د. دارا ڕەشید: سەرژمێری پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی یەکلادەکاتەوە


وێستگەنیوز_ هێڤاو هیوا

د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی لە عێراق و پارێزگاکانی هەرێم ساز کرد و تێیدا جەختی لە گرنگیی پرۆسەی سەرژمێریی کردەوە رایگەیاند: پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدراڵی یەکلا دەکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی 11ـی 2024، . د. دارا ڕەشید رایگەیاند، دوای چەندان کۆبوونەوە و گفتوگۆی درێژ، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا زۆرینەی داواکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری جێبەجێ بکات و نەیشاردەوە تاوەکوو ئێستا "ترسیان هەیە پرۆسەکە بە سیاسی" بکرێت. 

وەزیری پلاندانان پرۆسەی سەرژمێری بە "زۆر گرنگ" بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ناو برد و باسی لەوە کرد، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵی یەکلا دەکاتەوە و کاریگەریی لەسەر زیادکردنی ژمارەی نوێنەران لە پەرلەمانی عێراق دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری لە گفتوگۆدان و جەختمان لەوە کردووەتەوە، نابێت سەرژمێری بە سیاسی بکرێت و دژی پێکهاتەکانی عێراق، بەتایبەت کورد و تورکمان، کریستیان و پێکهاتەکانی دیکە بەکاربهێنرێت."

ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی وایە بە درێژایی مێژوو "بەداخەوە پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق سیاسیی بووە. هەر پرۆسەیەکی سەرژمێریش کە لە عێراق کرابێت، پێشتر ئامادەکاریی کراوە و گۆڕانکاریی دیمۆگرافی و جۆگرافی کراوە".  

باسی لەوەشکرد، "دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، وەکو وەزارەتی پلاندان، لەگەڵ سێ کابینەی وەزاریی حکومەتی عێراق گفتوگۆیان لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی کردووە کێشەی سەرەکی ئێمەش، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بووە."

"پێشتریش هەموو لایەکمان ئاگادار کردووەتەوە، کێشەی یاسایی و دەستووریمان لەگەڵ ئەم سەرژمێرییە هەیە.. چونکە ناکرێت سەرژمێرییەک بکرێتە جێگرەوەیەک بۆ پرۆسەی ژماردن کە لە ماددەی 140ـی دەستووری عێراقدا هاتووە." د. دارا ڕەشید وای وت.

لەبارەی ئامادەکاریەکانیش بۆ پرۆسەی سەرژمێریی دڵنیایی دا لەوەی، "وەکو وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیومانە بە کەمترین ماوە و بودجە، زۆرترین کار بکەین". 

تەواوی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکە: 


AM:11:28:14/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو