ڕۆژنامەی الصباح: وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیانی یەک ملیار دۆلاری مانگانە بە عێراق دەگەیەنێت


وێستگەنیوز-

ڕۆژنامەیەکی عێراقیی باسی زیانەکانی عێراق دەکات لە ئەنجامی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بە یەک ملیار دۆلاری مانگانەی دەخەمڵێنێت، لەپاڵ ئاماژەدان بە هۆکارەکانی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان.

ڕۆژنامەی الصباحی نیمچە فەرمیی، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا نووسیویەتی: "سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە چەند لایەنێکی هونەریی و کارگێڕیی هەناردەکردنەوەی نەوتەکەیان دواخستووە، بەتایبەتیی ئەوەی پەیوەندیی بەو هەژمارە داراییەوە هەیە کە داهاتی نەوتە هەناردەکراوەکەی تێدا دادەنرێت، لەگەڵ خاوەندارێتیی بۆرییەکانی نەوت لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئەوە لەپاڵ هەوڵی ئەنقەرە بۆ کەمکردنەوەی بڕی ئەو سزا دارایییەی دادگای پاریس لە بەرژەوەندیی عێراق بڕیاری لێ داوە".

کامەران مەحموود؛ پسپۆڕی بواری وزە بە ڕۆژنامەکەی وتووە: "حکوومەتی هەرێم بەشێکی هەرە گەورەی پیشەسازیی نەوتی داوەتە دەست وەبەرهێنە ناوخۆیی و بیانییەکان، هەربۆیە پرسی سەرمایەگوزاریی لە بۆرییەکانی نەوت لەسەر خاکی هەرێم موڵکی کۆمپانیا بیانیی و ناوخۆییەکانە".

ئەو پسپۆڕە لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتووشیەتی: "لەم ڕووەوە ساڵانێکی زۆر هیچ کێشەیەک لەئارادا نەبوو و ئەم شێوازە بەشێک بوو لە پرۆسەی نەوتی هەرێم و کەرکووک کە لەم بۆرییانەوە بۆ بەندەری جەیهان هەناردە دەکرا، بەڵام لەژێر ڕۆشنایی پێدراوە نوێیەکاندا دەبێت گرێبەستی نوێ لەنێوان کۆمپانیاکاندا واژۆ بکرێتەوە".

نەبیل ئەلەمەرسوومی، ئابوورییناس، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە: "وەستانی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان و کەرکووکەوە مانای ئەوەیە عێراق مانگانە یەک ملیار دۆلار زیانی پێ دەگات". وتیشی کە نەوتی هەناردەکراو نیو ملیۆن بەرمیلە و ٠.٥%ی هەموو بەرهەمی نەوتی جیهانیی پێک دەهێنێت.

هۆشدارییشی دا کە: "وەستانی هەناردەکردن دەبێتە هۆی زیانی 25 ملیۆن دۆلاری ڕۆژانە، چونکە 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی کوردستان دەچێتە چوارچێوەی داهاتەکانی نەوت لە بودجەدا سەرباری 100 هەزار بەرمیلی کەرکووک".


PM:01:35:19/04/2023


ئه‌م بابه‌ته 1060 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت