موسەننا ئەمین: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێ دەکاتەوە

‌موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندەییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق

وێستگەنیوزـ

بەپێی ئاماژەی لایەنە جیاوازەکان بێت، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەم زووانە دەست پێ دەکاتەوە و ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقیش ئاماژە بەوە دەدات کە ماوەیەکە ئەمریکییەکان هەوڵێکیان خستوەتە گەڕ بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە و پێشبینییش دەکات لە چەند رۆژی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوتەکە لەڕێی بەندەری جەیهانەوە دەست پێ بکاتەوە.

موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندەییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی (بەغداد ئەلیەوم)ـی عێراقیی ڕاگەیاندووە کە ئەمریکییەکان دەستیان داوەتە هەوڵێک بۆ بەگەڕخستنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی بەندەری جەیهانی توورکییەوە.
ئەمین بە ئاژانسەکەی وتووە: "ماوەیەکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵێکی خستۆتە گەڕ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی بەندەری جەیهانی توورکییەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەموو لایەنە ناکۆکەکانی ئەم دۆسێیەدا هەیە و خۆشی زۆر بایەخ بە دۆسێکە دەدات".

ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە ئاژانسەکەشی وتووە: "بەپێی ئەو زانیاریی و پێدراوانەی هەن لە چەند رۆژی داهاتوودا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیی دەست پێدەکاتەوە، بەتایبەتییش دوای ئەوەی تورکیا رایگەیاند پرۆسەی نۆژەندکردنەوەی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت کۆتایی هاتووە، سەرباری ئەوەی ئەم پرسە لە لایەن بەغدا و هەولێر و واشنتنەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و بایەخێکی گەورەی پێ دەدرێت".


AM:11:46:24/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 1672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو