جەمیل هەورامی: جارێکی تر هاوسەرۆکانی یەکێتی ناتوانن پێکەوە لەناو هیچ ئۆرگانێکی حیزبی دا کاربکەن

‌جەمیل هەورامی سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی

وێستگە نیوز- 

سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان کە سەرکردەیەکی دێرینی یەکێتی یە ڕایدەگەیەنێت، هەرکەسێک دەستی لە ژەهر خواردکردنی بەرپرسانی یەکێتی دا هەبێت، دەدرێتە دادگا، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە جارێکی تر هاوسەرۆکانی یەکێتی ناتوانن پێکەوە لەناو هیچ ئۆرگانێکی حیزبی دا کاربکەن.

جەمیل هەورامی سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "وەکو پێشمەرگە دێرینەکان هەوڵماندا دۆخی یەکێتی نەگاتە ئێستا، بەڵام پێماننەکرا، ئێستا میدیا کێشەکان گەورە دەکەن، ئەگینا تەنها کاک بافڵ و مەلا بەختیار باس لە ژەهر خواردکردنیان دەکەن، کەچی باسی ژەهر خواردکردنی سەدان کەس کراوە، شێخ جەعفەر و حاکم قادر و مامۆستا جەلال بۆ گەشت چوونەتە تورکیا، کەچی لێرە بەشێوەی تر لێکدانەوە بۆ ڕۆیشتنەکەیان کراوە."

باسیلەوەشکردووە، "ڕاستە وەزعی ناو یەکێتی ناخۆشە، بەڵام لەمەودوا هەوڵی یەکڕیزی دەدەین، تا ئاشتی کۆمەڵایەتی تێکنەچێت و خەڵک لەدڵەڕاوکێ ڕزگاری ببێت."

سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی ئەوەشیخستەڕوو، "هەرشتێک دادگا بڕیاری لەسەردا، قەناعەتم پێیەتی، نەک بۆ مەلا بەختیار کە پێشمەرگەی ساڵی 76 ە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە، تەنانەت گەر هاوڵاتیەکیش ژەهر خوارد بکرێت پێمناخۆشە، دادگا ئیدانەی هەر تۆمەتبارێک بکات، لای خۆمەوە ڕسوای دەکەم، کاک مەلا بەختیار قسەیکرد و بەڵگەی خستەڕوو، دەمێنێتەوە سەر بڕیاری یەکێتی و بڕیاری دادگا."

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ''ڕوونیکردەوە حیزبەکەی لەڕووی یاساییەوە ناتوانێت بڕیاربدات بۆ سزادانی هیچ تۆمەتبارێک، بەڵام دەتوانێت سکاڵا تۆماربکات لەسەر ئەو کەسەی کاک مەلا بەختیار گومانی لێیەتی.''

جەمیل هەورامی پێیوایە، جارێکی تر بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی ناتوانن لەهیچ ئۆرگانێکی حیزبی و غەیرە حیزبی دا پێکەوە کاربکەن، وتی"ئەو تۆمەتانەی باسدەکرێت، هی پێکەوە دانیشتن نیە، منیش لەگەڵ برادەرێکم دانانیشم، گەر گومانم لێی هەبێت."


PM:08:33:14/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 2964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو