حەریر بۆ بەرهەمە هەمەچەشنەکانی خانمان


وێستگەنیوز_راژان رزگار

لە شاری هەولێر، بازاڕێکی تایبەت بۆ نمایشکردنی بەرهەمە هەمەچەشنەکانی خانمان کرایەوە و بۆتە سەکۆیەکی بازرگانی بۆ فرۆشتنی کاڵاو کارە هونەریی و دەستییەکانیان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ی کانوونی دووەمی 2025، لە شاری هەولێر بازارێک بۆ نمایشکردنی کار و بەرهەمە هونەری و دەستییەکانی خانمان بە ناونیشانی "حەریر" کرایەوە و ئەمانج لەم پێشانگەیەش پاڵپشتییەکی گەورەی رۆڵی خانمانە لە دروست کردنی بەرهەمە هەمەچەشنەکانیان.

بازاری "حەریر" چەندین بەرهەمەی دەستی خانمانی لە خۆیکۆکردۆتەوە وەک، ئێکسسواراتی خانمان، نەخشاندن و دیزاین کردنی مۆم، تابڵۆی قەبارە و وێنە جیاوازەکان و ئەو جوانکارییانەی بۆ رازاندنەوەی ناو ماڵ بەکاردێت.

هەر لەم بارەیەشەوە، ئەسما عەبدولستار یەکێکە لە خاوەن کارەکانی بازاری حەریرو دەڵێت، "رێکخستن و کردنەوەی ئەم جۆرە بازاڕانە دەرفەت و پاڵپشتییەکی راستەقینەن بۆ ئێمەی خانمان، تا بتوانین لە رێگەیەوە کار و بەرهەمەکانمان بناسێنین بە کڕیاران و ساغیان بکەینەوە."

رەغد، خانمێکی دیکەی بەشداربووە لەم بازارەداو دەڵێت، "کردنەوەی ئەم بازارە تەنها شوێنێک نین بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکان، بەڵکو ناوەندێکی هۆشیارکردنەوەو گرنگیدانە بە پڕۆژە بچوکەکانی خانمان، وتیشی، "دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئێمەی خانمان تا بتوانین لە رێگەیەوە تیشک بخەینە سەر بەهرەکانمان ئەزموونی کاری سەربەخۆ بکەین و فێربین، ئەمەش وا دەکات ئابووری خانمان دەوڵەمەندتربێت و هەوڵی ئەنجامدانی کاری سەربەخۆ بدات."

ئەوەش لە کاتێکدایە، کردنەوەی ئەم بازاڕانە و پشتیوانی کردنی لە لایەن کۆمەڵگا وا دەکات ئابووری خانمان گەشەسەندنی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت و سەکۆیەک بێت بۆ کارە بازرگانی و خانمە خاوەن کارەکان.


PM:02:11:26/01/2025














ئه‌م بابه‌ته 796 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت