نەتەنیاهۆ: غەزە دەیکەینە وێرانە

‌بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

وێستگەنیوزـ

دەره‌نگانی دوێشەو لە وتارێکی ڤیدیۆییدا، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە زمانێکی توندی ئەوپەڕی هەڕەشەئامێز رووی کردە دانیشتووانی کەرتی غەزە و داوای لێکردن لە زووترین دەرفەتدا ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن، چونکە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هێرشێکی بەرفراوان و بێپێشینە دەکەنە سەر ئەو کەرتە کە پێشتر وێنەی نەبووە و ئەو شارە دەکەنە وێرانە و سووتماک.

لەو وتارە ڤیدیۆیییەدا، نەتەنیاهۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیسرائیل خەریکی خۆسازدانە بۆ شەڕێکی درێژخایەن لە دژی کەرتی غەزە، بزووتنەوەی حەماسیشی بەرپرسیار کرد لە پاراستنی گیانی دیلە ئیسرائیلییەکان و جەختی کردەوە کە هەر کەس ئازاریان پێ بگەیه‌نێت ئیسرائیل لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکات.

هەر لەو وتارەدا سەرۆکوەزیران وتی: "ئەم جەنگە کاتێکی زۆر دەخایەنێت و جەنگێکی دژوار دەبێت و ئێمە رووبەڕووی رۆژانێکی سەخت و نالەبار دەبینەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە سەر دەکەوین، ئەمە جەنگێکی بێپێشینەیە و پێشتر ئیسرائیل رووبەڕووی رووداوێکی لەو جۆرە نەبوه‌تەوە".

لە درێژەدا وتیشی: "ئەمە رۆژێکی زۆر دژوارە و حەماس دەیەوێت کۆمەڵکوژمان بکات و جەنگێکی دڵرەقانە و شەڕانگێزانەی لە دژمان بەرپا کردووە، بەڵام بێگومان لە پای ئەو هێرشەدا باجێکی گەورە دەدات، سوپای ئیسرائیل تەواوی هێزی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی خێرای توانا سەربازییەکانی حەماس، زۆر بە توندی تۆڵەی ئەم رۆژە رەشەیان لێ دەکەینەوە کە بەسەر ئیسرائیل و هاووڵاتییەکانیدا هێنایان".

نەتەنیاهۆ راشیگەیاند: کە سەرجەم پێکهێنەرەکانی حکومەتی ئیسرائیل لە پشت ئەم بڕیارەی تۆڵەکردنەوەیەن و هەر جێیەک کە سەرکردەکانی حەماسی تیادایە دەیکەینە وێرانە.
 
لە کۆتایی وتارەکەیدا نەتەنیاهۆ داوای لە هاووڵاتییانی دانیشتووی کەرتی غەزە کرد کە لە کەرتەکە دوور بکەونەوە یان هەر بە تەواوەتی جێی بهێڵن، چونکە بە وتەی ئەو: "لە هەموو جێیەک و بە هەموو توانای خۆمانەوە دەست دەکەین بە هێرش، هێزەکانی سوپای ئیسرائیل هەموو کەمپە ئیسرائیلییەکان لە دواهەمین تیرۆریست پاک دەکەنەوە کە دەکەونە سنووری کەرتی غەزەوە، شار بە شار و ماڵ بە ماڵ پاک دەکەنەوە و سەرلەنوێ دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا دەگرینەوە".

ئەمەش لە کاتێکدایە گروپە چەکدارەکانی‌ فەڵەستین رایانگەیاند، هەزاران موشەکییان لە کەرتی‌ غەزەوە ئاراستەی‌ ئیسرائیل کردووە و دەیان چەکدارایشیان دزەیان کردووەتە ناو خاکی‌ ئیسرائیل.


PM:01:01:08/10/2023


ئه‌م بابه‌ته 1780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت