وتەبێژی پارتی: پاکێجێکی شەش خاڵیمان داوە بە گۆڕان و چاوەڕێی وەڵامین
مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
وێستگه نیوز-
وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كورستان، ئه‌مرۆ دووشه‌ممه 21 ی ئابی 2017 له‌دوای كۆبونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان رایگه‌یاند پاکێجێکی شەش خاڵییان داوە بە بزووتنەوەی گۆڕان و چاوەڕێی وەڵامی گۆڕانن.
مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوای کۆبوونەوەی وه‌فدی حزبه‌كه‌ی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا پاکێجێکی شه‌ش خاڵییان داوە بە گۆڕان و چاوەڕێی وەڵامی ئه‌وانن.
ئه‌و شه‌ش خاڵه‌ی وه‌فده‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان داویه‌تی به گۆڕان بریتین له:
- ئاساییکردنەوە پەیوەندییەکانی پارتی و گۆڕان
- کاراکردنەوە و ئاساییکردنەوەی کاری پەرلەمانی
- پالپشتی بۆ پرۆسەی گشتپرسی
- پاڵپشتی حکومەت بۆ باشترکردنی بژێوی و مووچەی خەڵک
- زەمینەی لەبار بۆ هەڵبژاردنەکان بڕەخسێنرێت
- هەموو لایەنەکان پاڵپشتی چاکسازییەکانی حکومەت بکەن
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 21ی ئابی 2017، وه‌فدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له شاری سلێمانی له‌گه‌ڵ وەفدی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆبووه‌وه.
کۆبونەوەکەی نێوان پارتی و گۆڕان دوای كاتمێر پێنجی پاشنیوه‌ڕۆ كۆتایی هات و هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوانیان نەکراوە، بەڵام ئەوەی کە هەیە ته‌نها گفتوگۆی نێوان ئەو دوو لایەنەیە لەسەر خاڵ و بابەتە پێشنیازکراوەکانی یەکتر.
هۆکاری درێژەکێشانی کۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕان بۆ ئەوەش دەگەڕێتەوە، کە ئەو لایەنانە بە وردی لەسەر بابەت و خاڵە پێشنیازکراوەکانی یەکتر گفتوگۆیان کردووە.
وه‌فده‌كه‌ی پارتی بریتی بوون له فازڵ میرانی، ئازاد به‌رواری، مهحمـود محه‌مه‌د، جه‌عفه‌ر ئیبراهیم، عیزه‌ددین به‌رواری، رێبوار یه‌ڵدا.
وەفدی گۆڕانیش پێکهاتبوون لە، عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان، جەمال حاجی محەمەد ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، شۆڕش حاجی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، ئاسۆ مەحمود ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان و ئاراس وەلی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان.
پێشتریش كاروان هاشم، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان رایگەیاندبوو، پەیامی گۆڕان بۆ پارتی ئەو پێنج خاڵەیە کە جڤاتی نیشتمانی لە دوایین ڕاگەیەنراویدا دەریکردووە و سازشیان لەسەر ناکەن.
رۆژی 17ی ته‌مموزی 2017، پارتی دیموكراتی كوردستان داوای کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لە بزوتنەوەی گۆڕان کرد و ڕۆژی 12ی ئاب جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کۆبووەوە و لاری نهبونن بۆ كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ پارتی نیشاندا و داوای‌کرد ریفراندۆم دوابخرێت و پەرلەمان دوای رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان ئاسایی بکرێتەوە.
PM:05:06:21/08/2017
ئه‌م بابه‌ته 7532
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت