دیندار زێباری: لەمساڵدا 334 دۆسیەی گەندەڵی رەوانەی دادگاکان کراون و بڕیار دژی 77 فه‌رمانبه‌ر ده‌رچووه‌


وێستگه‌ نیوزـ

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌شداریی له‌ دووەمین کۆنفرانسی پلانی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ كرد كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، له‌ وتارێكیشدا كه‌ به‌ناوی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ پێشكه‌شیكرد، ناوبراو رایگه‌یاند كه‌ لەمساڵدا 334 دۆسیەی گەندەڵی رەوانەی دادگاکان کراون و بڕیاریش له‌ دژی 77 فه‌رمانبه‌ر ده‌رچووه‌.

له‌ وتاره‌كه‌یدا، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حكومه‌تی هه‌رێم تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ و  وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی رەوشی مافەکانی مرۆڤ و ئەو ماف و ئازادییانەی کە لە دەستووردا هاتووە. پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021-2025 بەشێکە لە میکانیزمێکی نیشتمانی بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان.

ئاشكراشیكرد: دوای ئەوەی  سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم لە مانگی ئەیلولی 2021 پلانەکەی پەسەند کرد، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تا ئێستا 5 ڕاپۆرتی لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکە ئامادە کردووە  و نزیکەی (60) وۆرک شۆپ و (40) کۆبوونەوە و سەردانی مەیدانی ئەنجامدا بۆ پێناسەکردنی پلانەکە و راپۆرتی کۆتاییش ئەو پێشکەوتنانە دەخاتە ڕوو کە لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لە ساڵی 2023 بەدەست هاتوون و ئاستی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ڕێژەی  (25%) زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی 2022. لەوانە دەرچوونی (22) یاسای پەیوەندیدار بەو پلانە و (27) ڕاپۆرت و (34) لێدوان و (93) بەیاننامە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاڵوگۆڕ کران.

سه‌باره‌ت به‌ ئازادیی بیروڕا و رادەربڕین، زێباری له‌ وتاره‌كه‌یدا باس له‌ ئاماده‌كردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ كرد بۆ ئاسانکاری کاری ڕۆژنامەوانی، وتیشی: مۆڵەت بە (144) کەناڵی تەلەفزیۆنی دراوه‌ لەوانە (36) کەناڵی مانگی دەستکرد و (108) کەناڵی ناوخۆیی و (155) رادیۆ. لە بواری پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان (8) کەیس لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا و سزا بەسەر (31) کەسدا سەپێندرا بە تۆمەتی توندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان.

لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیش وتی: حکومەتی ھەرێم ستراتیژی نیشتیمانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ساڵی 2021-2025ی پەسەند کرد، بۆ بەدیھێنانی حوکمڕانییەکی کاراتر و شەفافتر، لە ساڵی 2023دا (334) دۆسیە رەوانەی دادگاکان کران و بڕیاری دادوەری لە دژی (77) فەرمانبەری پلە کاری جیاواز دەرچووە  هەروەها پڕۆژەی (ئەژماری من)ی دەستپێکرد، بەم پێیەش سەرجەم فەرمانبەران لە کۆتایی ساڵی 2024دا هەژماری بانکییان دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی به‌ مافەکانی ئافرەتان  و رایگه‌یاند: سەرۆکی حکومەتی هەرێم رەزامەندی دەربڕیوە بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ داڵدەدانی ئەو ئافرەتانەی قوربانیی توندوتیژی بوون و لە شەڵتەرەکاندا دەژین، لەلایەکی دیکەوە ئافرەتان بەشدارییەکی کارایان لە دەسەڵاتی دادوەری و دەزگای داواکاری گشتیدا، لە بارەوە (65) دادوەر و (65) داواکاری گشتی و زیاتر لە (200) یاریدەدەری دادوەری و (500) لێکۆڵەری دادوەری ئافرەتن. لە ساڵی 2023دا (24) دادوەری ئافرەت دامەزراون.

له‌سه‌ر بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانیش وتی: ژمارەی ئەو کەسانەی بەکارهێنەران و بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان سزادراون گەیشتۆتە (2676) کەس.


PM:04:29:10/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 932 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت