بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ: سەرژمێری پەیوەندی بە ئایندەی هەرێمی کوردستانەوە هەیە


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2024، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی لەبارەی پرۆسەکە دایەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، دەڵێت: دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکان پێویستە لە ڕۆژانەی 17 و 18 و 19 بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی سەرژمێری لە ماڵەکانیان بن، چونکە سەرژمێری پرۆسەیەکی نیشتمانی گرنگە و پەیوەندی بە ئاییندەی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، پرۆسەکە سیاسی نییە.

باسی لەوەشکرد، لە دوای چەندین کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزارەتی پلاندانانی عێراق، توانرا داخوازییەکانی کورد لە پرۆسەکە لەبەرچاو بگیرێت و سەرژمێری 1957 کراوەتە بنەما بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی سنووری هەرێم.

لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆ وتی: دەسەڵات دراوەتە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ئەوەی  ئەو شوێنانەی کە پێویستە بە شێوەیەکی سنووردار جوولەیان تێدا بێت، هەروەها لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەدا ڕۆژنامەنووسان قەدەغەی هاتووچۆ نایانگرێتەوە بەو مەرجەی لە دەزگایەکی ڕاگەیاندن کار بکەن و ناسنامەیان هەبێت، هەروەها جوڵەی بازرگانی بەردەوام دەبێت و فڕۆکەخانەکانیش گەشتەکانیان بەردەوام دەبن و نانەواخانەکانیش کراوە دەبن.

جەختی لەوەش کردەوە، قەدەغەی هاتووچۆ تەنیا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە، ئەوانەی بیانین و نیشتەجێی هەرێم و وڵاتەکەن قەدەغەکە نایانگرێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ئاماژەی بەوەشدا، ئەوانەی کارتی نیشتمانیان هی ناوچەکانی ماددەی 140ـە پێویستە بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان و لەوێدا خۆیان تۆمار بکەن، بەڵام ئەگەر لەو ناوچانە شوێنێکیان نەبێت بۆ مانەوە، ئەوا ئاسایییە لەو شوێنە خۆیان تۆمار بکەن کە لێی نیشتەجێن، بەو مەرجەی ئاماژە بەوە بکەن کە خەڵکی ناوچەکانی ماددەی 140ـن.

هاوکات هێمن میرانی وتیشی: هەر هاووڵاتییەک ڕێگری لە بژمێرەکان بکات یان زانیاری تەواویان پێنەدات و خۆی تۆمار نەکات ئەوا زیانێکی زۆر بەخۆی دەگەیەنێت و، لەناو داتابەیسی عێراق ناوی نامێنێت وەک هاونیشتمانییەکی وڵاتەکە.

ئاشکراشیکرد، هاووڵاتییان ئەگەر لە ماڵەوەش نەبن ئاساییە، بەڵام دەبێت بەڵگەنامەی فەرمی خۆیان لە ماڵەوە جێبهێڵن و سەرۆکی خانەوادەکە دەتوانێت تۆماریان بکات.

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، پرۆسەکە سێ قۆناغە، لە ڕۆژانی 17 و 18 و 19  ئەم مانگە قۆناغی یەکەمی دەست پێدەکات و بژمێرەکان سەردانی ماڵەکان دەکەن، قۆناغی دووەم لە 20 و 21 بژمێرەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە تۆمارکردنی هاونیشتمانییان جارێکە دێکە سەردانی ماڵەکان دەکەنەوە.


PM:06:12:17/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 1100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو