كێ‌ دەستی پێكرد و كێ‌ تەواوی دەكات؟

‌نەبەز گۆران

لە ڕووی گوتاری سیاسییەوە هەرێمی كوردستانمان هەیە، بەڵام لە واقیعدا دوو جوگرافیای دەسەڵاتمان هەیە. ئەم دوو جوگرافیایە درێژكراوەی میرنشینییە و هێشتا نەخۆشییە سیاسییەكانی میرنشینی تێنەپەڕێنراون. هەندێكجاریش هەڵسەنگاندنەكان بۆ ناوخۆی باشووری كوردستان، نادروستن و گرێ دەدرێن بە كورسی پەڕلەمانییەوە و وەهمێك دروست دەبێت، كە كورسی پەڕلەمانی سیستەمی سیاسیی دادەڕێژێت! ئەم هەڵسەنگاندنە نادروستانە و نادیدەگرتنی جوگرافیای دوو دەسەڵاتە حیزبییەكە، بەرەو شوێنێكمان دەبات قەیرانەكان قوڵتر بكاتەوە، نەك چارەسەریان بكات.

بە پێی یاسا پەڕلەمان كارا كرایەوە. ئیدی دادگای فیدڕاڵی ناتوانێت هەرێمی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە. بەڵام ئەمە چارەسەری نەخۆشییەكە نەبوو، بەڵكو هەرێمی كوردستانی خستە ناو دۆخێكی ترەوە. خودی جوڵە سیاسییەكە بەو جۆرە لێكدرایەوە هەرێم بپارێزێت، بەڵام پێچەوانەكەی ڕاستە، هەرێم دەخاتە ناو دۆخی نەپاراستنەوە و ئێستا لە هەمووكات زیاتر هەرێم هەڕەشەی لەسەرە.(هەڕەشە بۆ لێكترازانی جوگرافیا.)
گەر لەبری كڕینی ئەسپەكانی تەروادە، بۆ ئەوەی ببرێنە ناو هۆڵەكەوە و بیشوێنن، ڕێگای دیكە ئەزموون بكرایە باشتر دەبوو.(ڕەنگە بڵێن ڕێگای ترمان ئەزموون كرد بۆیە ئەوەمان كرد، ئەمە بۆ سیاسیی پەككەوتنە، چونكە سیاسەت هەزاران ڕێگەی هەیە، خراپترینیان هەرگیز ناگیرێتە بەر.) دەزانین پەڕلەمان بەو دۆخەی ئێستاوە توانای پاراستنی هەرێمی نییە، چونكە هەڕەشەی گەورەی سەر هەرێم، دوو هێزە دەسەڵاتدارەكەی ناو سنووری جوگرافیان، نەك ئەویتری دەرەوەی هەرێم، تا ئەم هەڕەشەیەی ناوەوە باش خوێندنەوەی بۆ نەكرێت، ئەویتری دەرەوە ناتوانێت هەڕەشە بێت. 
هەموومان دەزانین پەڕلەمان كە شوێنی نوێنەرایەتی كردنی خەڵكە، چەندین ساڵە بەدەست چنگی حیزبەوە دەناڵێنێت. جارێك دادەخرێت، جارێك كڕین و فرۆشتنی پێدەكرێت، جارێك تەمەنی درێژ دەكرێتەوە، جارێك هەڵدەواسرێت. هەموو كارێكی پێدەكەن، جگە لە كارە ڕاستەقینەكەی خۆی. فەرموون وادانرا لە ڕێگای چەند ئەسپێكی تەروادەوە پەڕلەمان كارا كرایەوە بۆ پاراستنی هەرێم، بەڵام ئێستا هەڕەشەكانی سەر هەرێم لە چ دۆخێكدان؟

پارتی دیموكراتی كوردستان كارەكەی كرد. پێشووتریش بە فۆڕمی جیاوازترەوە هەمان كاری بە پەڕلەمان كردووە، بەڵام ئەمجارە جیاوازە. چونكە جارێك لەگەڵ مام جەلال كردوویەتی، جارێك لەگەڵ كاك نەوشیروان، ئێستا هەردووكی نەماون. لێرەدا یارمەتی ئەو و حیزبەكانی دەدەین، بۆ ئەوەی زمان و تێگەیشتنیان بۆ ئەم سەرۆكە نوێیەی یەكێتی بگۆڕن. واتە: كوڕی مام جەلال، كاك (بافڵ تاڵەبانی) چ لە ڕووی كەسایەتییەوە، چ لە ڕووی دونیا بینییەوە، هیچ لەوان ناچێت. كارەكتەرێكی ترە. لەگەڵ هاتنی بۆ سەرۆكی یەكێتیی چەندین هەڵسەنگاندنی هەڵەی بۆ كراوە، چەندین ناوی جیاجیای لێنراوە، هیچیان دروست نەبوون، چونكە بەباشی نەناسێنراوە و واقیعیانە تەماشای نەكراوە تا بتوانرێت جەوهەرەكەی لە ڕووی سیاسیی و حیزبییەوە ببینرێت. بۆ ئەوەی ئەم كارەكتەرە بناسرێت، دەبێت بەرلە هەمووشت لەوە تێبگەی. حیزبێكی پتەوی بە پرسیپی یەك دەستەی دەوێت. دەبێت لەوە تێبگەی لە مێژوو ناترسێت. دەبێت لەوە تێبگەی دونیابینی بۆ دەسەڵات هەرگیز لە دونیابینی پێش خۆی ناچێت و سەر بە سەردەمێكی ترە و تەنانەت هیچی لە براكەی ناچێت. دەبێت لەوە تێیگەی خاوەن بڕیارە، دەزانێت چیدەوێت و نایشارێتەوە. 

زۆر قورسە ناچاری بكەیت تەنازول بكات، تۆ وەك هێزی سیاسیی پاكێجت هەیە حەقی خۆتە، ئەویش هەیەتی، تێگەیشتن و گفتوگۆكردن لە گەڵی بۆ پاكێجەكەی باشترە تاكو بیرلەوە بكەیتەوە بیخەیتە گۆشەیەكەوە تا دۆخی ناچاری بۆ دروست بكەیت. حیزبەكەی سەری جیاوازی تێدا نەهێشتووە، یەك تیمە و هەمووی بەستراوە بەخۆیەوە و ئیلتیزامی پێوە دەكەن. گەنجە، گەنج نابێت كەسایەتییەكەی بخەیتە ناو لێدانەوە، چونكە پەرچەكردارەكەی چاوەڕواننەكراوە. لە هەمووی گرنگتر، غرووری خۆی و حیزبەكەی  پێكەوە گڕێداوە، لە هەر شوێنكەوە لەو غروورە بدەیت، دەبێت چاوەڕی شكانێك بكەیت. گەر خوێندنەوە بۆی واقیعی نەبێت بەرهەمی ململانێ لەگەڵی ئەوەیە لە ڕابردوو و ئێستادا دەیبینین.( لەو ڕۆژەوەی بووە بەسەرۆكی یەكێتیی تاكوو ئێستا، هەڵسەنگاندن بۆ كارو جوڵە سیاسییەكانی بكەن، مامەڵەكردن لەگەڵی ئاسانە و زۆر ڕوونە، ئاڵۆز نییە.)

هەرچۆنێك بێت ماڵی كاك مەسعود دەستیان پێكرد، كاك بافڵ دەڵێت من تەواوی دەكەم. بەڵام دەزانین لەناو ڕووبەری سیاسییدا هەمیشە دەرگایەك هەیە. ئەوەی دەرگاكەی داخستووە، دەبێت خۆیشی بیكاتەوە. ڕەنگە بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە، پارتی دیموكراتی كوردستان، جارێكی تر بیر لە كاك نێچیرەڤان بكاتەوە، چونكە تاقە كلیلە بە دەست پارتییەوە بێت و لەكاتی خۆیدا بەكاری بهێنێت. ئەگەر ئەمە نەكات، سنووری میرنشینی تازە دەبێتەوە. بێگومان ژیرانەترین ڕێگا هەر ئەوەیە، لەم قۆناغەدا دەست لە هەڵسەنگاندنی ژمارەی كورسی هەڵگرن و بە پێی جوگرافیا كە واقیعی ترە، مامەڵە لەگەڵ پرسی هەرێمدا بكرێت. ئەمەش نەكرا، ئەوكاتە ناچار دەبێت ئێمەی كوردی ئەم باشوورە بڵێین: من لەمبەرم، ئەی تۆ؟ 
(حیزبەكانی تریش لەو نێوانەدا گیرۆدە دەبن، بچنە هەرلایەك، ئەویتر ناوناتۆرەی لێدەنێت.)  



PM:05:14:06/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی