د.فازڵ نەبی: ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا زەحمەتە


وێستگه‌ نیوز-
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی عیراقی فیدراڵ رایده‌گه‌یه‌نێت، مەسەلەی رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا ڕێککەوتنێکی کۆتایی نەبوو، بەڵام هەندێک برادەر والێکیان دابوویەوە چونکە شیعەکان بەڕاستی ئەو وەرەقەی پێشکەشیان کرد لەلای ئەوان وەرەقەیەکی تەواوکراو بوو لەوانەیە یەک دوو خاڵیان باس نەکردبێت، ئەو ڕۆژە باسیانکرد بەڵام لەبنەڕەتدا وەرەقەی ئەوان وەرەقەیەکی تەواوبوو.

پڕۆفیسۆر د.فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی عیراقی فیدراڵ کەهاوکات پڕۆفیسۆرە و هەڵگری بڕوانامەی ئابورییە لەزانستی ئابوری بەشی ژمێریاری لەم وتووێژەدا باس لەڕێککەوتنی نێوان حکومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان وە لێکەوتە ئابورییەکان و چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات."

"مەرجەکەی بەغداد .....ڕێککەوتنێکی کۆتایی نەبوو"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق وتی" مەسەلەی ئەو ڕێککەوتنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی نەبوو بەڵام هەندێک برادەر والێکیان دابوویەوە چونکە شیعەکان بەڕاستی ئەو وەرەقەی پێشکەشیان کرد لەلای ئەوان وەرەقەیەکی تەواوکراو بوو لەوانەیە یەک دوو خاڵیان باس نەکردبێت، ئەو ڕۆژە باسیانکرد بەڵام لەبنەڕەتدا وەرەقەی ئەوان وەرەقەیەکی تەواوبوو لەسەر ئەوە بوو کە 460 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت هەرێمی کوردستان ڕادەستی بکات نەک 250 هەزار بەرمیل بەڵام بەمەرج واتە کەباسی 460 هەزار بەرمیل نەوتیان کرد بابەتەکە بابڵێین کۆمەڵێک خاڵی تری تێدابوو لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بوو ئەویش بەوەی لەو 460 هەزار بەرمیلە بەشێکی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بڕوات و بەشێکیشی بۆ دەستحەقی کۆمپانیاکان بڕوات و هەتا دوایی بەنزیکەیی ئەوەی کەهەر دەمایەوە 250 هەزارەکەبوو زیاتر نەبوو بەڵام ئەو خاڵەی تر کەئەوان ئەوکات باسیان نەکردبوو، ئەو ڕۆژە باسیان لێوە کرد بەڵام لەخودی پێشنیارەکە هەبووە ئەویش ئەوەبوو کەدەبێت حکومەتی عێراقی هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت مانگانە هەتا ئەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان پابەندبوونەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ دەکات واتە دەبێت هەتا سەری مانگ چاوەڕێ بکەن، هەموو مانگێک حکومەتی عێراق، وەزارەتی دارایی چاوەڕێ بکات هەتا سەری مانگ، سەری مانگ ئینجا وەزارەتی دارایی هەماهەنگی بکات لەگەڵ سۆمۆ بۆئەوەی کە بزانن بەکردار هەرێمی کوردستان چەندی ڕادەستکردووە بەگوێرەی ئەو ڕادەستکردنە پارە بۆ هەرێمی کوردستان دێت."

"لەزیانی هەرێم نیە... مەسەلەکە نەبوونی متمانەیە"

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەو خاڵە لەزیانی هەرێمی کوردستان نیە لەڕێککەوتنەکە کەدەڵێت" دەبێت حکومەتی عێراقی هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت مانگانە هەتا ئەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان پابەندبوونەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ دەکات واتە دەبێت هەتا سەری مانگ چاوەڕێ بکەن"؟

لەوەڵامدا د.فازڵ نەبی وتی" نەخێر ئەوە لەزیانی هەرێمی کوردستان نییە بەڵام مەسەلەکە نەبوونی متمانەیە بۆیە ئەوان ئەو هەنگاوەیان هاویشتووە بەبۆچوونی من خاڵێکی زۆر زەحمەت نییە کەنەتوانرێت ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت بەڵام کۆی ڕێککەوتنەکە تۆزێک خاڵی "مُبهَم"-ئاڵۆز و ناڕوونی تێدایە لەبەرئەوەی زۆر لەشتەکان دیاری نەکراوە دەکرێت لەداهاتوودا کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات، هەرێمی کوردستان لەبەر ئەو ترسە لەوانەیە ڕێککەوتنی لەسەر ئەو خاڵانە نەکردووە لەکۆی گشتی ڕێککەوتنەکە "ئینشائەڵا" من پێشبینی دەکەم هەفتەیەک لەبەردەستدایە کەوەفدی هەرێمی کوردستان گەڕانەوە دەکرێت لەو ماوەیەی هەفتەیەدا لەنێوان خۆیاندا گفتوگۆی بابەتەکە بکەن و کۆمەڵێک خاڵی باشتر گەڵاڵە بکەن بۆئەوەی کەگەڕانەوە بەغداد بگەنە ڕێککەوتنێکی باش."

" کوتلە شیعەکان دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە "

بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەربارەی قسەی هەندێک لەلایەنە عێراقیەکان لەسەر ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغداد کەهەندێکیان ڕەخنەی لێدەگرن دەڵێت" بەڕاستی هەردوو لایەنی ڕاستی و بیانووی تێدایە، لایەنی یەکەم بیانووە دەبێت ئەو ڕاستیە بزانیین ئەوان ئیستغلالی بارودۆخی هەرێمی کوردستانیان کردووە بەداخەوە لەهەرێمی کوردستان حیزبەسیاسیەکان یەک دەست نیین، یەک دەنگ نیین، ڕاستە لەبەغداد یەک دەنگن کوتلەکان بەڵام لەناو هەرێمی کوردستان تۆزێک گرفتمان هەیە دەبێت ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت خۆشبەختانە لەهەواڵەکان گوێم لێ بوو کەکاک نێچیرڤان وەکو سەرۆکی هەرێم داوایکردووە پاش نەورۆز هەموو حیزبە کوردستانییەکان کۆببنەوە لەسەرۆکایەتی هەرێم بۆئەوەی کەیەکگرتووبن لەهەموو هەڵوێستەکانیان نەک تەنها لەهەندێک هەڵوێست کەبۆ پێویستی بڵێن پشتیوانی یەکتر بکەن بەڵکو لەهەموو هەڵوێستەکان یەکگرتووبن بەبۆچونی من ئەگەر ئەوە بکەن ئەوە خاڵێکی باش دەبێت بۆئەوەی کەهەفتەی داهاتوو وەفدی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بەغداد بتوانێت لەهەڵوێستی بەهێزەوە قسە لەگەڵ کوتلە شیعەکان بکات."

فازڵ نەبی ئەوەشی وت" کوتلە شیعەکان دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە ئەو بابەتە لایەنی سیاسی زۆر تێدایە ڕاستە لایەنی ئابوریشی تێدایە بەڵام لایەنە سیاسیەکە سەرکەوتووە بەسەر لایەنە ئابورییەکە."

" زۆربەی کوتلە شیعەکان لەبنەڕەتدا حەز ناکەن ئەمساڵ بودجە پەسەند بکرێت "

د.فازڵ نەبی ئاماژەی بەهۆکاری سەرنەگرتنی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغداد کرد و دەڵێت" هەردوو هۆکار هەبوو، یەکەم ئەوان ئەگەر لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەگەیشتنە ئەنجامێک هەندێکیان خۆیان دەیانەوێت ئەوە بکەنە بەڵگە کەهەرێمی کوردستان نەهاتۆتە ژێرباری ڕێککەوتنەکە بۆیە دەڵێن ئێمە دوامانخستووە بۆ هەفتەیەکی تر کەلەڕاستیدا لەنێوان خۆشیاندا ناکۆکن واتە لەسەر کۆمەڵێک خاڵ لەنێوان خۆیان ناکۆکن، بەڕاستی بڵێین خاڵە سەرەکیەکە ئەوەیە زۆربەی کوتلە شیعەکان لەبنەڕەتدا حەز ناکەن ئەمساڵ بودجە پەسەند بکرێت چونکە لەبودجە لایەنی وەبەرهێنانیش هەیە، لایەنی وەبەرهێنان بڕێکی باشی بۆ دانراوە نایانەوێت ئەو بڕە بکەوێتە ژێردەستی حکومەتی کازمی، وە کۆمەڵێک پڕۆژە لەعێراق دەست پێبکات، ئەو پرۆژانە بابڵێین ببنە شتێکی باش و وەک خاڵی ئیجابی بۆ کازمی وەکو سەرۆک وەزیران بۆ هەڵبژاردن بەکاری بهێنێت و بتوانێت دەنگێکی زۆر بهێنێت بۆیە زۆر لەلایەنە شیعەکان ئەو ترسەیان هەیە لەبنەڕەتدا حەز ناکەن بودجە پەسەند بکرێت بۆئەوەی تەنها مووچە بدرێت و مەسروفاتی تەشغیلی بکرێت تەنها لەو لایەنە."

د.فازڵ نەبی وتیشی" خاڵی دووەمیش خاڵی ناکۆکییە لەنێوان دوو کوتلە سەرەکیەکەیە کە (سائیرون و فەتح) ن، فەتح لەگەڵ ئەوەیە کەدەبێت نرخی دیناری عێراقی بگۆڕدرێت وە داوا دەکات دەڵێت ئەگەر هاتوو نەیگۆڕێت ئێمە دەنگ نادەین و نایەینە ناو هۆڵی هۆڵی پەرلەمان دەنگ بە بودجەکە نادەین، بێگومان فەتح زۆرن کۆمەڵێک کوتلەن لەناو کوتلەی فەتحدان لەهەمان کاتدا سائیرون بەپێچەوانەی ئەوان دەڵێت نەخێر ئەگەر دەست لەسەر نرخی دینار بدرێت ئێمە دەنگ نادەین بەبودجە، واتە دوو کوتلە گەورەکەی شیعە دژی یەکترین لەسەر ئەو بارودۆخە بابەتەکەش لەبنەڕەتدا پەیوەندیدار نییە بەپەرلەمانەوە بەڵکو پەیوەندیدارە بەبانکی ناوەندی، پەرلەمان ناتوانێت دەست لەمەسەلەی نرخی دیناری عێراقی بدات بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەوە بیانویەکە بەیەکتری دەفرۆشن ئەوەش خاڵێکی ترە کە ئێستا ناکۆکی خستۆتە ناو کوتلە شیعەکان."

"چارەسەری ناوەند "

ئەی چارەسەری ناوەند چیە لەئێستادا؟ لەوەڵامدا فازڵ نەبی وتی" چارەسەری ناوەند ئەوەیە کە 460 هەزار بەرمیل نەوتەکە کێشە نییە بەڵام بەمەرجێک ئەو خاڵانەی لەناو ڕێککەوتنەکە هاتووە جێبەجێ بکرێن بەوەی کەبڕێک دابنرێت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، بڕێکی تر دابنرێت بۆ دەستحەقی کۆمپانیا بیانییەکان بڕێک دابنرێت بۆدانەوەی ئەو قەرزانەی کە لەسەر هەرێمی کوردستانن ئەگەر هاتوو بەو ئاراستەیە بڕۆن بەڵێ ڕێککەوتنەکە "ئینشائەڵا" دەکرێت، وە مەسەلەی پابەندبوون و پابەندنەبوون زۆر زەحمەت نییە بەڵام زەحمەتەکە لەوەیە کەوەفدی هەرێمی کوردستان بتوانێت ئەو خاڵانەی کەباسم کرد جێی بکاتەوە بەشێوەیەکی ڕوونتر ڕاستە بەشێوەی ئینشائی نوسراوە بەڵام بەشێوەیەکی ڕوونتر و وردتر بڕی بۆ دیاری بکرێت."

بەبڕوای تۆ هەرێم و بەغداد دەگەنە ڕێککەوتن دواجار؟ وەڵامەکەی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بەمجۆرە بوو" ڕێککەوتن زەحمەتە بەڵام هیچ شتێکیش نییە لەدنیادا کەنەبێت بائێمە گەشبین بین بەڵام ئیشەکە ئیشێکی زەحمەتە و بەڕاستی ئاسان نییە، بۆیە بەبۆچوونی من ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد زەحمەتە بەڵام موستەحیلیش نییە."

"چۆن متمانە دەگەڕێتەوە نێوان هەرێم و بەغداد؟"

د.فازڵ نەبی وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە ئایا متمانە دەگەڕێتەوە نێوانی هەرێم و بەغداد؟ لەوەڵامدا بریکارەکەی پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت" دەبێت ئەگەر هاتوو ڕێکەوتنەکە کرا بەشێوەیەکی ورد هەردوولا نەک تەنها هەرێمی کوردستان بەهەموو بەندەکانی ڕێککەوتنەکە پابەندبن چونکە ئەو ڕێکەوتنێکی گشتگیرە ئەگەر هاتوو لایەنێک پابەند نەبوو بەتەواوەتی ڕێککەوتنەکە تێکدەچێت بۆیە ئەگەر ئەمجارە هەردووکیان بتوانن لەیاسای بودجە ڕێککەوتنێک بکەن و لەماوەی ئەو ساڵە پابەندبن بەتەواوەتی بەو ڕێکەوتنە بەرای من مەسەلەی متمانە دەگەڕێتەوە لەنێوان هەردوولا ئیشەکە ئاسانتر دەبێت بۆ ساڵانی داهاتوو."

د.فازڵ نەبی جەخت لەوەشکردەوە" ئەگەر ڕێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغداد بکرێت بەدڵنیاییەوە هەرێم جێبەجێی دەکات، وە هەردوولا پابەند دەبن پێوەی چونکە ئێمە نابێت لایەنی سلبی باس بکەین ئێمە بائیجابی بین بەڵکو ئینشائەڵا ڕێککەوتنەکە ببێت و هەردوولا پابەند دەبن پێی ئەو کاتە لەکاتی جێبەجێکردن دیار دەبێت کەکێ پابەند دەبێت و کێ پابەند نابێت بەڵام بائێمە پێش ڕووداو نەکەوین و هەمیشە سلبی نەبین لەبۆچوونەکانمان بائیجابی بین، ئومێدمان زۆرە کەهەردوولا "ئیشائەڵا" بگەنە ڕێککەوتن و پابەند بن پێوەی."

"چۆن هەرێمی کوردستان دەتوانێت بێ بەغداد مانگانە مووچە بەتەواوەتی دابەش بکات؟"

د.فازڵ نەبی دەشڵێت" هەرێمی کوردستان ئەگەر لەگەڵ بەغداد نەگەیشتە ڕێککەوتن هەموو کەس باسی چاکسازی دەکات دەبێت چاکسازییەکی تەواو لەهەموو بوارەکان بکات وە ئەگەر نرخی نەوتیش بەوشێوەیە بەرز بێت بەبۆچونی من ئەگەر لە 65 دۆلار نەیەتە خوار وە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی هەموو چاکسازییەکانی کەپێویستە بیکات بەبۆچوونی من ئەوکاتە بەتەواوەتی دەتوانێت پشت ببەستێت بەداهاتەکانی خۆی ومووچەی خەڵک بدات و کۆمەڵێک پرۆژەش لەهەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات."

فازڵ نەبی زیاتر ڕوونیکردەوە" بەڵێ هەرێمی کوردستان بەبێ لێبڕین دەتوانێت مووچەی خەڵک بدات بەدوو مەرج ئەگەر هاتوو ئەو چاکسازیانەی کە باسی دەکەن بەتەواوەتی جێبەجێیان بکات و نرخی نەوتیش لە 65 دۆلار نەیەتە خوارە."


AM:10:46:23/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 6712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو