پوتن: دامەزراندنی وڵاتی فەڵەستین کارێکی پێویستە
سودانی: دەمانەوێت گەلی فەڵەستین بە مافەکانی خۆی بگات
وێستگه نیوزـ
ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی روسیا و لەلایەن میخایل بەگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا پێشوازی لێکرا.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، عێراق سوپاس و پێزانینی بۆ رووسیا هەیە، کە "لەکاتی شەڕی داعش هاوکاری و پاڵپشتی ئێمەی کردووە".
وتیشی: " سەردانەکەمان بۆ روسیا لە کاتێکی هەستیاردا بوو بەهۆی ئەو ئاڵنگارییە جددییانەی لە ناوچەکەدا روودەدەن، سەردانەکەمان بۆ مۆسکۆ بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و روسیایە."
سودانی باسی لە دۆخی فەڵەستین کرد و وتی: بۆردومانی بێ جیاواز و وێرانکەر بۆ سەر فەڵەستین هەیە، داوای چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل دەکەین، دەمانەوێت گەلی فەڵەستین بە مافەکانی خۆی بگات، داواشی لە پوتن کرد لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کار بکەن "بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەر فەڵەستین".
له بهرامبهردا ڤلادیمێر پوتن باسی لە دۆخی فەڵەستین کرد و وتی: دامەزراندنی وڵاتی فەڵەستین کارێکی پێویستە، سەبارەت بە نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانی دیکە، ئاماژەی بەوەدا، کەرتی وزە مەیدانێکی ئومێدبەخش و کراوەیە بۆ هاوکاریی بەرهەمدارتر و کاریگەرتر.
PM:04:39:10/10/2023
ئهم بابهته 1520
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت