وەزیری ئاوی عێراق وەڵامی قسەکانی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق دەداتەوە

‌مەهدی رەشید ئەلحەمدانی و عەلی رەزا گونایی

وێستگەنیوز_

مەهدی رەشید ئەلحەمدانی وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق رایگەیاند، توركیا هەوڵدەدات كارتەكان لە پرسی مەلەفی ئاودا تێكەڵ بكات، ئەمەش وەك وەڵامێك بۆ لێدوانەكانی باڵیۆزی توركیا لە بەغدا.

عەلی رەزا گونایی باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا رایگەیاند، عێراق بەرپرسیارێتی ئەو وشکەساڵییەی لە ئەستۆدایە کە بەهۆی "بەفیڕۆدان" و "خراپ بەکارهێنانی". ئاوەوە وڵاتەکەی تووشی دەبێت، هەروەک رەتیکردەوە وڵاتەکەی ئاوەکەی بڕیبێت و گۆڕانکاری بەسەر رێڕەوی رووبارەکاندا هێنابێت.

ئەلحەمدانی لە وەڵامێکی توندئامێزدا بۆ لێدوانەکانی باڵیۆزی تورکیا رایگەیاند، "تورکیا پارێزەری عێراق نییە و دەبێت پشکی دادپەروەرانەی خۆی بەپێی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لە ئاو ببات، بەبێ ئەوەی دەستوەردان لە سیاسەتی ئاوی عێراقدا بکات".

ئەلحەمدانی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "قسەی باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا سەبارەت بە بەفیڕۆدانی ئاو نادروستن و کاریگەرییان لە سەر ڕای گشتی دەبێت و هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵگا لە عێراق دەکەن".

وه‌زیرەکەی عێراق داوای له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ كرد باڵیۆزی توركیا بانگهێشت بكات و یاداشتێكی ناڕه‌زایی پێشكه‌ش بكات به‌رامبه‌ر به‌ لێدوانه‌ دووباره‌كانی له‌و باره‌یه‌وه‌.

وتیشی، "توركیا هەمیشە مشتومڕ لەسەر پرسی بەفیڕۆدانی ئاو دەكات، ئەمەش وەک هەوڵێکی بۆ تێكەڵكردنی كارتەكان بۆ ئەوەی ماف بەخۆی بدات پشكی ئاوی عێراق كەم بكاتەوە و ئەمە ئەو دۆخەیە کە ئێستا دەگوزەرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌مباره‌كردنی ئاو له‌ به‌نداوه‌كانیان گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی زۆر باش"، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی باڵیۆزی توركیا رایگه‌یاندووە.


AM:11:55:13/07/2022


ئه‌م بابه‌ته 3376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت