چیرۆکی گەنجێک لە نێو رووباری دیجلەدا


وێستگەنیوز_راژان رزگار

سفوان عەدنان، گەنجێکی دانیشتووی گوندی کەمونای سەر بە شارۆچکەی خانکێیە لە قەزای سیمێلی سەر بە پارێزگای دهۆک، مەوەی 10 ساڵە سەرقاڵی راوکردنی ماسییەو پیشەکەی بۆتە سەرچاوەی بژێوی ژیانی و دەڵێت، "ئەو ماسییانەی راویان دەکەم و بزانم جۆرەکانیان تایبەت و دەگمەنن، لە بری ئەوەی بیفرۆشم خۆم و خێزانەکەم دەیخۆین."

لەم بارەی پیشەکەیەوە، سەفوان عەدنان رایدەگەیەنێت، "ڕاوەماسی کارێکی ئەستەمە و ئاسان نیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەمیشە دەمەوێت کارێکی جیاواز بکەم، بۆیە پیشەی ڕاوەماسییم هەڵبژاردووە، بۆ نموونە ئێستا من لەسەر ڕووبارم، رۆژانە ڕەنگە دوو کەس نەبینم، بەڵام ھەستێکی زۆر خۆشە کاتێک تۆڕەکە ڕادەکێشم و دەبینم ماسی گرتووە، ئەمە چێژی خۆی ھەیە، لێرە دەریاچەیەک ھەیە، منیش خێوەتێکم هەڵداوە و بەشەویش لێرە دەمێنمەوە".

دەشڵێت، "ماسی جۆراو جۆر لە ئاوەکەدا هەیە، زۆربەیشیان کەوتوونەتە ناو تۆڕەکانی ڕاوکردنەوە، پێش چەند ڕۆژێک جۆرێک ماسیم گرت و نیشانی ھەندێک لەو ماسییگرانەم دا کە نزیکەی 40 ساڵە پیشەیان ڕاوکردنی ماسییە، ئەوان وتیان ئەمە جۆرێکی جیاوازە و تا ئێستا نەمان بینیووە، دوای ئەوەی ڤیدیۆی ماسییەکەم بڵاوکردەوە بۆم دەرکەوت ئەم جۆرە ماسییە لە بەسڕە هەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ھەرزانترین جۆری ماسی ئێستا لە بازاڕدا کیلۆی بە یەک ھەزار دیناری عێراقیە، هەروەها گرانترین ماسیش کە بە خواردنی مەلیکەکان ناسراوە کیلۆی بە 10 ھەزار دینار دەفرۆشین، بەڵام کە دەچێتە بازاڕ نرخەکەی بەرز دەکرێتەوە، ئێمە لەسەر ڕووبار بە نرخی کۆ دەیفرۆشین، زۆر جۆری ماسی لە بەنداوی مووسڵدا ھەن بۆ نموونە مار ماسی ھەیە و دەرمانە کە پزیشکەکان بۆ هەندێک نەخۆشی وەک چارەسەر پێشنیازی بۆ دەکەن".

هەروەها جەختی لەوەشکردەوە، "ھەندێک ڕۆژ سێ ژەمە ماسی دەخۆم، هەر ماسییەک ڕاودەکەم ئەگەر بزانم جۆرەکەی تایبەت و دەگمەنن، نایفرۆشم و خۆم و خێزانەکەم دەیخۆین."


PM:02:52:01/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت