میدیای ئێران: ئەو کەسەی کێشەی لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز دروستکردبوو، ناسراوەتەوە


وێستگه‌ نیوز-
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران بە میدیای ناوخۆی وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئەو کەسەیان ناسیوەتەوە بە دروستکردنی کێشە لە سیستەمی کارەبا، بووەتە هۆی تەقینەوە لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز.
 
دوو رۆژ لەمەوبەر لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز تەقینەوەیەک روویدا و چەند ئامێرێکی سەنتەرفیوجی جۆری ئای ئاڕ 1 لە کارکەوتن، ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی وەزارەتی هەواڵگریی ئیتڵاعاتی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست دەکەن بۆ دەستگیرکردنی کەسەکە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو سەرچاوە ئاماژەی بەوەكرد، گرووپێکی تەکنیکی لە هۆکار و شێوازی کێشەکە دەکۆڵنەوە و هەوڵ دەدەن زیانەکان چارەسەر بکەن.
 
هەر ئەمڕۆ محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دانیشتنێكی تایبەتدا لەگەڵ لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران ئیسرائیلی تۆمەتبار کردووە و گوتوویەتی: "ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت تۆڵەی خۆیان بکەنەوە بەهۆی سەرکەوتنی گفتوگۆکانی هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان".
 
نەتەنز ناوەندێکی گرنگی پیتاندنی یۆرانیۆمە لە ئێران کە 320 کیلۆمەتر لە باشووری تارانەوە دوورە و بەشێکی لەژێر زەویدایە، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە دوای هێرشەکە دەڵێت: لە پێشتر بەهێزتر دروستی دەکەن و ئامێری نوێی سەنتەرفیوجی بۆ دەهێنن.
 
لەلایەکی دیکەوە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئێوارەخوانێک لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەکانی وڵاتەکەی هێرشی کردە سەر ئێران، وتی، "شەڕی ئێران و گرووپە چەکدارییەکانی سەربە ئێران و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئەركێکی گەورەیە".
 
هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشكرد: "زۆر ئەستەمە بتوانین قسە لەسەر ئەو سەرکەوتنانە بکەین کە لە ئیسرائیل بەدەستمان هێناون. جاران هێندە بێ دەسەڵات بووین وێنەی نەبوو؛ ئێستاش بووینەتە زلهێزێکی جیهان."
 
ئەم وتانەی نەتەنیاهوو هاوکاتبوو لەگەڵ هێرشێکی دیکە بۆ سەر بنکەی ئەتۆمی نەتەنز کە نیویۆرک تایمز دەڵێت زیانی بە سیستەمی ناوخۆیی بنکەکە گەیاندووە کە وزە دەداتە ئامیرەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەهۆیەوە لانی کەم پرۆسەی پیتاندنیۆ یۆرانیۆم 9 مانگ دوادەخات.
 
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: ئیسرائیل چەندین جار هەڕەشەیان کردووە، ئەو ئامێرانە هەموویان جۆری ئای ئاڕ 1 بوون، دەبێت بزانن کە هەموو ئامێرەکان دەگۆڕدرێن، ئامێری پێشکەوتووتر دادەنێن.
 
هەروەها لەبارەی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی ڤییەننا کە لەنێوان ئێران و وڵاتانی 4+1 بوو، سەعید خەتیبزادە دەڵێت: پێشتریش گوتوومە کە ئەو گفتوگۆیانەی لە ڤییەننا دەکرێن لەبارەی چەکی ئەتۆمی نین، تەنیا باس لە هەڵگرتنی سزاکان دەکرێت.


PM:02:12:12/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 2468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت