سه‌رپه‌رشتی هونه‌ریی سه‌رژمێریی له‌ هه‌ولێر: گرنگه‌ 20 و 21ی مانگ هه‌موو خێزانه‌كان له‌ ماڵه‌كانیان بن


وێستگه‌نیوز-
سه‌رپه‌رشتی هونه‌ریی سه‌رژمێریی له‌ هه‌ولێر، جه‌خت له‌ گرنگیی پرۆسه‌ی سه‌رژمێریی ده‌كاته‌وه‌ و به‌ پێویستی ده‌زانێت، ڕۆژانی 20 و 21ـی مانگ هه‌موو خێزانه‌كان له‌ ماڵه‌كانیان بن و چاوه‌ڕێی بژمێره‌كان بكه‌ن.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 16-11-2024، پرۆسه‌ی سه‌رژمێریی گشتیی دانیشتووان به‌ شێوه‌ی كرده‌یی (مه‌یدانی) له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێ كرد.

ئیبراهیم ره‌حمان، سه‌رپه‌رشتی هونه‌ریی سه‌رژمێریی له‌ پارێزگای هه‌ولێر، له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: "پرۆسه‌ی سه‌رژمێریی، 15 قه‌زا و 46 ناحیه‌، 735 گه‌ڕه‌ك و هه‌زار و 350 گوندی سنووری پارێزگای هه‌ولێر له‌خۆ ده‌گرێت و به‌سه‌ر 10 هه‌زار و 107 بلۆكدا دابه‌ش كراون".

ئیبراهیم ڕه‌حمان ده‌ڵێت: "زیاتر له‌ 10 هه‌زار بژمێر پرۆسه‌ی سه‌رژمێریی به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن و له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا، له‌ 16 تاوه‌كو 19ی مانگ، سه‌ردانی هه‌موو یه‌كه‌كان ده‌كه‌ن به‌ شوێنه‌ نیشته‌جێبوون و نانیشته‌جێبوونه‌كان".

باسی له‌وه‌شكرد "پێویسته‌ رۆژانی 20 و 21ـی مانگ، هه‌موو خێزانه‌كان له‌ ماڵه‌كانیان چاوه‌ڕێی بژمێره‌كان بكه‌ن، تاوه‌كو چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ بكه‌ن و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیان بده‌نه‌وه‌".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ "زۆر گرنگه‌ ئه‌و خێزانانه‌ی ڕۆژانی دیكه‌ له‌ ماڵ نه‌بوون، 20 و 21ـی مانگ له‌ ماڵ بن، چونكه‌ 22ی مانگ فۆرمه‌كان داده‌خرێن و له‌ ناونووسین بێبه‌ش ده‌بن".

راشیگه‌یاند كه‌  "22ـی مانگ، قۆناغی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی هه‌ژماركردن ده‌ست پێ ده‌كات كه‌ 77 پرسیار له‌خۆ ده‌گرێت".

 كاتژمێر 12:00ـی شه‌وی 19 له‌سه‌ر 20ـی ئه‌م مانگه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی تایبه‌ت به‌ پرۆسه‌ی سه‌رژمێریی، له‌ هه‌موو پارێزگاكانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ست پێ ده‌كات و تاوه‌كوو كاتژمێر 12ـی شه‌وی 21 له‌سه‌ر 22ـی مانگ به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌و ماوه‌یه‌دا هاتوچۆی ئۆتۆمبێل له‌نێوان هه‌موو گوند، كۆمه‌ڵگه‌، ناحیه‌، قه‌زا و پارێزگاكانی عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا قه‌ده‌غه‌یه‌، ته‌نها له‌ حاڵه‌تێكی مرۆڤیی نه‌خوازراو یان حاڵه‌تێكی زۆر پێویست نه‌بێت كه‌ ئه‌و كات ڕێگه‌ به‌ هاووڵاتییان ده‌درێت هاتووچۆ بكه‌ن.



AM:09:52:16/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 952 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو