وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی: حكومه‌تی هه‌رێم به‌ته‌نگ داوایه‌كی دیكه‌ی هاووڵاتییانه‌وه‌ ده‌چێت


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ڕایگه‌یاند، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ته‌نگ داوایه‌كی دیكه‌ی هاووڵاتییانه‌وه‌ ده‌چێت و ڕێكاره‌كانی مۆڵه‌تی دروستكردنی خانوو له‌سه‌ر زه‌ویی دابه‌ش دوو راده‌گه‌یه‌نێت.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2ی حوزه‌یرانی 2024وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بۆ سه‌رجه‌م به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان و سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانییه‌كانی شار و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستانی ناردووه‌ و تیایدا ئه‌و مه‌رجانه‌ خراونه‌ته‌ ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتییان له‌ مۆڵه‌تی دروستكردنی خانوو له‌سه‌ر زه‌ویی دابه‌ش دوو سوودمه‌ن بن.

به‌ گوێره‌ی بڕیاره‌كه‌ ئه‌و زه‌ویانه‌ی دابه‌ش دوو ده‌كرێن، نابێت له‌ 200 مه‌تر دووجا كه‌متر بن و پێویسته‌ ڕووكاری هه‌ر پارچه‌ زه‌وییه‌كیان له‌ پێنج مه‌تر كه‌متر نه‌بێت و ڕووبه‌ری هه‌ر زه‌وییه‌كیش دوای دابه‌شكردنی به‌لای كه‌مه‌وه‌ 100 مه‌تر كه‌متر نه‌بێت.

له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی هاووڵاتییان ئه‌م بڕیاره‌ ده‌رچووه‌، دوای ئه‌وه‌ی ده‌یان كۆبوونه‌وه‌ و گۆڕینه‌وه‌ی سه‌رنج له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ناو وه‌زاره‌ت و ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌ت كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ باشترین شێوه‌ بڕیار له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و خاوه‌ن زه‌وییانه‌ بدرێت و لایه‌نی ماسته‌رپلانی شاره‌كان و جه‌نجاڵیی گه‌ڕه‌كه‌كانیش ڕه‌چاو بكرێت.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی لێژنه‌كانییه‌وه‌ سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی داتای ته‌رخانكردنی زه‌وییه‌ به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا، له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌ڵێن و مژده‌یه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران به‌ ته‌واوی فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی دابوو.


PM:04:03:02/06/2024










ئه‌م بابه‌ته 1180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت