.
بۆیە كۆبوونەوە چوار قۆڵیەكەی ماڵی قوباد تاڵەبانی كە بڕیاربوو سەعات 12ی رۆژی 17ی ئۆكتۆبەر بەڕێوەبچێت و ئەگەری زۆری رێككەوتنی لێدەكرا لەبەر ئەوەی یەكەمجاربوو مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی پێكەوە بچنە ماڵی قوباد تاڵەبانی و نمەكی بكەن.
بارزانی باوك بڕیار دەدات " دەیكەین" دەبێت بزانن ئێمە كێین؟
بۆیە بارزانی بڕیار دەدات پەرلەمان كارا بكرێتەوە بەهەر شێوەیەك بێت، چۆن؟
- پەیوەندیكردن بە هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی ئەگەری هاتنیان هەیە بە هەموو رێگەكان.
- جوڵە دەستپێدەكات سەرەنجما (3) پەرلەمانتاری نەوەی نوێ رازی دەكرێت.
- لە پەرلەمانتاری یەكێتی (3) پارلەمانتاری یەكێتی رازی دەكرێت بە جۆرەها شێوە.
- لەپەرلەمانتارانی هەڵوێست (2)یان رازی دەكرێن
- بەرپرسانی پارتی دەڵێن خۆیان هاتوون و ئیرادەی خۆیانەو كاراكردنەوەی پەرلەمان پرسێكی نیشتمانیەو بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمە، هەموو پەرلەمانتارانەی دەرەوەی پارتی بەشداربوون، دەیان وت سەربەخۆیین و بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمە.
- بەڵام بەرپرسانی یەكێتی شتێكی دیكە دەڵێن، هەموو ئەوانەی دەرەوەی پارتی بەشداری دانیشتنەكەیان كردووە بە فشاری ئەمنی و پارەبووە، تەنانەت هەیانە لە ملیۆنێك تا پێنج ملیۆن دۆلاریان پێداوە، هەیانە پرۆژەی پێدراوە بایی (7) ملیۆن دۆلارە، ئەگەرنا بۆچی مانگێك پێشتر ئەو پارلەمانتارانە نەرۆیشتن لەماوەی 24 كاتژمێردا (10) پارلەمانتار چوونە بەرەی پارتی و هەمووشیان دەنگیانداو هەمووشیان وتیان سەربەخۆین و هەمووشیان وتیان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمە وەك ئەوەی تەڵقیندرابێتن.
- بۆ پەرلەمانتاران پارتی بەم شێوەیە مامەڵەی كردووە، بۆ هەردی سەڵاح راستەوخۆ لەگەڵ خۆی گفتوگۆی كردووە، بۆ نیشتمان ناوپردانی پارتی لەگەڵ براكەی گفتوگۆی كردووە، بۆ محەمەد فەیسەڵ راستەوخۆ لەگەڵ خۆی گفتوگۆكراوە، بۆ مەلا شڤان راستەوخۆ قسە لەگەڵ خۆی كراوە، بۆ دوو پەرلەمانتارەكەی هەڵوێست دەوترێت ئۆكەی لە هێرش عەبدولڕەحمان وەرگیراوە چونكە ئەو دوو پەرلەمانتارە لەژێركاریگەری ئەودان، دوو پەرلەمانتارەكەی دیكەی نەوەی نوێ پارتی خۆی راستەوخۆ قسەی لەگةڵ كردوون.
- لەبەر ئەوەی بڕیارەكە هی بارزانی باوك بوو كەس نەیتوانی رێگری لێبكات، دەوترێت شەوی پێش دانیشتنەكەی پەرلەمان چەندین جار گفتوگۆ و پەیوەندی نێوان بەرپرسانی یەكێتی و بەرپرسانی پارتی هەبووە بەتایبەت هەندێك لە مەكتەب سیاسیەكان و نێچیرڤان بارزانی، بەڵام نەتوانراوە رێگری لێبكرێت.
- بۆیە رۆژی كۆبوونەوەكە پارتی دڵنیابوو كە دەتوانێت (51) پەرلەمانتار ئامادە بكات، شەوی پێش كۆبوونەوەكە (2) پەرلەمانتاری نەوەی نوێ كە یەكێان خەڵكی كۆیەیەو یەكێكان خەڵكی رانیە، دەبرێنە هەولێر تا دەستی یەكێتی پێنەگات و زامن بكرێن، پەرلەمانتارەكەی هەڵوێست كە خەڵكی سلێمانییە دوو رۆژ پێش كۆبوونەوەكە براوەتە هەولێر، لە رۆژی كۆبوونەوەكەش لە دەرگایەكی ترەوە (2) پەرلەمانتارەكەی رەوتی هەڵوێست براونەتە هۆڵی كۆبوونەوەكە.
- بۆ پەرلەمانتارەكەی سۆسیالیست باس لەوە دەكرێت بارزانی راستەوخۆ قسەی لەگەڵ محەمەد حاجی مەحمود كردووەو تەكلیفی كردووە بەشدار بێت و ئەویش بەڵێنی پێداوە، ئەم هەنگاوەی محەمەد حاجی مەحمود بافڵ تاڵەبانی زۆر توڕە دەكات بەرپرسانی یەكێتی دەڵێن لە كێشەی محەمەد حاجی مەحمود و براكەی یەكێتی پشتیوان و هاوكاری محەمەد حاجی مەحمود بووە.
- ئەم هەنگاوە یەكێتی و خودی بافڵ تاڵەبانی زۆر توڕەكرد، لەبەر ئەوەی كۆتایی بەهەموو گفتوگۆ و رێككەوتنێك هێنا كە لە كۆتاییدا نزیك بوون لە لێكتێگەیشتن و رێككەوتن بەتایبەت كۆبوونەوەی چوارقۆڵی.
- بۆ یەكەمجار پارتی دەستیبرد بۆ ناو ماڵی یەكێتی و (3) پەرلەمانتاری ئەو حزبەی برد، كۆتایی بە بانگەشەی (39) كورسیهێنا، یەكێتی توڕەیە پێی وایە ئەمە پێشهاتێكی خراپەو ئیتر مانایەك بۆ كاری پەرلەمانتاری ناهێڵێتەوەو دەكرێت بە پارەو فشار و ڤیدیۆ پەرلەمانتار بكرێت، ئیتر هەڵبژاردن كۆتایی هات.
- پارتیییەكانیش پێیان وایە یەكێتی دەستیدەستی بە پارتی دەكات و نایەوێت رێكبكەوێت و بە ئیعازی دەرەكی دەیەوێت قەوارەی هەرێم نەمێنێت، ئێمە چاوەڕێ ناكەین دادگای فیدراڵی حكومەت هەڵبوەشێنێتەوە.
- بۆیە یەكێتی كۆتایی بە گفتوگۆ، هەماهەنگی، كاری پێكەوەیی، حكومەتی پێكەوەیی، هەرێمی پێكەوەیی، هێناو بەپێی لێدوانەكەی بافڵ تاڵەبانی ئیتر هەرێم و ناوچەی خۆمان خۆمان بەڕێوەی دەبەین ئێوەش خۆتان.
- لە كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی یەكێتی بە پێچەوانەی ئەوەی باس دەكرێت، ئەندامانی پەرلەمان و سەركردایەتییەكان توندتربوون لە بافڵ تاڵەبانی، هەموویان لەگەڵ ئەوەبوون دەبێت هەموو رێگایەك بگیرێتە بەر لە دژی بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمان لە لایەن پارتیەوە، بۆیە هەموویان دەسەڵاتیان دا بە بافڵ تاڵەبانی لە بڕیاردان بۆ كشانەوە، دوو ئیدارەیی، هەر هەنگاوێكی تر دەگیرێتە بەر.
-
پارتی دەیەوێت بەردەوام بێت لەسەر هەنگاوەكانی و تەواوی بكات:
- پارتی ئێستا سەرقاڵی شوێنگرەوەی وەزیرو پۆستەكانی یەكێتییە لە حكومەت، وەزیر بەوەزیر یان بریكاری وەزیرەكان بە وەكالەت پڕیان دەكاتەوە بە هەمان رێگاو هاوشێوەی وەزیرەكانی گۆڕان كە لە 2015 لە حكومەت نەمان.
- پارتی دەیەوێت دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بكاتەوە، بەڵام ئایا نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەرێمی تەنیا دهۆك و هەولێر رازی دەبێت، ئەوەی تا ئێستا زانیارییە نێچیرڤان بارزانی رازی نیە سەرۆكی هەرێم بەو شێوەیە وەربگرێت، بۆیە لە حاڵەتی وادا ئەگەری هۆشیار زێباری یان رێبەر ئەحمەد هەیە بۆ سەرۆكی هەرێم.
- پارتی مەسرور بارزانی رادەستپێرێت بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت، كابینەیەك بەبێ یەكێتی درووست دەكات و (رەنگە وەك پێشوو چەند پۆستێك جێبهێڵێت ئەگەر لەداهاتوودا رێككەوتن لەگةڵ یەكێتی)، وەزارەتەكان بەسەر (پارتی، سۆسیالیست، توركمان، مەسیحی، بەرەی گەل........ )دا دابەش بكات.
- ئەگەر هیچ نێوەندگیری و گفتوگۆیەك سەر نەگرێت پارتی كاری خۆی دەكات و یەكێتیش كاری خۆی دەكات.
یەكێتی بەتەمای چیە؟
- یەكێتی لەیەكەم هەنگاو هەموو هاوكاری و هەماهەنگیەكی ئەمنی و و سیاسی و دیبلۆماسی لەگەڵ پارتی بڕی.
- بەتەواوی لە حكومەت كشایەوە لە وەزیری و جێگری وەزیری و بەڕێوەبەری گشتی و دەستەو هەموو پلەكان
- لە ئاستی بەغدادەوە بەشە بودجەی دەڤەری سلێمانی جیادەكاتەوەو هەنگاوی جدی پراكتیكی بۆناوە.
- لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان قسەكراوە بۆ هەندێك بڕیاری یاسایی و رێگری نەكردن لە كارەكانی یەكێتی و هاوكاری و پشتیوانی.
- شێوازی ئیدارەدانی سلێمانی هاوشێوەی دوای ساڵی 1996 دەبێت حكومەتێك لە سلێمانی دیاری دەكرێت، سەرۆكی هەرێم دیاری دەكرێت هاوشێوەی 1996ی مام جەلال و ئیشوكارەكانی خۆیان دەكەن.
- بەڵام باس لە چەند ئۆپشنێكی تر دەكرێت ئەگەر كەفوكوڵەكە بنیشێتەوە:
- دوو هەرێمی جیاواز لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، كە ئەمەش رێشوێنی یاسای و دەستوری ووردی ئەوێت لە ئاستی عێراق.
- هەرێمی كوردستان وەك خۆی بێت، پەرلەمان هەبێت و قەوارەكە بمێنێت، بەڵام دوو حكومەت هەبێت لە سلێمانی و هەولێر
- ئەگەری دووەمیان بەهێزترە یەك هەرێم و دوو حكومەتی جیا، چونكە ئەگەری یەكەم دوو هەرێمی رێشوێنی یاسایی و دەستوری زۆری دەوێت.
PM:05:31:06/11/2026
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی