سەردەشت...پێکدادانێکی‌ دیكه‌ لە نێوانی‌ پێشمەرگەکانی‌ دیموکرات و سوپای‌ پاسداران ڕوویدا


وێستگه‌نیوزـ ئێن ئاڕ تی

پێکدادانێکی‌ تر لە نێوان پێشمەرگەکانی‌ حزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستانی‌ ئێران و هێزەکانی‌ سوپای‌ پاسداران لە نزیک شاری‌ سەردەشتی‌ ڕۆژهەڵاتی‌ کوردستان ڕوویدا. سوپای‌ پاسدارانیش ناوچە شاخاوییەکانی‌ دەورووبەری‌ سەردەشت تۆپباران دەکات و حزبی‌ دیموکراتیش ڕایگەیاندووە، شەش پێشمەرگەیان شەهید بووە.

ئەمڕۆ ١٨ی‌ حوزەیرانی‌ ٢٠١٦ کوردستان میدیا ماڵپەڕی‌ فەرمیی‌ حزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستانی‌ ئێران (حدکا) بڵاویکردەوە، تیمێک لە پیشمەرگەکانیان لە ناوچەی‌ سەردەشت و لە کاتێکدا بەرەوە گوندی‌ نستان ڕوویشتوون لەلایەن گروپی‌ زەربەتی‌ حکومەتی‌ ئێرانەوە هێرشکیان لە دژ ئەنجامدراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، پێشمەرگەکانی‌ حزبی‌ دیموکرات بەرەنگاری‌ ئەو هێرشە بوونەتەوە و پاشەکشە بە هێزەکەی‌ گروپی‌ زەربەتی‌ ئێران کراوە و هەر بە پێی‌ ئەو هەواڵە پێشمەرگەکانی‌ حدکا بێ زیان بوون.

هاوکات هێزەکانی‌ کۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران لە ملەی‌ زمزیرانەوە دەستیان کردووە بە تۆپبارانکردنی‌ ناوچە شاخاوییەکانی‌ پشتی گەنمان و سێوەسوورێ، شاخەڕەش، گەنمان، چیای کەپرێ، بەرزاییەکانی سیسێر و مەیدان چۆغە، بەرماڵی نستان و کوێستانی برایم جەلال.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هێزەکی‌ زۆری‌ حکومەتی‌ ئێران لە ناوچەی‌ بۆکان و مەهابادەوە بەرەو ناوچە کوێستانییەکانی‌ سەردەشت گواستراونەتەوە.

هەر ئەمڕۆ ١٨ی‌ حوزەیرانی‌ ٢٠١٦ مەکتەبی‌ سیاسیی‌ حزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستانی‌ ئێران (حدکا) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماری‌ شەهیدبوونی‌ شەش پێشمەرگەی‌ حزبەکەی‌ بڵاوکردەوە، کە لە پێکدادانی‌ ڕۆژی‌ ١٥ی‌ حوزەیرانی‌ ٢٠١٦ لە ناوچەی‌ شنۆ و لە ئاوایی‌ قەرەسەقەڵ شەهید بوون.

بەپێی‌ ڕاگەیاندراوەکەی‌ حدکا، ئەو پێشمەرگە شەهیدانە بریتین لە ١ـ کەماڵ خزری ٢ـ محەممەد خالید پەیغامی ٣ـ لوقمان شێخانی ٤ـ جەماڵ ئیسماعیلی ٥ـ سەلاح نادری ٦ـ سەید عومەر حوسێنی، کە پێشمەرگەی پێشووی حیزب و نیشتەجێی وڵاتی سوید بوو کە بە مەبەستی سەردانی خزمانی لەگەڵ ئەو پێشمەرگانە بەرەو شنۆ گەڕاوەتە.

بەپێی‌ ئامارەکانی‌ حزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستانی‌ ئێران لەو پێکدادانانە بە لانیکەمەوە ١١ پاسداری‌ ئێرانی‌ کوژراون کە دوو کەسیان بەرپرسی‌ سەربازی‌ بوون.

لەگەڵ ئەوانەشدا بەرپرسانی‌ ئێران ڕایانگەیاندبوو، لەو پێکدادانانەدا ١٢ پێشمەگەری‌ حزبی‌ دیموکرات شەهید بوون، بەڵام تا ئێستا حکومەتی‌ ئێران ناو زانیاریی‌ لەبارەی‌ ئەو ١٢ پێشمەرگەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە.

هەروەها بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی‌ ڕۆژهەڵاتی‌ کوردستان چەند وێنەیان لە گوندی‌ قەرەسەقەڵ بڵاوکردووەتەوە، کە پێکدادانەکانی‌ ڕۆژی‌ ١٥ی‌ حوزەیرانی‌ ٢٠١٦ی‌ نیوان پێشمەرگەکانی‌ حزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستانی‌ ئێران و سوپای‌ پاسداران تیایدا ڕوویدابوو.

بەپێی‌ ئەو وێنانە بەشێکی‌ زۆری‌ ئەو گوندە وێران بووە و ژمارەیەک لە خانووەکان ڕووخێنراون و ئاگریان تێبەردراوە. باسی‌ ئەوەشکراوە، بەلانیکەمەوە دانیشتویەکی‌ گوندی‌ قەرەسەقەڵ شەهید بووە و کەسێکیتریش برینداربووە.

بڵاوبوونەوەی‌ ئەو وێنانە لە کاتێکدایە تا ئێستا بەشێوەی‌ فەرمی‌ هیچ یەک لەلایەنەکانی‌ ئەو پێکدادانە باسی‌ ئەو وێنانە و وێرانکردنی‌ گوندی‌ قەرەسەقەڵ لەلایەن سوپای‌ پاسدارانەوەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

سایتی ئێن ئاڕ تی وێنەی‌ ئەو شەش پێشمەرگەیه‌ی حزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستانی‌ ئێران (حدکا)ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ کە لە پێکدادانەکەی‌ گوندی‌ قەرەسەقەڵی‌ شنۆدا شەهید بوون.

هاوكات ئێن ئاڕ تی چه‌ند وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هی گوندی‌ قەرەسەقەڵن و لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی‌ ڕۆژهەڵاتی‌ کوردستاندا لەدوای‌ پێکدادانەکەی‌ نێوان سوپای‌ پاسداران و هێزەکانی‌ حزبی‌ دیموکراتی‌ کوردستانی‌ ئێران بڵاوبووەتەوە


AM:12:01:19/06/2016


















ئه‌م بابه‌ته 2092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو