مەسرور بارزانی: پێتان دەڵێم پارتی بوەستێت داگیرتان دەکەن و بێ پارتی هیچتان پێناکرێت
وێستگەنیوز_
ئەمرۆ چوارشەممە، 2ـی 10ـی 2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ قوتابیان، لاوان و ئافرەتان لە شاری هەولێر رایگەیاند، "خوا یاربێت، لەم هەڵبژاردنە گەورەترین سەرکەوتن بە دەست دەهێنین". وتیشی، "پێتان دەڵێم پارتی بوەستێت داگیرتان دەکەن و بێ پارتی هیچتان پێناکرێت."
لە میانی وتارێکیدا، مەسرور بارزانی رایگەیاند: هەندێک لایەنی سیاسیی بەردەوام هەوڵی ئەوەیان داوە لاوانی هەرێمی کوردستان "بێ ئومێد بکەن، پارتی هاتووە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هیوا بۆ لاوانی هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە".
جەختیشیکردەوە لەوەی، "هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان چارەنووسساز دەبێت" و داوای کرد، بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی مەدەنییانە و دیموکراسییانە بەڕێوەبچێت.
جێگری سەرۆکی پارتی باسی لەوەشکرد، "ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەری دەخات هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چ حزبێک و بڕیارێکن. هۆکاری ئەوەی پارتی لە هەموو هەڵبژاردنەکان یەکەم بووە، ئەوەیە کە پارتی ئەم ئەزموونەی دروستکردووە و پارتیش ئەم ئەزموونە دەپارێزێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: "پارتی بە تەنها زۆر دەستکەوتی هەبووە، بەڵام هیچ لایەنێکی دیکە بەبێ پارتی نەیتوانیوە دەستکەوتی هەبێت".
مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت، "نەمان ویستووە خەڵک لە ئێمە بترسێت و بە چاوسوورکردنەوە خەڵک لەگەڵ ئێمە بێت، دەمانەوێت خەڵک بەخۆشەویستی لەگەڵ پارتی بێت. ئێمە قەت شەڕخواز نەبووین و هەمیشە داوای ئاشتیمان کردووە، بەڵام ڕۆژێک لە ڕۆژان ئامادەنەبووین سازش لەسەر مافی خەڵکی کوردستان بدەین."
جێگری سەرۆکی پارتی پەیامێکی ئاراستەی لایەنەکانی دیکە کرد و وتی: پەیامێکم هەیە بۆ ئەو لایەنانەی پەلاماری پارتی دەدەن، هەندێک هێڵ هەیە نەیبەزێنن و بایی ئەوەندەی تێدا بهێڵنەوە بیانبوورین.
لە کۆتاییشدا دووپاتیکردەوە کە هیچ کەس ناتوانێت کۆتایی بە هەرێمی کوردستان بهێنێت و وتی، "لایەن هەیە دروشمی هەڵگرتووە کۆتایی پێدەهێنین، کۆتایی بەچی دەهێنن؟ بە هەرێمی کوردستان؟ وەڵامی ئێمە یەک وشەیە: ناتوانن."
PM:04:19:02/10/2024
ئهم بابهته 440
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت