سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی سەرژمێری: ترسمان هەیە ئەوەی بە ئاگر و ئاسن نەتوانرا بکرێت ئێستا بە دیموکراسی بیکەن
وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، "مەترسی ئەوە دەکەن ئەوەی بە ئاگر و ئاسن نەتوانرا بکرێت ئێستا بە دیموکراسی بیکەن."
ئەمرۆ چوارشەممە 13ـی 11ـی 2024، سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پرسی سەرژمێری گشتی لە عیراقدا رایگەیاند: "عەرەب لە ئەوسەری دنیا هێنراون و لە کەرکووک نیشتەجێ کراون و کورد دەرکراون، لە ساڵی 2003ـوە باسی سەرژمێری دانیشتوان کراوە بەڵام هەر دواخراوە. ئێمە پێمان وابووە ئەوکاتە سەرژمێری دروست و بێگەرد دەبێت، ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێکرا و بارودۆخ ئاسایی کرایەوە، ئەو کوردانەی تەعریب کراون ببرێنەوە جێگەی باو و باپیرانیان و عەرەبی هاوردە نەمێنێت کە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە نیشتەجێکراون، ئەوکات سەرژمێری دروستە."
"دەمەوێ بە هەموو هاوڵاتیان بڵێم، سەرژمێری بابەتێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی گشتگیرە، مەترسی ئەوە دەکەین کە ئەوەی بە ئاگر و ئاسن نەتوانرا جێبەجێ بکرێت، ئێستا بە رێگەی دیموکراسی لە دەرگای پشتەوە بکرێت." وتەبێژی یەکێتی وای وت.
هەروەها داوایەک ئاراستەی هاوڵاتیان دەکات و جەختی کردەوە لەوەی: "نەکەن بڵێن ناچین، ئەمە پرسی هیچ حزب و لایەنێک نییە، پرسێکی نیشتیمانی گشتگیرە، داواکارین هاوڵاتیان بچنەوە شوێنەکانی خۆیان؛ کەرکووکیەکان بۆ کەرکووک، قەرەتەپەیی بۆ قەرەپ شەنگالییەکان بۆ شەنگال و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە، داواکارین بڕۆنەوە و لە ناوچە، ناحیە و لادێکەی خۆتان بەشداری سەرژمێری بکەن."
سەعدی ئەحمەد پیرە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: یەکێتی سوپاسی هەموو لایەک دەکات کە بەشداری لە هەڵبژاردن کردووە. هاوڵاتیان لە ئیدارەی ئێمە، کێشەی ئەمنییەت و ئاو و کارەبا و ئابووری هەبوو، بەڵام دووبارە هاتن و متمانەیان دایەوە بە لایەنە سیاسییەکان. ئەمە جێگەی خۆشحاڵییە."
ئاماژەی بەوەشکرد، حیکمەت لەوە نییە چۆن دەنگ بەدەست دەهێنیت، بەڵکو لەوەدایە چۆن سوود لەو دەنگە دەبینیت و گۆرانکاری دەکات، "یەکێتی سوپاسی هەموو لایەک دەکات کە بەشداری لە هەڵبژاردن کردووە."
ئەوەشی خستەڕوو، "کاک بافڵ باسی کێشەکانی خەڵکی کردووە وەک زمانحاڵی کەسانی ناڕازیی، نەک بەو مانەیەی یەکێتی ئۆپۆزسیۆن بووە. ئەو نارەزاییە بۆ پێکهێنانی حکومەت نییە و بەبێ یەکێتی و پارتیش حکومەت پێک نایەت."
دەربارەی ئەو بریارەی رۆژی دووشەممە 12ـی 11ـی 2024، کە تێیدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاندا، نابێت ئەنجامی سەرژمێریی لە ناوچەکانی ماددەی 140 بڵاوبکرێتەوە، "تا ئەو کاتەی ئەو لێژنەیەی کە پێکهێنراوە بۆ بەراوردکردنی داتا و زانیاری هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە بە سەرژمێری ساڵی 1957 دەکرێت، پاشان ئەنجامی سەرژمێری ئەو ناوچانە بڵاو دەکرێتەوە." وتەبێژی یەکێتی دەڵێت: رادەگەیەندرێت یان نا جارێ ڕوون نییە، رەنگە بریاری رانەگەیاندنی سەرژمێری ناوچەکانی ماددەی 140 گرنگبێت، ئێوە واز لەوە بێنن و بچن بەشداری بکەن."
لەبارەی هاتنی محەممەد شیاع سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە وتی: هاتنی سەرۆک وەزیران بۆ هەرێمی کوردستان، دوای ئەم هەنگاوە گەورەیەی کە سەرکەوتنی هەڵبژاردن بوو، گرنگە بۆ عێراق کە بڵێت لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنێکی زۆر باش بە بەشدارییەکی باشی خەڵک کراوە، ئەمە رێخۆشکەرە بۆ ئەو هەڵبژاردنەی ساڵی داهاتوو لە عێراق دەکرێت، هەروەها سەرۆک وەزیران چۆن سەردانی بەسرە دەکات، دەبێت بەو جۆرەش سەردانی پارێزگاکانی هەرێم بکات.
جەختیشی کردەوە لەوەی، "دڵنیابن، هەرێمێکی بەهێز بەغدا بەهێز دەکات، بەغدایەکی بەهێز، هەرێم بەهێز دەکات.
AM:10:57:13/11/2024
ئهم بابهته 892
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت