رۆبۆتی سێکس .. بژاردەیەکی دیکە یان قوڵبوونەوە لە تەماشاکردنی جەستە وەك کاڵا؟


وێستگەنیوز- هەنگ - سەرهەنگ حارس
بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ یەکەم "رۆبۆتی سێکسی راستەقینە" کە توانای وەڵامدانەوە و کارلێکی هەیە لەرێگەی "هۆشیاری دەستکرد"ەوە بکەوێتە بازاڕەوە، بە نرخی ٦ بۆ ١٥ هەزار دۆلاری ئەمەریکی بەپێی جۆرەکەی. بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای "رۆبۆتیکس" و گەشەی بازاڕی کاڵا و تەکنەلۆجیای سێکسی بۆتەهۆی دروستکردنی گفتۆگۆیەکی چڕ لەسەر رەهەندە جیاوازەکانی ئەم پێشکەوتنە.

کورتکردنەوەی سەرجەم رەهەندەکانی بوکەڵەی سێکس و رۆبۆتی سێکس ئاسان نیە لە نوسینێکی ئاوهادا، بەڵام لێرەدا چەند دیوێکی ئەو پێشکەوتنە دەخەمەڕوو و هیوادارم ئێوەش ئەم گفتووگۆیە بە سەرنجەکانتان دەوڵەمەندتر بکەن.
بەگشتی دوو دیدگای دژ بەیەك لەسەر گەشە و پێشکەوتنی رۆبۆتی سێکس لەئارادایە: یەکەمیان، ئەوانەی بەرگری لە رۆبۆتی سێکس دەکەن لەبەرئەوەی یارمەتی کەسانی تەنها و پێویست دەدات لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشیاییە سێکسی و دەرونیەی لە ژیانیاندا هەیە. دووەم، ئەوانەی دژی دەوستنەوە لەبەرئەوەی رۆبۆتی سێکس برەو بە 'بەکاڵاکردنی' ژن و منداڵ دەدات و دەبێتەهۆی بڵاوبونەوەی نایەکسانی و توندتوتیژی لە کۆمەڵدا.

لەنێوان ئەم دوو بەرەیەشدا، چەندین را و دیدگای جیاواز هەیە لەسەر سنور و پێناسە و جۆری پەیوەندی مرۆڤ و رۆبۆت بەگشتی و مرۆڤ و رۆبۆتی سێکس بەتایبەتی.

بوکەڵەی سێکسی سلیکۆن'ی مرۆڤئاسا ئەو بوکەڵانەن لە سلیکۆن دروست دەکرێن و هەندێکجاریش کڕیار دەتوانێت داواکاری تایبەتی هەبێت وەك دیاریکردنی رەنگی پێست و نینۆك و جۆری مەمک و قژ و هتد. هەندێک جۆری ئەم بوكەڵانە 'ئێسکی' پتەویان هەیە بۆ ئاسانی چەمانەوەی پەلەکان. ماددەی سلیکۆنیش بۆ بەشی دەرەوەیان بەکاردێت کە نزیکە لەشی مرۆڤەوە و زیاتر بەرگە دەگرێت و پاکوخاوێنە و ماددەی ژەهراوی تێدانیە، بۆیە زۆربەی بوکەڵەی سێکسی لەمجۆرە، هەروەها ئامێر و کەلوپەلی دیکەی سێکسی وەك کێری لاستیکی و 'لەرزۆکە' لە سلیکۆن دروست دەکرێن. دیارە، سلیکۆن لە نەشتەرگەری جوانکاریشدا، وەك جوانکاری مەمك بۆ مەبەستی پزیشکی یان جوانیی، لەبەر هەمان ئەو خاسیەتانە بەکاردێت.

کەلوپەلی یاریدەدەری سێکس لە بوكەڵەی سێکسیەوە بۆ ئامێرێکی بچوك لە چەندین وڵاتی جیهاندا هەم لە دووکانەکان و هەم لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەستدەکەون. بازاڕی تەکنەلۆجیای سێکسی بە زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلار لە قەڵەم دەدرێت و لە گەشەکردنێکی خێراشدایە. 
هەرچەندە، کەلوپەلی سێکس و بوکەڵەی سێکسی بۆتە جێگەی مشتومڕ، بەتایبەت لەکاتێکدا هەندێک کەس ئەم بوکەڵانەیان کردۆتە بەشێك لە ژیانیان و پێیانوایە جگە لە تێربوونی سێکسی، لە رووی سایکۆلۆجی و کۆمەڵایەتیشەوە سودیان لێ وەرگرتوون، هیچ شتێك هێندەی رۆبۆتی سێکس یان "سێکسبۆت" نەبۆتە جێگەی مشتومڕ.

لەلایەك پێشکەوتنی خێرای "رۆبۆتیکس" و "هۆشیاری دەستکرد" لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و لەلایەکی دیکەشەوە مەسەلەی جیاکاری رەگەزی و جێندەری و زیادبوونی بازرگانی بە مرۆڤ و منداڵ و بڵاوبوونەوەی دیدگای 'فیلمی رووت' بۆ سێکس بەرامبەر بە ژن و منداڵ و بەرزبوونەوەی هۆشیاری فێمینیستی بۆتەهۆی دروستکردنی پێکدادان و گفتووگۆیەکی توند لەسەر ئایندەی سێکسبۆت.

رۆکسی، یەکەم رۆبۆتی سێکس

"رۆکسی" ناوی یەکێکە لە یەکەم رۆبۆتی سێکس یان سێکسبۆت و بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا بکەوێت بازاڕەوە. رۆکسی خاوەن کەسایەتی جیاوازە و بەپێی پرسیار و داواکانی خاوەنەکەی، وەڵامی جیاوازی هەیە.
بێگومان رۆکسی ژنە.

ئەمەش یەکەم تێبینیە کە دەبێت لەسەر ئەم کەرتە بوترێت. زۆربەی زۆری بوکەڵە و رۆبۆتە سێکسەکان ژنن. هەرچەندە، ئەمە هەمیشە جێگەی رەخنە بووە لەبەرئەوەی تەماشاکردنی لەشی ژن وەك کاڵا یەکێکە لە کێشە ئاڵۆز و مەترسیدارەکان، ئەوەی کێشەکە ئاڵۆزتر دەکات ئەوەیە تەشەنەکردنی جەستەیەکی کورتکراوە بۆ سێکس کە توانای تێرکردنی ئارەزووەکانی پیاوی هەیە، توانای قسەکردنی هەیە بەشێوەیەکی سەد دەر سەد ژێردەست بۆ تێرکردنی تەنانەت ئه‌و ئارەزووانەش کە لە کۆمەڵدا رێگەپێدراو نین، لەجیاتی بەرەنگاربوونەوەی ئەم تێڕوانینە بۆ ژن، تێڕوانینەکە دەچەسپێنێت، هەم بەمانا مەجازیەکەی و هەم بە مانا حەرفیەکەشی.

جەستەی رۆبۆتی سێکس 'هەستەوەری' دەستکردی تیایە و بە دەستلێدان کاردانەوەی دەبێت و بەپێی جۆری کەسایەتیەکان کاردانەوەکانی دەگۆڕێت. ئەم رۆبۆتانە توانای جوڵەیان هەیە، هەرچەندە هێشتا هیچیان توانای رۆشتنیان نیە. یەکێک لە کۆمپانیاکان دەڵێت ربۆتەکەمان "توانای ئەنجامدانی ٥٠ شێوازی سێکسی هەیە."

بەرنامەی کۆمپیەتەر کۆنترۆڵی وەڵامدانەوەی رۆبۆتی سێکسی دەکات. بۆنمونە "رۆکسی" خاوەنی چەند کەسایەتیەکە لەوانە کەسایەتیەکی شەرمن و داخراو و کەسایەتیەکی دیکەی کراوە و سەرکەش?

هەموو ئەمانە و خاسیەتی و تەکنەلۆجیای دیکە بەڕێوەن بۆ پێشخستنی بۆ ئەم رۆبۆتانە. فرۆشتنی یەکەم رۆبۆتی سێکس تەنها سەرەتای ئەم کەرتەیە و چاوەڕوانی پێشکەوتنی زۆر خێرا دەکرێت لەبەر گەورەیی بازاڕەکەی و نوێبوونی تەکنەلۆجیاکە. 
رۆبۆتی سێکس لە رەگەزی نێریش هەیە. 'رۆکی' ناوی رۆبۆتە نێرینەکەی هەمان کۆمپانیایە کە 'رۆکسی' دروست دەکات.

"ئایندەی سێکسیمان لەگەڵ رۆبۆتدا" ناونیشانی راپۆرتێکی "دامەزراوەی رۆبۆتیکیسی بەرپرسیار"ە کە دیوە جیاوازەکانی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای رۆبۆتیکس لە پەیوەند بە سێکسەوە دەخاتەڕوو. ئەم راپۆرتە وەك بەرچاوڕوونیەك بڵاکراوەتەوە بۆ کۆمپانیاکانی دروستکردنی رۆبۆتی سێکس. هەروەها وەك رێنیشاندەرێك بۆ هاوڵاتیان بۆ تێگەیشتن لە دیوە جیاوازەکانی ئەم تەکنەلۆجیایە. 
"یەکێك لە کێشەکانی تێگەیشتنی خەڵک لە رۆبۆتی سێکس ئەوەیە خەڵک بە گشتی ئاشنا نین بە حەقیقەتی رۆبۆت بە گشتی. رۆبۆتی سێکسیش نوێیە و تەنها چەند کەسێکی کەم راستەوخۆ ئەزموونیان کردووە،" لە سەرەتای راپۆرتەکەدا هاتووە. 'بۆیە گوێگرتن لە هاوڵاتیان، لە توێژەرانی بواری تەکنەلۆجیا، ئاکارناس و کۆمەڵناسان هەموو گرنگن بۆ هەڵسەنگاندنی رەهەندەکانی رۆبۆتی سێکس.'
 
'دەیڤکات' 
خۆشەویستی لەگەڵ بوكەڵەی سێکسدا

یەکێك لە داکۆکیکارە سەرسەختەکانی بوکەڵەی سێکس پیاوێکە بەناوی 'دەیڤکات' کە لە چەندین بەرنامەی دۆکیومێنتاری و تەلەفزیۆنی و رۆژنامەوانیدا دەرکەوتووە و بەرگری لە بەکارهێنانی بوکەڵەی سێکسی دەکات، بەڵام 'دەیڤکات' لەمە زیاتر دەڕوات و دەڵێت: ناتوانم بەبێ بوکەڵە راستەقینەکەم بژیم و بەهەموو توانای خۆمەوە خۆشم دەوێت و ئەویش خۆشی دەوێم. خۆشەویستی دەستکرد هەرگیز نامرێت.

دەیڤکات لە ساڵی ١٩٩٩ەوە خاوەنی بوکەڵەیە و ئێستا جگە لە هاوسەرەکەی، خۆشەویستێکیشی هەیە. هەردووکیان بوکەڵەی سێکس، بەڵام ئەو پێیوایە سێکس تەنها بەشێکی پەیوەندی ئەم و هاوژینەکانیەتی. دەیڤکات لەگەڵیان نان دەخوات، دەنوێت، وێنە دەگرێت و دیاریشیان بۆ دەکڕێت. ئەم باس لەوە دەکات دەزانێ ئەمان مرۆڤ نین و چاوەڕێی ئەوە ناکات ببنە مرۆڤ، بەڵام خۆشبەختە لەگەڵیان و بۆشایی تەنهاییەکەی ژیانی بۆ پڕکردوونەتەوە، هەرچەندە ئەوە ناشارێتەوە کە نەیتوانیوە پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکەدا دروست بکات، بۆیە پەنابردنە بەر بوکەڵە ژیانی ئەم ئاسان و پڕ کردووە.

یەکێك لە گۆشەنیگاکان بۆ بەرگریکردن لە بوکەڵە و رۆبۆتی سێکس ئەوەیە یارمەتی کەسانی پێویست دەدەن، ئەوانەی لەبەر هەر هۆکارێک بێت تەنهان و ناتوانن پەیوەندی سۆزداری و سێکسی لەگەڵ مرۆڤی دیکەدا دروست بکەن. بەڵام بوکەڵەیەك جێگەی مرۆڤ ناگرێتەوە، هەرچەندە 'دەیڤکات' دەڵێت ئەو خۆشبەختە لە ژیانیدا چیتر تەنها نیە. 

دەیڤد لێڤی لە کتێبی "خۆشەویستی و سێکس لەگەڵ رۆبۆتدا" بەرگری لە بەکارهێنانی رۆبۆت دەکات بۆ مەبەستی سێکسی لەجیاتی.

"خۆشەویستی و سێکس لەگەڵ رۆبۆتدا"
دەیڤد لێڤی نوسەری کتێبی "خۆشەویستی و سێکس لەگەڵ رۆبۆتدا" بەرگری لەم گۆشەنیگایە دەکات. لێڤی پێیوایە لە سێ دەیەی داهاتوودا "خۆشەویستی لەگەڵ رۆبۆتدا ئاسایی دەبێتەوە هێندەی خۆشەویستی لەگەڵ مرۆڤی دیکەدا" و هەر کەسێك نەتوانێت یان نەیەوێت لەگەڵ مرۆڤی دیکەدا پەیوەندی و سێکس بکات، لەبری ئەوەی بکەوێتە پەراوێزی کۆمەڵ و ببێتە کەسێکی نەگونجاو لەگەڵ خەڵکدا، دەبێتە کەسێکی هاوسەنگتر لە ژیانیدا. لێڤی باس لە گۆڕانی تێڕوانینی مرۆڤ دەکات بۆ سێکس لەوەی پێشتر هاوڕەگەزخوازی یان دەستپەڕ و مژین لای زۆر کەس نامۆ بوون لەکاتێکدا ئەمرۆ لە چەندین جێگەی دنیادا بەشێکی ئاسایین لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سێکسی. بەهەمانشێوە سێکس لەگەڵ رۆبۆتیدا ئاوهای لێ دێت.

بەپێی ژمارەیەك توێژینەوە و راپرسی جیاواز لەسەر بەکارهێنانی رۆبۆتی سێکس و تاقیکردنەوەی وروژاندنی سێکسیی پیاو و ژن لەرێگەی رۆبۆت و وێنەی رۆبۆتەوە، پیاو زیاتر لە ژن بەڵام هەردوو رەگەز (تەنانەت ترانسجێندرەیش) ئامادەگیان تیایە بۆ سێکس کردن لەگەڵ رۆبۆتدا. ئەمەش بنەمای ئەو پێشبینیەیە کە پاڵ بە بازاڕی رۆبۆتی سێکسەوە دەنێت گەشە بکات.

'بێنیتا مارکوسێنی' وێنەگری دانیمارکی کە یەكێک لە پرۆژەکانی ناوی "پیاو و بوکەڵە"یە لە وەسفی پرۆژە وێنەییەکەیدا دەڵێت: هەموو ساڵێك ٤٠٠ بوکەڵەی راستەقینەی بەتایبەت دروستکراو دەگوێزرێنەوە بۆ ماڵە نوێکانیان بۆ باشکردنی ژیانی ئەو پیاوانەی بەهۆی تەنهایی، ئەزمونی خراپ لەگەڵ ژن یان هەبوونی بۆشاییەکی کۆمەڵایەتی لەروی سێکسی و رۆحیەوە، پاڵی پێوەناون بچنە پەیوەندیەکی درێژی نامۆ و ناوازەوە: ژیان لەگەڵ بوکەڵەدا. هەرچەندە ئەمان وا دەبیندرێن لەدەرەوەی ئاساییبوون دەژین، ئەم پیاوانە هۆگربوون و ئاسودەیی و چێژی گەورە لەم بوکەڵانە دەبینن. لینک
 
بەڵام بەپێچەوانەی ئەم بۆچوونەوە، چەندین توێژینەوە ئەوەیان پیشانداوە رۆبۆتی سێکس بەجۆرێک لەجۆرەکان دەبنەهۆی پەراوێزخستن و تەنهایی زیاتر. ئەو شارەزایی و لێهاتوویانەی پێویستمانن بۆ ئەوەی کەسانی دیکەی پێ بناسین و بیانکەیەن هاوڕێ و هاوسۆزی خۆمان لەدەستان دەین. 

وەك کاسلین ریچاردسنی دامەزرێنەری کامپەینی "نا بۆ رۆبۆتی سێکس" دەڵێت: پێموانیە رۆبۆتی سێکس بازرگانی سێکسی بە مرۆڤەوە کەم بکاتەوە، پێموایە ئەوەی روودەدات ئەوەیە رۆبۆتی سێکس دەبێتە دانەیەکی تر لە شتەکانی بازاڕی چەوسێنەری سێکس. دەبێتە بژاردەیەکی تر لە لیستەکەدا بۆ کەرتێكی لە مرۆڤایەتی دابڕێندراو و شێواو. ئەو رۆڵەی لەژیانی یەکتردا دەیبینین، لەرێگەی کاڵایەکی بازرگانیەوە جێگەی ناگیرێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو کاڵایە هاوشێوەی مرۆڤیش بێت. [رۆبۆتی سێکس] کاریگەری لەسەر ئەو توانایانەی خەڵک دەبێت کە پێویستن بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا. ئەمەش هاوکات بە هەبوونی ئاستێکی زۆری تەماشاکردنی فیلمی رووت لەسەر ئینتەرنێت، دەبێتە رەچەتەیەک بۆ کارەسات. 
هەرچەندە دیوێکی دیکەی ئەم هاوکێشەیە ئەوەیە هێشتا زووە بۆ ئەوەی کاریگەری تەواوەتی رۆبۆتی سێکس بزانین، چونکە تێگەیشتن و لێکدانەوەمان بۆ رۆبۆتی سێکس لەسەر بنەمای ئەو پێوەرانەیە ئەمڕۆ کاریان پێ دەکەین. بۆنمونە هەندێک خاوەن بوکەڵە، خۆیان و بوکەڵەکانیان بەشداری کۆبوونەوە و دانیشتنی کۆمەڵایەتی دەکەن. ئایا ئەمە دەبێتە رەفتارێکی ئاسایی لە ئایندەدا؟

"کامپەینی "نا بۆ رۆبۆتی سێکس

 گۆشەنیگای بەرامبەر پێی وایە رۆبۆتی سێکس زیانی دەبێت بۆ کۆمەڵ، بەتایبەت ژن و منداڵ و دەبێتەهۆی نایەکسانی لە کۆمەڵدا. بانگەشەی "نا بۆ رۆبۆتی سێکس" بە چەند خاڵێك پێگەی دژیان خستۆتەڕوو: رۆبۆرتی سێکس دەبێتەهۆی زیاتر بەکاڵا تەماشاکردنی ژن و منداڵ، دروستکردنی رۆبۆتی سێکس تەنها پشت بە خواستی کەسی بکەر یان کڕیاری سێکس دەبەستێت و سێکس کورت دەکرێتەوە بۆ کاڵا یان شتێك بەبێ رەهەندی دیکە، دروستکردنی رۆبۆتی سێکس ئاماژەی ئەو مەترسیەیە کە هەموومانی تێدادەژین کە بە نزم تەماشای جەستەی 'کرێکاری سێکس' و ژن و منداڵ دەکرێت و تەنها وەك هۆکارێکی لەزەت تەماشا دەکرێت، رۆبۆتی سێکس هاوسۆزی نێوان مرۆڤەکان کەم دەکاتەوە، هەروەها بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونەی پێیوایە رۆبۆتی سێکس سودی بۆ کۆمەڵ دەبێت، ئەم رۆبۆتانە دەبنەهۆی برەودان بە توندوتیژی و نایەکسانی.

ئەم کامپەینە لەرێگەی بەرزکردنەوەی هۆشیاری و ئەنجامدانی توێژینەوەوە دەیانەوێت فشار دروستبکەن بۆسەر کەرتی تەکنەلۆجیای 'رۆبۆتیکس' و 'هۆشیاری دەستکرد' و یاسا داڕێژەران تاوەکو دروستکردنی رۆبۆتی سێکس کۆنترۆڵ بکەن و بەشێوەیەکی ئاکاری مامەڵەی لەگەڵ بکەن.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا روون نیە ئایا چۆن دروستکردنی رۆبۆتی سێکس کاریگەری لەسەر ئەو کەلتورە دەبێت کەخۆی لەرێگەی فیلم و وێنە و میدیای دیکەوە لەشی ژن وەك کاڵا بۆ چێژی پیاو تەماشا دەکات. ئایا بەهێزتری دەکات یان کاریگەریەکی ئەوتۆی نابێت؟ توێژینەوە و راپرسی زیاتر پێویستن بۆ ساغکردنەوەی ئەم رەهەندە.
لێرەوە دەردەکەوێت چۆن رەهەندی کۆمەڵایەتی، جێندەری، کەلتوری، ئاکاری و ئابوری دیوی گرنگی ئەو گفتوگۆیەن کە لەسەر رۆبۆتی سێکس ئەنجام دەدرێت.

بێگومان دیوی کەلتوری و ئاینی لە ئەنجامدانی سێکس و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا بۆ ئەنجامدانی سێکس جیاوازی گەورەی دروست کردووە لەنێوان کۆمەڵگاکانی جیهاندا. لەکاتێکدا لە ناوچەکانی وەك یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکاکان، یابان و چین و ئوسترالیا بازاڕی تەکنەلۆجیای سێکس لە گەشەکردنێکی خێرادایە، ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، سێکس بە گشتی و تەکنۆلۆجیای سێکسی هێشتا وەك تابوو تەماشا دەکرێت. 

برەودان بە کەلتوری لاقەکردن؟

یەکێکی دیکە لە پرسەکان مەسەلەی توندوتیژی و تاوانی سێکسیە. ئایا رۆبۆتی سێکس چ کاریگەریکەی لەسەر تاوانی سێکس دەبێت؟ ئایا یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە حەز و خولیای ناتەندروستیان هەیە کە زیانیان بۆ کەسانی دیکە هەیە وەك حەزکردن لە منداڵ یان لاقەکردن؟ یاخود دەبێتەهۆی بەهێزکردنی ئەو خولیایانە و زیانیان بۆ دەورەبەر دەبێت، وەك ژمارەیەكی بەرچاو توێژینەوە پیشانیانداوە؟

 


PM:04:41:14/03/2021


















ئه‌م بابه‌ته 16140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت