کاردانەوەی سەرۆکی وڵاتان ئەرێنییە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئاگربەستی ئیسرائیل - لوبنان ستایش دەکرێت

‌خۆپیشاندانێک دژی جەنگی ئیسرائیل - لوبنان و داوای راگەیاندنی ئاگربەست دەکرێت

وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا

دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە 26ـی 11ـی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنیی ئیسرائیل، ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی لە لوبنان کە لەلایەن ئەمریکا و فەرەنساوە پێشنیار کرابوو پەسەند کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاگربەستی شەڕی حیزبوڵلای لوبنان و سوپای ئیسرائیل چووە بواری جێبەجێ کردنەوە، راستەوخۆ کاردانەوەی سەرۆک و بەرپرسانی جیهان بوونە سەرنجی میدیاکان.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ پێشوازی لە ڕاگرتنی شەڕ و جێبەجێکردنی ئاگربەست ڕاگەیاند و وتی: "پێشوازی لە کۆتایی هێنان بە پێشێلکارییەکانی دوژمنایەتی ڕژێمی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەکەین، لە هەمانکاتدا پشتیوانیمان بۆ حکومەت و خەڵکی لوبنان و مقاوەمە بەردەوام دەبێت و ناگۆڕێت".

نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری لوبنان پێشوازیی لە رێککەوتنی ئاگربەست کرد و بە هەنگاوێکی گرنگ بەرەو ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و سەقامگیربوونی لوبنان لێکیدایەو. هاوکاتم، سوپاسی رۆڵی سەرۆکی ئەمریکای کرد لە سەرکەوتنی پڕۆسەکەدا و بەڵینیدا کە لوبنان پابەندبێت بە رێککەوتنەکە و جێگیرکردنی سوپای لوبنان لە باشووری وڵاتەکە.

جینین پلاسخارت، رێکخەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لوبنان، رێککەوتنی ئاگربەستی بە دەستپێکێکی نوێ ناوبرد و گوتی پێویستە هەوڵی تەواوەتی بدرێت بۆ بەردەوامیپێدانی. وتیشی: ئەم رێککەوتنە دەستپێکێکە بۆ پرۆسەیەکی یەکلاکەرەوە، بە دەستەبەرکردنی سەلامەتیی هاوڵاتییانی مەدەنی لە هەردوو دیوی هێڵی شین، کە هێڵێکە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە لەنێوان لوبنان و ئیسرائیلدا کێشراوە؛ بەڵام هێشتا "کارێکی زۆر لەبەردەم هەموو لایەکدایە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی رێککەوتنەکە."

ئۆرسولا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا پێشوازیی لە ئاگربەستەکە کرد و بە "هەواڵێکی زۆر دڵخۆشکەر" وەسفیکرد؛ و وتیشی ئەم ئاگربەستە ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی بۆ لوبنان دەگەڕێنێتەوە.

ئەڵمانیاش بەجیا پێشوازی لە رێککەوتنەکە کرد و وتی ئەوە هیوایەکە بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی لە تەواوی ناوچەکە.

هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن لە کاتی پشتراستکردنەوەی ئاگربەستی نێوان هەردوولا، وتی کە "سەرۆکی فەرەنسا رۆڵی گرنگی لەم پرۆسەی راگرتنی جەنگدەدا هەبووە."، بەڵام بە جیا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: دەبێت ئەم رێککەوتنە رێگەخۆشکەربێت بۆ بەدیهاتنی ئاشتی لە غەززەش، هەروەها پێویستە پاش ئاگربەست، بەزووترین کات هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە لوبنان ئەنجامبدرێت.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاش لە کۆشکی سپی وتارێکی بەبۆنەی راگەیاندنی ئاگربەست ئاگربەست لە لوبنان پێشکەشکرد و وتی: "هەواڵێکی خۆشە بۆ هەمووان؛ ئەم رێککەوتنە، بەشێوەیەک داڕێژراوە تاوەکو ئاگربەستێکی درێژخایەن لە ناوچەکە بهێنێتە ئاراوە. جارێکی دیکە رێگە حیزبوڵڵا و رێکخراوە تیرۆرستییەکانی دیکە نادرێت ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل." 
 
بایدن دووپاتیشیکردەوە کە، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان کردووە و "ستایشی هەردووکیانی کردووە بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنە."

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کییەر ستارمەر، ستایشی ئاگربەستەکەی کرد و وتی، دەبوو زووتر ئەنجامبدرێت و لەمێژە دواکەوتووە، هیوایخواست چارەسەرێکی سیاسی بەردەوامی دۆخی لوبنان بکرێت، بەڵێنیدا هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی درێژخایەن و بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


AM:09:41:27/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت