سوپای پاسداران زانیاری‌ نوێی ده‌رباره‌ی‌ قائانی بڵاوكرده‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
به‌رپرسێكی سوپای پاسدارانی ئێران رایگه‌یاند كه‌ ئیسماعیل قائانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس باشه‌ و له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا له‌لایه‌ن عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری باڵای ئه‌و وڵاته‌وه‌ مه‌دالیایی رێزلێنانی پێده‌به‌خشرێت.


ئیبراهیم جه‌باری، راوێژكاری فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران له‌ په‌راوێزی كۆنفرانسی "مافی مرۆڤی ئه‌مریكا له‌ روانگه‌ی رێبه‌ری ئێرانه‌وه‌" به‌  رۆژنامه‌نووسانی وڵاته‌كه‌ی وت كه‌ "ته‌ندروستی ئیسماعیل قائانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس باشه‌ و له‌ رۆژانی داهاتوودا، له‌ لایه‌ن عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری باڵاوه‌ مه‌دالیایی فه‌تح وه‌رده‌گرێت".

پێشتر دوو به‌رپرسی باڵای ئاسایشی ئێران به‌ ئاژانسی‌ رۆیته‌رزیان راگه‌یاندبوو كه‌ دوای كوژرانی حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌مینداری گشتی حزبوڵا له‌ هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیلدا بۆ سه‌ر لوبنان، ئیسماعیل قائانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی‌ قودسی سوپای پاسدارانی ئێران چوه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌ و له‌و كاته‌وه‌ هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كیان له‌گه‌ڵیدا پچڕاوه‌.

لای‌ خۆیه‌وه‌ كه‌ناڵی 12ی ئیسرائیل بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئیسماعیل قائانی له‌ هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیلدا پێكراوه‌، به‌ڵام دڵنیانین له‌وه‌ی له‌ هێرشه‌كه‌دا گیانی ده‌ستدابێت.

رۆژی دووشه‌ممه‌، ئیره‌ج مه‌سجدی، جێگری فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی‌ قودس، ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ گوایه‌ قائانی به‌هۆی چڕبوونه‌وه‌ی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئامانجه‌كانی حزبوڵا له‌ باشووری به‌یروت زیانی پێگه‌یشتووه‌.

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2020دا له‌ هێرشێكی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بۆ سه‌ر به‌غدا، قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی‌ قودسی‌ كوشت، تاران، ئیسماعیل قائانی وه‌ك فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی‌ قودس كه‌ به‌رپرسی ئه‌ركه‌ سه‌ربازی و هه‌واڵگرییه‌كانی سوپای پاسدارانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ده‌ستنیشان كرد.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ خامنه‌یی مه‌دالیای فه‌تحی به‌خشییه‌ ئه‌میر عه‌لی حاجی زاده‌ فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران، به‌هۆی رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له‌ هێرشی مووشه‌كیی تاران له‌ 1ی ئۆكتۆبه‌ردا بۆ سه‌ر ئیسرائیل.

ئێران له‌ ساڵی 1989وه‌ مه‌دالیای فه‌تح ده‌به‌خشێته‌ قاره‌مانانی جه‌نگ، سه‌ركرده‌ سه‌ربازی و سیاسییه‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌شدارییان له‌ شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران و عێراق له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا كردووه‌.


PM:10:11:09/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 24824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو