بازاڕی شەقڵاوە و دڵی عێراقییەکان


وێستگەنیوز_راژان رزگار

شەقڵاوە یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای هەولێر، ساڵانە لە وەرزی هاوین و زستاندا گەشتیارێکی زۆر لە پارێزگاکانی عێراق و کوردستاندا سەردانی دەکەن، بە تایبەت لە شەودا بۆتە جێگەیەکی جوان و هەمەچەشنی و دڵی عێراقییەکان لە هەناوی کوردستاندا، هاوڵاتییەکی عێراقیش دەڵێت، "سحری شەقڵاوە و سروشت و خواردنەکانی وا دەکات هەست بکەیت لە جیهانێکی تردایت."

حسێن عەلی، هاوڵاتییەکی عێراقییە، لە چاوپێکەوتنێکیدا بە ئاژانسی شەفەق نیوزی عێراقیدا رایگەیاند، "سەردانەکەم بۆ شەقڵاوە ئەزموونێکی لەبیر نەکراو بوو، سحری شوێنەکە و سروشتەکەی وای لێکردم هەست بکەم لە جیهانێکی بێوێنەدام، بە تەواوی چێژم لە خواردنەوەی چای کوردی و بەرهەمە خۆمەڵییە کوردییەکان بینی."

وتیشی، "بەدەر لە خواردن و خواردنەوەکانی، کۆڵانە رووناکەکانی بازارەکەو کەشوهەوا فێنکەکەی شەوەکانمان نوێ دەکاتەوە و سحرێکی تر بە ناوچەکە دەبەخشێت."

هەر لەم بارەیەشەوە رائید محەممەد، لە بارەی شەقڵاوەوە دەڵێت، "بازاڕی شەقڵاوە لە بازاڕێک زیاترە، ئێرە ناوچەیەکی ڕۆشنبیرییە کە هەموو عێراقییەکان لە خۆی کۆدەکاتەوە، کەشوهەوای ئێرە پرە لە خۆشی بەجۆرێک وا هەست دەکەیت لە ناو خێزان و هاوڕێکانتدایت."

سەنا کەریم، خەڵکی کەربەلایەو دەربارەی شەقڵاوە دەڵێت، "سەرسامم بە کۆڵێکشن و بەرهەمە دەستییە ناوازەکانی ئەم بازارە، لێرە من زۆر دیاریم بۆ خێزان و هاوڕێکانم بردووە و دەزانم ئەوان زۆریان بەلاوە جوانە."

عەبدوڵڵا خەڵکی ئەنبارەو لەبارەی شەقڵاوەوە دەڵێت، "خواردنی ئێرە بۆ خۆی ئەزموونێکی لە بیرنەکراوە، کەبابی کوردیم تاقیکردەوە و تامێکی زۆر تایبەت بوو، سەبارەت بە کەشوهەوای ساردیش، سیمایەکی تایبەت بە بازاڕەکە دەبەخشێت کە وەسفی ناکرێ."

ئەوەش لە کاتێکدایە، شەقڵاوە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و کەشوهەواکەیەوە بۆتە ناوچەیەکی گەشتیاری سەرنجراکێش و دڵگیر بۆ گەشتیاران، بە تایبەت لە باشوور و ناوەراستی عێراق، هەروەها شەقڵاوە بە بازاڕەکەی ناسراوە و هەر کەسێک سەردانی بکات راستەوخۆ دەچێتە بازاڕەکەی کە بە هۆی بەروبوومە خۆماڵییەکەی و چەندین چێشتخانەو میوانخانە سەرنجی گەشتیارانی بەلای خۆیدا راکێشاوە.

هاوکات، لە شەقڵاوەداژمارەیەک پەیڕەوکارانی ئاینی مەسیحی و کلدانی بوونیان هەیە، هەروەها مەزارگە و کڵێسای تایبەتی خۆیان هەیە کە لە چەند بۆنەیەکی خۆیان و جەژنەکانیان سەردانی مەزارگەکانیان دەکەن.


PM:04:34:25/01/2025












ئه‌م بابه‌ته 556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت