ئیسرائیل دان به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی ئامێره‌كانی‌ په‌یجه‌ردا ده‌نێت


وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10ی تشرینی دووه‌می 2024، ئیسرائیل به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ دانینا به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی ئامێره‌كانی په‌یجه‌ردا كه‌ حزبوڵای لوبنانی به‌كاریده‌هێنا.

بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل رایگه‌یاند: "كه‌سانێك له‌ ده‌زگای ئاسایش هه‌بوون، ناڕازیبوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌‌"، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆیه‌‌ بۆ به‌رپرسیارێتی ئیسرائیل له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و رووداوه‌.

له‌ مانگی ئه‌یلولی رابردوو، ته‌قینه‌وه‌ی ئامێره‌كانی په‌یجه‌ر و هاوكات ته‌قینه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك ئامێری‌ بێته‌لی دیكه‌، بوونه‌ هۆی كوژرانی 12 كه‌س و برینداربوونی هه‌زاران كه‌سی دیكه‌.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی سكای نیوزی عه‌ره‌بی، ده‌زگای هه‌واڵگری ئیسرائیل (مۆساد)، ماده‌یه‌كی ته‌قینه‌وه‌ی له‌ ناو هه‌زاران ئامێری په‌یجه‌ر چاندبوو، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و ئامێرانه‌ بگه‌نه‌ ده‌ست ئه‌ندامانی حزبوڵا، به‌ڵام له‌ كاتی ته‌قینه‌وه‌ی ئامێره‌كاندا، ته‌لئه‌بیب به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی نه‌خسته‌ ئه‌ستۆی خۆی.

ناتانیاهۆ له‌ ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی حكومه‌تدا و له‌ وته‌یه‌كیدا، هه‌ندێك كه‌سی له‌ ده‌زگای ئه‌منی و ئاستی سیاسی، تۆمه‌تبار كرد -بێ ئه‌وه‌ی ناویان بێنێت- به‌وه‌ی رازینه‌بوون ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌‌ و هه‌ندێك ئه‌ركی دیكه‌ جێبه‌جێ بكرێن، له‌ نمونه‌ی كوشتنی حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌مینداری گشتی حزبوڵا و له‌شكركێشی بۆ سه‌ر ره‌فه‌ح له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، به‌و پاساوه‌ی ئه‌مریكا رازی نابێت هاوكارییان بكات.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ دانوستانه‌كانی تایبه‌ت به‌ ئازادكردنی بارمته‌كان كه‌ له‌ غه‌ززه‌ ده‌سه‌به‌سه‌رن "ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ناوخۆ و ده‌ره‌كی به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی درۆ و چه‌واشه‌كاری تۆمه‌تبار كرد".

ناتانیاهۆ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ له‌و كاته‌وه‌ی شه‌ش بارمته‌ له‌ تونێلێكی ره‌فه‌ح و له‌ كۆتاییه‌كانی مانگی ئابی رابردووه‌وه‌ كوژران "حه‌ماس هیچی نه‌كردووه‌ ته‌نها پێداگری نه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی".


PM:07:15:10/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 1520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت