بۆچی زاناكانی فیزیا له‌ روسیا به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ده‌ستگیر ده‌كرێن؟


وێستگه‌نیوزـ

ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی روسیا، زۆرجار شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كات وڵاته‌كه‌ی پێشه‌نگی جیهانه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی چه‌كی سه‌رو ده‌نگ/ هایپه‌رسۆنیك كه‌ خراییه‌كه‌ی ده‌گاته‌ پێنج هێنده‌ی خێرایی ده‌نگ.

به‌ڵام به‌ گوێره‌ی تۆڕی هه‌واڵی بی بی سی، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا، ژماره‌یه‌ك له‌ زانا روسییه‌كانی فیزیا و توێژه‌ر و ئه‌وانه‌ی له‌م بواره‌ زانستییه‌دا كارده‌كه‌ن، به‌ تۆمه‌تی خیانه‌تكردن خراونه‌ته‌ زیندانه‌وه‌.

زۆرینه‌ی ده‌ستگیركراوه‌كان، كه‌سانی به‌ساڵاچوون و سێ كه‌سیان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، یه‌كێكیان له‌سه‌ر ته‌ختی نه‌خۆشخانه‌ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی وه‌رده‌گرت كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی گه‌شتبووه‌ قۆناغێكی مه‌ترسیدار، له‌وێوه‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ زیندان و پاش ماوه‌یه‌كی كورت كۆچی دوایی ده‌كات.

یه‌كێك له‌ ناودارترین زاناكانی فیزیا كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌لایه‌ن روسیاوه‌ ده‌ستگیركراوه‌، ڤلادیسلاڤ گالكین-ه‌، ئه‌و ئه‌كادیمیستێكی ته‌مه‌ن 68 ساڵه‌ و له‌ مانگی نیسانی 2023 له‌ شاری تۆمسك له‌ باشوری روسیا، چوونه‌ته‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی و ده‌ستگیریان كردووه‌.

یه‌كێك له‌ خزمه‌ نزیكه‌كانی گالكین ده‌ڵێت ژماره‌یه‌ك چه‌كداری ده‌مامك ره‌ش، له ‌‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ده‌ستگیریان كرد و دۆڵابه‌كانیان پشكنی و ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك "كاغه‌زی زانستی" تایبه‌ت دا.

له‌ ساڵی 2015وه‌، 12 زانای فیزیا ده‌ستگیركراون، هه‌موویان به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان، په‌یوه‌ستن به‌ ته‌كنه‌لۆژیای "چه‌كی سه‌رو ده‌نگ" یان په‌یوه‌ستن به‌و ده‌زگایانه‌ی كار له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ چه‌كانه‌ ده‌كه‌ن.

هه‌موو ئه‌و زانایانه‌، به‌ تۆمه‌تی خیانه‌تكردنی گه‌وره‌ تۆمه‌تباركراون، ئه‌وه‌ تۆمه‌تێكه،‌ گواستنه‌وه‌ی نهێنی ده‌وڵه‌ت بۆ ده‌وڵه‌تانی بیانی له‌ خۆده‌گرێت و له‌ رووسیا دادگایكردنی ئه‌م جۆره‌ تۆمه‌تبارانه‌، له‌ پشت درگا داخراوه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ روون نییه‌ به‌ دروستی و دیاریكراوی، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ چین كه‌ ئاراسته‌ی ئه‌و زانایانه‌ كراون و مۆسكۆ ته‌نها ئه‌وه‌ی وتووه‌: "تۆمه‌ته‌كان مه‌ترسیدارن".

پارێزه‌رانی به‌رگری باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌شێك له‌ دۆسێكان، له‌سه‌ر بنه‌مای تۆمه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هاوكاری ئاشكرای زاناكانه‌ له‌گه‌ڵ توێژه‌رانی بیانی، به‌ڵام زاناكان جه‌ختیان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان، به‌شدارییان له‌ په‌ره‌پێدانی هیچ چه‌كێك له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ بیانییه‌كان نه‌كردووه‌.

موشه‌كی سه‌رو ده‌نگ، ده‌توانێت به‌ خێراییه‌كی زۆر به‌رز بڕوات، له‌كاتی فڕیندا ده‌توانێت ئاراسته‌ی خۆی بگۆڕێت و خۆی له‌ به‌رگری ئاسمانی بپارێزێت، روسیا ده‌ڵێت له‌ شه‌ڕه‌كه‌ی دژ به‌ ئۆكرانیا، دوو جۆر له‌م موشه‌كانه‌ی به‌كارهێناوه‌: موشه‌كی "كینجاڵ" كه‌ له‌ فڕۆكه‌وه‌ ده‌هاوێژرێت، له‌گه‌ڵ موشه‌كی "زێركۆن".

دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ ده‌ستگیركردنی گالكین له‌ مانگی نیسانی 2023، هێنرایه‌ به‌رده‌م دادگا، له‌ هه‌مان رۆژدا له‌گه‌ڵ زانایه‌كی دیكه‌ به‌ ناوی ڤالێری زڤیگینتسێڤ كه‌ پێكه‌وه‌ چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی هاوبه‌شیان نووسیوه‌، دادگاییكران.

له‌م باره‌یه‌وه‌ ئاژانسی "تاس"ی روسی كه‌ ده‌وڵه‌ت خاوه‌نداری ده‌كات، له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ ده‌ستگیركردنی ڤالێری له‌وانه‌یه‌ به‌هۆی وتارێكه‌وه‌ بێت كه‌ له‌ ساڵی 2021 له‌ گۆڤارێكی ئێراندا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ هاوینی ساڵی 2022، ده‌زگای ئاسایشی فیدراڵی روسیا، له‌ "په‌یمانگای میكانیكای تیۆری و پراكتیكی"، دوو هاوڕێی ڤالێری ده‌ستگیر ده‌كه‌ن و ڤالێری بۆ خۆشی له‌و په‌یمانگایه‌ كاری كردووه‌. له‌و سه‌روبه‌نده‌دا، كارمه‌ندانی په‌یمانگاكه‌، نامه‌یه‌كی كراوه‌یان بۆ پشتگیری سێ هاوڕێ ده‌ستگیركراوه‌كه‌یان نووسی و تیایدا ده‌ڵێن چه‌ندینجار لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌وان به‌ ئاشكرا به‌شداریان تیاداكردووه‌ و هیچ كێشه‌یه‌ك یان پێشێلكارییه‌كان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامیان دابێت.

یه‌فگینی سه‌میرنۆڤ پارێزه‌ر له‌ رێكخراوی «First Division» بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ده‌ڵێت: "خێرایی ده‌نگ له‌ ئێستادا بابه‌تێكه، وا ده‌كات زاناكان راپێچی زیندان بكرێن".

له‌ ئێستادا چ بابه‌تێكه وا ده‌كات زاناكان راپێچی زیندان بكرێن؟

ئه‌م پارێزه‌ره‌ له‌ به‌رده‌م دادگاكاندا، به‌رگری له‌ زاناكان و ئه‌و چالاكوانانه‌ كردووه‌ كه‌ به‌ ناپاك تۆمه‌تبار كرابوون، به‌ڵام دواتر له‌ ساڵی 2021 له‌ ترسی ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی روسیاوه‌، وڵاته‌كه‌ی به‌جێده‌هێڵیت و ده‌ڕوات بۆ پراگ.

پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر دوو زانا گالكین و ڤالێری زیندانی بكرێن، له‌ ساڵی 2016 زانا ڤلادیمێر لابیگین زیندانی كرابوو، به‌ڵام دوای چوار ساڵ مانه‌وه‌ له‌ زیندان، به‌ مه‌رج ئازادكرا، ده‌وترێت‌ زانا ڤلادیمێر یه‌كه‌م زانا بوو له‌سه‌ر ئه‌م دۆسێیه‌ زیندانی ده‌كرێت. ئه‌م زانایه‌ نزیكه‌ی 46 ساڵ له‌ په‌یمانگای سه‌ره‌كی سه‌ر به‌ ئاژانسی ئاسمانی روسیا «TsNIIMash» كاریكردووه‌ و تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی خرایه‌پاڵ كه‌ زانیاری ده‌رباره‌ی چه‌كی هایپه‌رسۆنیك داوه‌ته‌ لایه‌نێكی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی چین.

به‌ڵام لابیگین جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، هه‌مو ئه‌و زانیاری و داتایانه‌ی به‌شداری تێداكردووه‌، هیچ زانیارییه‌كی نهێنی له‌خۆنه‌گرتووه‌‌، بگره‌: "زۆرجار ئه‌و زانیاری و داتایانه‌ له‌و بڵاوكراوانه‌دا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌به‌ر ده‌ستی هه‌مواندایه‌".

زانا دیمیتری كۆڵكار پسپۆڕ له‌ په‌یمانگای فیزیای لێزه‌ر، یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌و زانایانه‌ی ده‌ستگیركراوه‌، ساڵی 2022 له‌ كاتێكدا له‌ نه‌خۆشخانه‌ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی په‌نكریاسی وه‌رده‌گرت، ده‌ستگیر ده‌كرێت و خێزانه‌ی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و تۆمه‌ته‌ی ئاراسته‌ی كراوه‌، پشت به‌و وانانه‌ ده‌به‌ستێت كه‌ له‌ چین وتوویه‌تییه‌وه‌.

به‌ڵام ناوه‌رۆكی وانه‌كان، له‌لایه‌ن ده‌زگای ئاسایشی فیدراڵییه‌وه‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ردرابوو، هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ به‌كرێگیراوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی روسیا، له‌و سه‌فه‌ره‌دا له‌گه‌ڵیدا بووه‌. كۆڵكار دوو رۆژ دوای ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی، به هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ گه‌شتبووه‌ قۆناغێكی مه‌ترسیدار، له‌ ته‌مه‌نی 54 ساڵیدا كۆچی دوایی ده‌كات.

ژماره‌یه‌ك له‌ زاناكان ده‌ڵێن، ئه‌وان له‌به‌رده‌م ململانێیه‌كی گه‌وره‌دان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت: "ده‌وڵه‌ت داوایان لێده‌كات تویژینه‌وه‌كانیان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بڵاوبكه‌نه‌وه‌، له‌ هه‌مانكاتدا ده‌زگای ئاسایشی فیدراڵی، پێیوایه‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌ زانایانی بیانی و نووسین له‌ گۆڤاره‌ بیانییه‌كاندا خیانه‌تكردنه‌ له‌ نیشتیمان".


PM:12:50:10/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 3488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت