بایدن پاش راگەیاندنی ئاگربەستی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا: کار دەکەین هەمان رێککەوتن بۆ غەززە بکەین


وێستگەنیوز_

سەرۆکی ئەمریکا، رێککەوتنی ئیسرائیل و لوبنانی بۆ راگرتنی جەنگی حیزبوڵڵا و ئیسرائیلی راگەیاند و دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتووش کار دەکەن هەمان رێککەوتن بۆ ئاگربەست لە غەززە بکەن.
 
درەنگانی شەوی سێشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2024 بە کاتی هەرێمی کوردستان، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی وتارێکی بەبۆنەی راگەیاندنی ئاگربەست لە جەنگی لوبنان پێشکەش کرد و رایگەیاند، "ئەو ئاگربەستە ئاسۆیەکی نوێیە بۆ لوبنان."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاگربەستی لوبنان لە کاتژمێر 04:00ـی بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە، بەکاتی لوبنان 'هەمان کات بەکاتی هەولێر' دەستپێدەکات. ئاگربەست لە لوبنان، هەواڵێکی خۆشە بۆ هەمووان." 
 
لە ئێستادا بایدن کەمتر لە دوو مانگی لەسەرۆکایەتی ئەمریکادا ماوە و دەڵێت، "ئەم رێککەوتنە، بەشێوەیەک داڕێژراوە تاوەکو ئاگربەستێکی درێژخایەن لە ناوچەکە بهێنێتە ئاراوە. جارێکی دیکە رێگە حیزبوڵڵا و رێکخراوە تیرۆرستییەکانی دیکە نادرێت ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل." 
 
ئاشکراشیکرد، پێش وتارەکە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان کردووە و ستایشی هەردووکیانی کردووە بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنە. 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نەیشاردەوە کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە نزیککردنەوەی هەردوولا تاوەکو بتوانن بگەنە ئاگربەست بۆ کۆتایی هێنان بەو جەنگە 13 مانگییە. 
  
هەروەها هۆشدارییدا کە حیزبوڵڵا هەر پێشێلکارییەک بکات، ئەوا "مافی ئیسرائیلە بەهەموو هێزێکی وەڵامی ئەو پێشێلکارییانە بداتەوە و بەرگری لە خاک و ئاسایشی هاوڵاتیانی بکات."


AM:08:54:27/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت