یەکێتی ئەوروپا هەڕەشەی راگرتنی پێدانی ڤیزا بە 13 وڵات دەکات


وێستگه‌ نیوز-
بەهۆی هەماهەنگی نەکردن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و رەتکردنەوەی وەرگرتنەوەی ئەو پەنابەرانەی لە ئەوروپا داواکانیان رەتدەکرێتەوە، بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا هەڕەشەی راگرتنی یەکجاریی پێدانی ڤیزا بە چەند وڵاتێک دەکەن.

رۆژنامەی دی وێڵت ئاشکرایکردووە، کۆمیسیۆنی ئەوروپا رەشنووسی لیستێکی ئامادەکردووە تاوەکو پێدانی ڤیزا بە چەند وڵاتێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا قەدەغە بکات.

ئەگەرچی کۆمیسیۆن ناوی وڵاتەکانی هێشتا رانەگەیاندووە، بەڵام رۆژنامەکە لای خۆیەوە لە رێگای چەند سەرچاوەیەکەوە، ناوی 13 وڵاتی بڵاوکردووەتەوە، ئەوانیش: عێراق، ئێران، سووریا، لیبیا، سەنیگال، سۆماڵ، مالی، کامیرۆن، میسر، ئیسۆپیا، کۆنگۆ، ئێریتریا و گینیا بیاسو.

شوباتی ئەمساڵ، یلڤا جۆناسۆن، کۆمیسیۆنەری کاروباری ناوخۆی ئەوروپا بڵاویکردەوە، لەگەڵ 39 وڵات هەماهەنگییان کردووە تاوەکو رێکاری نوێ بەرامبەر بە ئەو پەنابەرانە بگرنە بەر کە داوای پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە.

یەکێکیش لە ئەگەرەکان، راگرتنی پێدانی ڤیزایە بەو وڵاتانەی هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا ناکەن.

ئەگەر بڕیارەکە ببێتە فەرمی، هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی، ناتوانن داوا بۆ وەرگرتنی ڤیزای شنگن پێشکەش بکەن و بچنە ئەوروپا.


PM:02:01:29/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 5248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت