راگه‌یه‌ندراوێك له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانەوە


وێستگه‌ نیوز -
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت نیگه‌ران له‌ ده‌ستگیركردنی گه‌شتیارانی هه‌رێمی كوردستان له‌ توركیا و لایه‌نه‌كانی‌ راسپاردووه‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌و وڵاته‌ قسه‌ بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ 19ی‌ ته‌مموزی‌ 2019 وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ باره‌ی په‌لاماردانی ژماره‌یه‌ك گه‌شتیاری كورد له‌ توركیا و ده‌ستگیركردنیان، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "ئاشكرایه‌ ئاڵای ھه‌رێمی كوردستان، ئاڵایه‌كی ده‌ستوورییه‌ له‌ ناو عێراقدا و پێشتریش له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان و ھۆڵه‌كانی پێشوازی له‌ توركیا دانراوه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ شانده‌كانی ھه‌رێمی كوردستان".

وته‌بێژه‌كه‌ ده‌ڵێت: "سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ویڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی له‌و رووداوه‌، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندییداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیشی راسپارد كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیا قسه‌ بكه‌ن".

دوێنێ‌ پێنجشەممە 18ی‌ ته‌مموزی‌ 2019 لە شاری ترابزۆنی توركیا دوای ئەوەی ژمارەیەك گەشتیاری هەرێم ویستبوویان بە ئاڵای كوردستانەوە وێنە بگرن، لەلایەن توركە رەگەزپەرستەكانەوە بە توندی هێرشیان كرایه‌سه‌ر و لێیان درابوو، دواتر به‌ بڕیاری‌ والی‌ شاره‌كه‌ 9 له‌و گه‌شتیارانه‌ ده‌ستگیركران و ئه‌مڕۆش به‌بڕیاری‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌و وڵاته‌ دیپۆرت كرانه‌وه‌.

ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یه‌:

راگه‌یه‌ندراوێك له‌ لایه‌ن گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ باره‌ی ده‌ستگیركردنی گه‌شتیارانی هه‌رێمی كوردستان له‌ توركیا

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا چه‌ند هاووڵاتییه‌كی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری ترابزۆنی توركیا، تووشی په‌لاماردان و ده‌ستدرێژی بوونه‌وه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ویستوویانه‌ به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ وێنه‌ بگرن، دواتر ده‌ستگیراون و به‌ نیازن بیانده‌نه‌ دادگه‌.

ئاشكرایه‌ ئاڵای ھه‌رێمی كوردستان، ئاڵایه‌كی ده‌ستوورییه‌ له‌ ناو عێراقدا و پێشتریش له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان و ھۆڵه‌كانی پێشوازی له‌ توركیا دانراوه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ شانده‌كانی ھه‌رێمی كوردستان.

بۆیه‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی له‌و رووداوه‌، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندییداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیشی راسپارد كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیا قسه‌ بكه‌ن، تا به‌ زووترین كات گه‌شتیارانی هه‌رێمی كوردستان ئازاد بكرێن.

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان


PM:02:28:19/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 7288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت