لەسەر داوای فراکسیۆنی نەوەی نوێ عێراق نۆژەنکردنەوەی رێگای نێوان دوز- کفری خستە بەرنامەی کارەوە
سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ
وێستگهنیوزـ
لەسەر داوای سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ حکومەتی عێراق نۆژەنکردنەوەی رێگای نێوان دوز- کفری خستە بەرنامەی کارەوە.
حکومەتی عێراق رایگەیاند، لەسەر داوای سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بڕیاردرا نۆژەنکردنەوەی رێگای نێوان دوز – کفری بخرێتە ناو بەرنامەی کارەوە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق لە رێکەوتی 27ی تشرینی دووهمی 2022، نوسراوێکی بڵاوکردەوە کە واژۆی یەڵماز شەهباز عەباس، بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوەی لەسەرە و ئاڕاستەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق کراوە.
بەگوێرەی نوسراوەکە کە فەرمانگەی بەشی بەدواداچوونی ناوەندی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەریکردووە، وەڵامی فراکسیۆنی نەوەی نوێی لە پەرلەمانی عێراق داوەتەوە و تیایدا هاتووە، نوسراوەکەتان بەژمارە 56 لە رێکەوتی 15ی حوزهیرانی 2022، تایبەت بە نۆژەنکردنەوەی رێگای نێوان کفری – دوز پێتان رادەگەیەنین کە:
1- فەرمانگەی رێگاکان و پردەکان، کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، روپێوییەکی پێویست و دیزانێکی ورد دادەنێت بە ئامانجی کردنەوەی رێگای دووەم و تەواوکردنی تەواوی پێداویستییەکان و خستنە ناوکارنامە و پلانی داهاتووی فەرمانگەکە.
2- هەرچی ئەوبەشەی پەیوەندی بە نۆژەنکردنەوەی رێگای ئێستا هەیە و لە دوو بەش پێکدێت لە چوارچێوەی هەردوو پارێزگای دیالە و سەڵاحەدین، ئەوا:
1- ئەو بەشەی رێگاکە کە چاکراوەتەوە، لەلایەن سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیان لێکەوتووەکانەوە نۆژەنکراوەتە.
ب- ئەو بەشەشی دەکەوێتە چوارچیوەی بەرپرسیارێتی بەڕێوەبەرایەتی رێگا و پردەکان لە پارێزگای سەڵاحەدین خراوەتە ناو کارنامەی سندوقی ئاوەدانکردنەوەوە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان، بەڵام تا ئێستا ئامادەکارییەکان تەواونەکراون.
دەشڵێت، ئەو گرێبەستەی بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگاکە دانراوە واژۆکراوە بە گوێرەی بڕیاری ژمارە 347، ئەو بەشەی دیکەش کە ماوەتەوە دەخرێتە ناو کارنامەی پڕۆژەکانی پارێزگای سەڵاحەدین.
ئەمە لەکاتێکدایە، سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 15ی حوزهیرانی 2022، نوسراوێکی ئاراستەی نووسینگەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانکرد و تیایدا داوای کردووە، بەهۆی ئەوەی رێگای کفری – دوز بەهۆی خراپبوونییەوە بووەتە مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان، رێگاکە لە ئێستادا پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
PM:02:19:20/11/2022
ئهم بابهته 1324
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت