واده‌یه‌كی‌ نوێ بۆ هاتنی‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ 10 راگه‌یه‌ندرا


وێستگه‌نیوز-
میدیاكانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ سبه‌ینێ‌ به‌غدا پاره‌ بۆ مووچه‌ ده‌نێرێت و هه‌فته‌ی‌ داهاتوو لیستی‌ مووچه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ میدیاكانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه‌ رایانگه‌یاند كه‌ "بڕیاره‌ سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ پاره‌ی مووچه‌ی مانگی تشرینی یه‌كه‌می مووچه‌خۆر و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی‌ میدیاكانی‌ پارتی‌ كه‌ ناوه‌كه‌ی‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌، ده‌ڵێت: "بڕیاره‌ له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا لیستی دابه‌شكردنی مووچه‌ رابگه‌یه‌ندرێت".

هاوكات له‌ زاری‌ دوو سه‌رچاوه‌ی‌ حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی كه‌ به‌ "به‌رپرس" ناویان بردووه‌، ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ كه‌ "ده‌بووایه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27ی تشرینی دووه‌می 2024  وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ پاره‌ی مووچه‌ی مانگی تشرینی یه‌كه‌می هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، به‌ڵام ناردنی پاره‌كه‌ بۆ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 28ی تشرینی دووه‌م دواخراوه‌ ئه‌گه‌ر هیچ كێشه‌یه‌كی ته‌كنیكی روونه‌دات".

 سه‌رچاوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ده‌ڵێت: "بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی بڕیاره‌ سبه‌ی بنێردرێت 760 ملیار دیناره‌، ئه‌گه‌ر پێنجشه‌ممه‌ هه‌موو پاره‌كه‌ش نه‌نێردرێت به‌شێكی زۆری ده‌نێردرێت".

 ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ سبه‌ینێ‌ 28ی‌ تشرینی‌ دووه‌مه‌، به‌ڵام تا ئێستا فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مووچه‌ی‌ مانگی‌ رابردوو "تشرینی‌ یه‌كه‌م"ی ئه‌م ساڵیان وه‌رنه‌گرتووه‌ و هیچ واده‌یه‌كیش بۆ دابه‌شكردنی‌ دیار نییه.

 ساڵی‌ پاریش حكومه‌تی‌ هه‌رێم مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م 10، تشرینی دووه‌م 11، كانوونی یه‌كه‌م 12ی 2023ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی دابه‌ش نه‌كرد.


PM:09:58:27/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 42364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت