مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدا دەکەن

‌مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران. وێنە: ئەرشیڤ

وێستگه‌نیوزـ

سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه‌ 13ی ئه‌یلولی 2023، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: سبەینێ پێنجشەممە 14ی ئه‌یلولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک وەزیر سەردانی بەغدا دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئه‌یلولی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: "هەموومان هەوڵمان داوە (بۆ چارەسەرکردنی كێشەکە)؛ سەرۆکوەزیرانی خۆمان بە بەردەوام لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە. بەندە خۆم بە بەردەوام لەسەر هێڵم".

نێچیرڤان بارزانی وتیشی: "نابێت بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ بابەتێک بکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر پابەندییەک لەسەری بووە، لەم ماوەی پێش یاسای بودجە، هەمووی جێبەجێکردووە و بەو پەڕی شەفافییەتیشەوە لەگەڵ بەغدا هەڵسوکەوتی کردووە؛ ئێمە پێشبینی دەکەین بەغداش بەو شێوەیە هەڵسوکەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات".

بە وتەی نێچیرڤان بارزانی، "مەسەلەی مووچە بابەتێک نییە، لە بنەڕەتدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت؛ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، وەک بەشێک لە هاووڵاتییانی عێراق کە دەبێت حکومەتی فیدراڵ کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات چارەسەربکات. هەر بۆ ئەو مەبەستە ئێمە لەسەر هێڵین و، بەم نزیکانە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت، جێگرەکەی و وەزیری دارایی سەردانی بەغدا دەکەن. هیوادارین ئەم کێشەیە و کێشەکانی دیکەش بە لێكتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا چارەسەربکرێن".

ئەمە لە کاتێدایە کەناڵی ئاسمانی رووداو لە هەواڵێکی بەپەلەدا بڵاویکردەوە کە سبەینێ شاندە باڵاکەی هەرێم کە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانین سەردانی بەغدا دەکەن.


PM:12:35:13/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 3028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو