حەوت رۆژە مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران بەردەوامە و تا دێت بارودۆخ تەندروستیان خراپتر دەبێت
وێستگەنیوز_
ماوەی حەوت رۆژە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی بەردەوامن لە مانگرتن و هیچ خواردنێک ناخۆن، تیمە پزیشکییەکانیش بەردەوامن لە چاودێریکردنی چڕی تەندروستییان. مامۆستایەک دەڵێت: پێم وایە بێدەنگی خەڵک بێهیوا بوون نییە، بەڵکو خەڵک بیر لە ڕاپەڕین دەکاتەوە.. پێم وابێت ئەمە کۆتا قۆناغی خەباتی مەدەنییە و دوای ئەمە دەچێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە."
ئەو مامۆستایانە سەرەڕای ئەوەی دۆخی تەندروستییان تێکچووە و توانای قسەکردنیان نەماوە، بەڵام باس لەوەدەکەن، ئەوان سوورن لەسەر مانگرتن تاوەکو دەگەن بە ئامانجەکانیان.
دووپاتیشی دەکەنەوە کە، "تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەشێوەیەکی جددی وەڵامی نەداونەتەوە و هیچ وەڵامێکی یەکجارەکییان پێنەگەیشتووە."
باسیش لەوەدەکەن، "لە ماڵ و منداڵیان دابڕاون و رۆژ بە رۆژ تەندروستییان بەرەو خراپتر دەڕوات و لاواز دەبن، بەڵام ئیرادەیان بەهێزە."
ئەو لایەن و هاوڵاتیانەی پشتگیریان دەکەن، جەخت دەکەنەوە لەوەی، "پێویستە وەڵامێکی شایستەیان بدرێتەوە، تاوەکو ئێستا کە تەندروستیان بەرەو خراپبوون دەچێت، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە."
لەلایەکی دیکەوە تیمە پزیشکییەکان بەردەوام بە چڕی چاودێریی تەندروستییان دەکەن و پشکنینیان بۆ دەکەن.
وەک پاڵپشتییەکیش، لە شاری سلێمانی خۆپیشاندان بۆ پشتگیری مانگرتوان لەبەردەم پارکی مەلیک مەحموود دەستی پێکردووە.
بەشێک لە ئامادەبووان دروشمی پشتگیری لە مامۆستایان و فەرمانبەران بەرزدەکەنەوە و دژی حکومەتیش نوسیویانە: "شەرمەزاربێت ئەم حکومەتە کە مامۆستا بۆ مووچە، مان لە خواردن و خواردنەوە بگرێت."
مامۆستایەک لە شاری ڕانیە'ـوە هاتووە و دەڵێت: ئەگەر وەڵاممان نەدرێتەوە، رێگەی دیکە زۆرە کە بەراستی حکومەت خۆی لێ بەرپرسیار دەبێت و رێگەی خەباتی مەدەنی دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە."
AM:11:05:03/02/2025
ئهم بابهته 408
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت