سەباح هەورامی: یەک سەنتی یەک کۆمپانیا قەرزدار نین


وێستگەنیوز_

د. سەباح هەورامی، بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی سەبارەت بەو بابەتەی کە دەوترێت تەندروستی سلێمانی بڕی 30 ملیار دیناری کۆمپانیاکان قەرزدارە، رایگەیاند، "ئێمە وەک تەندروستی سلێمانی، یەک سەنتی یەک کۆمپانیا قەرزدار نین، نەمهێشتووە لەم 5 ساڵەدا، هیچ زیادەڕەوییەک هەبێت. ئەوەی هەیە پەیوەندی بە بوونی نەختینەوە هەیە، دەرمانمان کڕیوە لەسەر ئەو حساب بانکیەی هەمانبووە، بەڵام لەبەر نەبوونی نەختینە بانک ناتوانێت پارەیان بداتێ و وادەزانن ئێمە قەرزارین."

د. سەباح هەورامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: بابەتی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، پەیوەندی راستەوخۆی بە رەزامەندی وەزارەتی تەندروستی و ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، ساڵانە کە دوادەکەوێت، ئەمەش دەبێتە هۆکاری کەمی دەرمان لە نەخۆشخانەکاندا. 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ساڵێک لە مانگی 11 و 12 داواکاریی خۆمان پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستی و دارایی دەکەین، داوا دەکەین لە سەرەتای مانگی 1ـدا رەزامەندی بدرێت بۆ ئەوەی گرێبەست بکەین، بەڵام بەداخەوە لەبەر رۆتینات هێشتا رەزامەندیمان بەدەستنەگەیشتووە.

بابەتی جیاوازی لە نرخەکاندا بەشێکی دیکەی پرسیارەکان بوو کە ئاراستەی بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی کرا و ئەویش لە وەڵامدا وتی: جیاوازی لە نرخەکاندا بەڵێ هەیە، لە چەندین شوێن وتوومانە کە تێبینیمان لەسەر دەرمان هەیە لە کەرتی تایبەت، بەڵام هەنگاوی باش نراوە بۆ چارەسەرکردن."

دووپاتیشیکردەوە، "هەتا سیستمی ئەلکترۆنی بۆ دەرمانخانە تایبەتەکان و کلینیکی پزیشکی دانەنرێت، ئەم بابەتە چارەسەر نابێت، چونکە ئەم سیستمە ناهێڵێت هیچ دەرمانێکی بەسەرچوو بفرۆشرێت یاخود پزیشکێک، نەخۆش ئاراستە بکات کە لە شوێنێکی تایبەت دەرمان بکرێت."

سەبارەت بە کێشەی تاقیگەکان کە بڕیار دراوە بدرێت بە چەند لایەنێکی دیاریکراو، د. سەباح رایگەیاند، ئەم گرێبەستە لە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی پێدراوە و لە لایەن وەزارەتی تەندروستی گرێبەستی بۆ کراوە و ئێمە جێبەجێی دەکەین، کاتێک کە گرێبەستەکەمان بینیوە،ک تێبینیمان هەبووە کە نرخەکانی گرانترە لەوەی ئێمە دەیکڕین. بۆیە ئەم تێبینییەمان بە وەزیری تەندروستی وتووە، ئێستا پێداچوونەوەی ووردی بۆ دەکرێت و چاوەروانی ئەنجامی کۆتایی دەکەین. 




AM:11:15:06/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 2164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو