مه‌سرور بارزانی: زۆر کەس و لایەن بەشدارییان لە ریفراندۆم کرد، بەڵام دواتر هەڵویستی جیاوازیان وەرگرت
وێستگه‌نیوز-
جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی به‌شدارییان له ریفراندۆم كرد و ده‌نگیشیان دا، به‌ڵام دواتر هه‌ڵویستی جیاوازیان وه‌رگرت، به‌و شكسته سایكۆلۆجییهی تووشی بوون، خوێندنه‌وه‌ی جیاوازیان بۆ ریفراندۆم كرد، ده‌شڵێت: "هه‌ڵبژاردن تاكه رێگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی شێوازی حكومڕانی له وڵاته‌كه‌مان دیاری بكه‌ین".
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 1ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، مه‌سرور بارزانی وه‌ك جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له شاری هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ی له سه‌ندیكاكانی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه و له وتارێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "پارتی ئه‌وه حزبه بووه كه رۆژێك له رۆژان ئاماده نه‌بووه كه دان به‌وه‌دابنرێت بستێك خاكی كوردستان جیا بكرێته‌وه، هاوكات ئاماده‌بوو شۆڕشێكی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه دابنێت".
مه‌سرور بارزانی وتی: "پارتی ئه‌و حزبه‌یه كه له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی بارزانی نه‌مر ئاماده نه‌بوو واز له كه‌ركوك بهێنێت، چونكه پێی وابوو هیچ به‌شێكی خاكی كوردستان له كوردستان جیا ناكرێته‌وه".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه ئه‌جێندای پارتی هه‌میشه بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان بووه، پارتی شانازی به‌وه ده‌كات كه رۆژێك له رۆژان سازشی له‌سه‌ر مافه ره‌واكانی گه‌لی كورد نه‌كردووه و هه‌میشه خۆی كردووه‌ته‌وه قوربانی نه‌ته‌وه و خه‌ڵكی كوردستان".
مه‌سرور بارزانی له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌وه باسی له‌وه كرد كه "پارتی ئه‌و پارتییه بوو كه به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك بارزانی نیشانی هه‌موو جیهانی دا ئیراده‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ئیرادهیهكه كه هه‌رگیز ناشكێت و بڕیاری ریفراندۆمی دا، رێفراندۆمیش به ده‌نگی زۆرینه‌ی گه‌لی كوردستان سه‌ركه‌وت، ئه‌مه‌ش شانازییه‌كی دیكه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانه".
ده‌شڵێت: "زۆر كه‌س و لایه‌ن هه‌بوون له‌گه‌ڵ پارتی بوون و چاوه‌ڕێی ده‌ستكه‌وتی زیاتر بوون، بۆیه شان به شانی پارتی به‌شدارییان له ریفراندۆم كرد و ده‌نگیشیان دا، به‌ڵام دواتر هه‌ڵویستی جیاوازیان وه‌رگرت، به‌ڵام ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه به‌و شكسته سایكۆلۆجییهی كه تووشی بوون، خوێندنه‌وه‌ی جیاوازیان بۆ ریفراندۆم كرد".
جێگری سه‌رۆكی پارتی راشیگه‌یاند كه "ڕیفراندۆم كه‌مترین مافی هاووڵاتیه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ی باس بكات بڵێت من چیم ده‌وێت، هه‌وڵێكی زۆر درا ئیراده‌ی گه‌لی كورد بشكێندرێت، به‌ڵام پارتی نه‌یهێشت ئه‌و ئیراده‌یه بشكێندرێت و ریفراندۆمی سه‌رخست".
PM:06:31:01/10/2024
ئه‌م بابه‌ته 480
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت