ئاماری کوژراو و بریندارەکانی خۆپیشاندانەکان
وێستگه-
بەپێی زانیارییە سەرتاییەکان تێستا پێنج کەس لە خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستاندا لە قەڵادزێ و لە کەلار کوژراون و ١٤٤ کەسیش لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستاندا برینداربوون کە بەشێکیان سەر بە هێزە ئەمنییەکان بوون.
ئەمڕۆ ٢٠١٥/١٠/١٠ بەهۆی گرژی خۆپیشاندانەکانەوە لە کەلار دوو گەنج کوژران، هاوکات لە خۆپیشاندانی قەڵادزێدا مێردمنداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵان کوژرا.
شەوی ڕابردووش جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی قەڵادزێ ڕایگەیاند، دوو کەس لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکاندا کوژران، بەپێی ئەو ئامارانەش لە ماوەی دوو ڕۆژدا پێنج خۆپیشاندەر کوژراون.
لە ئەنجامی گرژییەکانیشدا هەریەکە لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان ماوەی سێ ڕۆژ دەوامی فەرمانگەکانییان ڕاگرت بە مەبەستی هێوربوونەوەی بارودۆخی ناوچەکان.
هەروەها لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکانیشدا ١٣٠ هاووڵاتی و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندابوون.
لە ئەنجامی ڕووداوەکانی دوێنێ ٢٠١٥/١٠/٩ ی قەڵادزێدا ١٨ هاووڵاتی برینداربوون.
ئەمڕۆش ٢٠١٥/١٠/١٠ خۆپیشاندانەکان بەردەوامبوون و چەند ناوچەیەکی فراوانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە قەزای سەیدسادق خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەستی پێکرد و دواتر ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران چوونە بەردەم ناوچەی پارتی لە سەیدسادق و بەردیان گرتە ناوچەی پارتی، لەبەرامبەریشدا پاسەوانەکانی بارەگاکە بۆ دوورخستنەوە و بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا کرد.
بەهۆی تەقەکردن و شەڕە بەردەوە دوو کارمەندی ئاسایش کە یەکیان بەڕێوەبەری ئاسایشی سەیدسادقە و ٢١ هاووڵاتی برینداربوون.
لە شاری سلێمانی ناڕەزایی هاووڵاتیان بە خۆپیشاندانی مامۆستایان دەستیپێکرد و ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران شەقامی مەولەویان داخست و هەوڵیاندا بەرەو بینای قائیمقامییەت و لقی پارتی بڕۆن بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگریان لێکرا.
لەبارەی ژمارەی بریندارەکانی سلێمانییەوە میران محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە NRT ڕاگەیاند، ٥١ برینداری خۆپیشانداکانی ئەمڕۆی سلێمانی گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن.
لە ناحییەی پیرەمەگرونیش خۆپیشاندان ئەنجامدراو بەهۆی تەقەوە دوو کەس برینداربوون و دواتر ئاڵای پارتی لەسەر بارەگای ناوچە لە ناحییەکە داگیراو بارەگاکە درایە دەست هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش.
هاوکات لە ناوچەی گەرمیانیش خۆپیشاندان ئەنجامدراو لە قەزای کەلاریش خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر بارەگای پارتی و بەردبارانیان کرد و پاسەوانانی ئەو بارەگایەش تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا کرد.
تەندروستی کەلاریش ڕایگەیاند، بەهۆی خۆپیشاندانەکەوە دوو کەس کوژران و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێکیان بەرێوەبەری ئاسایشی کەلارە.
هەروەها لە قەزای چەمچەماڵ خۆپیشاندان ئەنجامدراو خۆپیشاندانەکە توندوتیژی لێکەوتەوە و شێرزاد حەسەن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تەندروستی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، پێنج کەس برینداربوون و هێچ کەسێکیان بە فیشەک بریندار نەبوون و سەرجەمیان بەهۆی شەڕە بەرد و گازی فرمێسکڕێژەوە برینداربوون.
لە قەزای کفریش خۆپیشاندان و گردبونەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران ئەنجامدرا و خۆپیشاندەران ڕێگای سەرەکی کفری سلێمانیان داخست.
لە ڕانییەش هاووڵاتیان خۆپیشاندانیان ئەنجامداو بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەوە ٢٥ کەس برینداربوون.
لە پێنجوێنش خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر ناوچەی پارتی و بەهۆی بەردبارانکردنی ناوچەکەوە لەلایەن هاووڵاتیان و تەقەی پاسەوانی بارەگاکەوە ١٧ کەس برینداربوون.
لە قەڵادزێش بۆ ڕۆژی دووەم خۆپیشاندان بەردەوامبوو، خۆپیشاندەران ئاڵای سەرجەم حزبەکانییان هێنایە خوارەوە و بارەگای ناوچەیەکی تری پارتییان لە قەزاکە سوتاند، بەوتەی بەڕێوەبەری تەندروستی قەڵادزێش لەناو بارەگاکەدا مێرد منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵان لە بارەگەکە داسوتاوە و گیانی لەدەستداوە.
خۆپیشاندان بۆ ڕۆژی دووەمیش لە هەڵەبجە بەردەوامبوو لە بەردەم باخی گشتی و شارەوانی هەڵەبجە، لیژنەی ئەمنیی هەڵەبجەش کۆبوونەوە و داوایان لە هێزە ئەمنییەکان کرد لەکاتی دروستبوونی هەر گرژییەکدا بەهیچ شێوەیەک تەقە نەکەن.
سهرچاوه ئێن ئارتی
PM:09:00:10/10/2015
ئهم بابهته 788
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت