رێباز حه‌ملان كاتی‌ ده‌ستكردن به‌ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ ئه‌یلولی‌ راگه‌یاند


وێستگه‌نیوز

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ به‌غدا گوژمه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌ بڕی 329 ملیار دینار بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناردووه‌، ده‌شڵێت: "هه‌ر كاتێك به‌غدا 243 ملیار دیناره‌كه‌ی‌ نارد، ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ ئه‌یلول ده‌كرێت".

رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاڤا وتی‌: "ئه‌مڕۆ به‌غدا گوژمه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌ بڕی 329 ملیار دینار بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناردووه‌".

وتیشی‌: "هه‌ر كاتێك 243 ملیاره‌كه‌ گه‌یشت ده‌ست به‌ داشكردنی مووچه‌ی مانگی نۆ ده‌كرێت و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ئاماده‌كاری ته‌واوی كردووه‌".

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ مووچه‌ی هه‌ر مانگێك پێویستی به‌ 998 ملیار دیناره‌، وه‌زاره‌تی دارایی عێراق پێنج ڕۆژ پێش ئێستا یه‌كه‌م گوژمه‌ی به‌ بڕی  598 ملیاری دینار بۆ مووچه‌ی مانگی نۆی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی شارستانی و فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست ناردبوو، ئه‌مڕۆش بڕی 329 ملیار دیناری بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناردووه‌، واته‌ تاوه‌كو ئێستا 927 ملیار دینار نێردراوه‌.

سبه‌ی سێشه‌ممه‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی هه‌شت كۆتایی دێت. پێشتر وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاندبوو، له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی مووچه‌ی مانگی هه‌شت و خه‌رجكردنی مووچه‌ی مانگی نۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌و لێبڕینانه‌ی له‌ مووچه‌ی مانگه‌كانی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ تا مانگی هه‌شت ڕاگیرابوون (كه‌ بڕه‌كه‌ی 243 ملیار دیناره‌) له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، راسته‌وخۆ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی نۆ ده‌كرێت.


PM:08:51:07/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 42296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت