كاندیدێكی‌ گۆڕان: پارتی‌ و یه‌كێتی‌ به‌ ركابه‌ری‌ خۆمان ده‌زانین

‌كۆڕاڵ نوری‌

وێستگه‌ نیوز ـ پشتیوان جه‌مال
كاندیدێكی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پارتی‌ و یه‌كێتی‌ به‌ ركابه‌ری‌ خۆیان ده‌زانن و ده‌ڵێت، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا له‌ سلێمانی‌ یه‌كه‌م ده‌بن.


كۆڕاڵ نوری‌، كاندیدی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ وێستگه‌ نیوزدا، تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن و به‌رنامه‌ی‌ سیاسی‌ حزبه‌كه‌ی‌.

وێستگه‌نیوز: له‌ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌ی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن، به‌گشتی‌ بانگه‌شه‌تان به‌لاوه‌ چۆنه‌؟

كۆڕاڵ نوری‌: به‌گشتی‌ باشه‌، به‌ڵام هه‌ندێجار پێشێلكاری‌ رووده‌دات له‌وانه‌ش لێكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌ كاندید، یان لكاندنی‌ وێنه‌ی‌ كاندید به‌ كاندیدی‌ لایه‌نێكی‌ دیكه‌، به‌ڵام ده‌بێت كۆمسیۆن چاودێری ئه‌و پێشێلكارییانه‌ بكات.

وێستگه‌نیوز: ئه‌وه‌ی‌ له‌م بانگه‌شه‌یه‌دا له‌ سلێمانی‌ به‌دیده‌كرێت تائێستا توندوتیژی‌ لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌، هه‌مانكات ده‌وترێت ساردییه‌كیش به‌بانگه‌شه‌وه‌ دیاره‌؟

كۆڕاڵ نوری‌: نكۆڵی‌ له‌وه‌ ناكرێت تاڕاده‌یه‌ك بانگه‌شه‌كه‌ ساردیی‌ پێوه‌ دیاره‌، به‌ڵام ئاستی‌ هۆشیاری‌ خه‌ڵكی‌ ئێمه‌ش به‌رز بۆته‌وه‌، چونكه‌ توندوتیژییه‌كان زیاتر بۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بوون، به‌ڵام ئه‌مه‌یان بۆ په‌رله‌مانی‌ عیراقه‌، هیوادارین ئه‌مساڵ له‌ رۆژانی‌ كۆتاییشدا توندوتیژی‌ روونه‌دات.

وێستگه‌نیوز: داواكاریتان له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانتان چییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ تا كۆتایی‌، بانگه‌شه‌ به‌ هێمنی‌ بكه‌ن؟

كۆڕاڵ نوری‌: بێگومان پێمان باشه‌ بانگه‌شه‌ به‌هێمنی‌ بكرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌نگه‌ و خه‌ڵكیش ده‌زانێت ده‌نگ به‌ چ لایه‌نێك ده‌دات و به‌رنامه‌ی‌ حزبه‌كان به‌ئاشكرا ده‌بینێت، پێویست به‌ توندوتیژی‌ ناكات، هاوڵاتیانیش ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی‌ سندوقی‌ ده‌نگدانه‌وه‌ سزای‌ ئه‌و حزبانه‌ بده‌ن كه‌ دۆخێكی‌ ناله‌باریان خولقاندووه‌، ئێمه‌ش حزبێكی‌ مه‌ده‌نین و دوورین له‌شه‌ڕ و توندوتیژی‌.

وێستگه‌نیوز: ئێستا نۆ كورسیتان له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق هه‌یه‌، پێشبینتان بۆ ئه‌مجاره‌ چۆنه‌؟

كۆڕاڵ نوری‌: پێشتر له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لیستی‌ یه‌كه‌م بووین، ئه‌مجاره‌ش به‌هه‌مانشێوه‌ ده‌مێنینه‌وه‌ و پێشبینی‌ زیادبوونی‌ كورسییه‌كانیشمان ده‌كه‌ین.

وێستگه‌نیوز: ئه‌و پێشبینییه‌تان له‌چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌؟

كۆڕاڵ نوری‌: متمانه‌مان به‌ده‌نگده‌ری‌ خۆمان و باوه‌ڕمان به‌ به‌رنامه‌ی‌ سیاسی‌ گۆڕان هه‌یه‌، ئه‌م دۆخه‌ سیاسی‌ و ئابورییه‌ی‌ كه‌ حزبه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات خولقاندویانه‌ و بێئومێدییان له‌ناو خه‌ڵكدا دروستكردووه‌، وایكردووه‌ خه‌ڵكیش ده‌زانێت ده‌نگ به‌ كێ بدات قازانجیه‌تی‌.

وێستگه‌نیوز: ده‌وترێت له‌ساڵی‌ 2015ه‌وه‌ گۆڕان نه‌یتوانی‌ به‌رامبه‌ر پارتی‌ هه‌ندێك پڕۆژه‌ی‌ جێبه‌جێ بكات، له‌وانه‌ش له‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمدا پارتی‌ رێگری‌ له‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كرد بڕواته‌وه‌ هه‌ولێر و تا ریفراندۆم ده‌رگای‌ په‌رله‌مانی‌ داخست، پاشان ئێوه‌ نه‌تانتوانی‌ رێگری‌ له‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمیش بكه‌ن؟

كۆڕاڵ نوری‌: به‌پێچه‌وانه‌وه‌، یه‌كێك له‌ كێشه‌كان بوونی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌و سه‌رۆكه‌ی‌ به‌ ناشه‌رعی‌ له‌پۆسته‌كه‌یدا بوو، له‌ پۆسته‌كه‌یدا نه‌ما، ئه‌وه‌ به‌خاڵێكی‌ گرنگ بۆ گۆڕان تۆمار ده‌كرێت كه‌ نه‌یهێشت یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ تێپه‌ڕێت.

بۆ ریفراندۆمیش مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ڵێ و نه‌خێر نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌میشه‌ ده‌مانوت نابێت بكرێت، به‌ڵام كه‌ كرا هه‌رێمی‌ كوردستان زیانی‌ پێكه‌وت و ده‌ره‌نجامه‌كه‌شیمان بینی‌ به‌تایبه‌تیش له‌ناوچه‌ دابڕاوه‌كان.

وێستگه‌نیوز: به‌ڵام بۆ ریفراندۆمیش را را بوون، ئه‌ندام و لایه‌نگرانتان سه‌رپشك كرد بۆ به‌ڵێ و نه‌خێر؟
كۆڕاڵ نوری‌: ئه‌وه‌ رارایی‌ نییه‌، وه‌كو پێشتر وتم ده‌بوو نه‌كرێت، به‌ڵام كاتێك مه‌سه‌له‌كه‌ چووه‌ بواری‌ به‌ڵێ و نه‌خێر، ناتوانێت به‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ دێرین كه‌ هه‌موو ئاواتی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستانه‌ پێی‌ بڵێیت به‌ نه‌خێر ده‌نگ بده‌ یان هه‌ر ده‌نگ مه‌ده‌.

وێستگه‌نیوز: بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌، دوو لایه‌نی‌ دیكه‌ كێبڕكێ ده‌كه‌ن هاوپه‌یمانی‌ و نه‌وه‌ی‌ نوێ، هه‌ست ناكه‌ن ئه‌و دوو لایه‌نه‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌رتان ده‌بێت؟

كۆڕاڵ نوری‌: پێموایه‌ هاوپه‌یمانی‌ زیاتر ده‌نگی‌ یه‌كێتی‌ ده‌به‌ن، سه‌باره‌ت به‌و لایه‌نه‌ی‌ دیكه‌ش به‌ ركابه‌ری‌ خۆمانیان نازانین.

وێستگه‌نیوز: كه‌واته‌ ئێوه‌ چ لایه‌نێك به‌ ركابه‌ری‌ خۆتان ده‌زانن؟

كۆڕاڵ نوری‌: پارتی‌ و یه‌كێتی‌.

وێستگه‌نیوز: ئه‌وه‌ی‌ له‌م بانگه‌شه‌ی‌ ئێوه‌دا تێبینی‌ ده‌كرێت زۆر باسی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، رێكخه‌ری‌ كۆچكردووتان ده‌كه‌ن، راسته‌ نه‌وشیروان مسته‌فا كاریزمایی‌ هه‌بوو، به‌ڵام وه‌ك خه‌ڵك ده‌ڵێن له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ باسی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ باسی‌ به‌رنامه‌كانتان بكه‌ن؟

كۆڕاڵ نوری‌: له‌وه‌دا گۆڕان ته‌ركیزی‌ له‌سه‌ر ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌كردووه‌، به‌ڵكو باسی‌ به‌رنامه‌كه‌ی‌ ده‌كه‌ین كه‌ ره‌وانشاد ستراتیژییه‌كه‌ی‌ داڕشتووه‌ و دووربین بووه‌ و روانینی‌ بۆ ئاینده‌ هه‌بووه‌، به‌رنامه‌كه‌ش جه‌خت له‌شه‌فافیه‌ت و عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و چه‌سپاندنی‌ پایه‌كانی‌ دیموكراسی‌ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ فیعلی‌ دۆخه‌كه‌ ده‌گۆڕێت.

وێستگه‌نیوز: زۆرجار ده‌وترێت لایه‌نه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ بانگه‌شه‌دا زیاتر باسی‌ به‌رنامه‌یه‌ك ده‌كه‌ن كه‌ زیاتر بۆ كوردستانه‌ نه‌ك په‌رله‌مانی‌ عیراق؟

كۆڕاڵ نوری‌: به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌رنامه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ كه‌ بڵاویشكراوه‌ته‌وه‌ جه‌خت له‌ رێكخستنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ كوردستان و عیراق ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كوردستان به‌پێی‌ ده‌ستور هه‌رێمێكه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ عیراق.

وێستگه‌نیوز: ئه‌گه‌ر ده‌رچوویت به‌رنامه‌ی‌ خۆت چییه‌؟

كۆڕاڵ نوری‌: كاركردن له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق كاری‌ تاكه‌كه‌سی‌ نییه‌، به‌ڵكو كاری‌ گروپه‌، منیش كاندیدی‌ گۆڕانم و پابه‌ندی‌ به‌رنامه‌ی‌ گۆڕان ده‌بم.

هــ. ر


PM:09:40:27/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 26196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو