به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مریكا: ئێران ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئیسرائیل


وێستگه‌نیوز-

ئاژانسی ڕۆیته‌رز له‌ زاری به‌رپرسێكی باڵای كۆشكی سپییه‌وه‌، بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ ئێران ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی مووشه‌كی بالیستی بۆ سه‌ر ئیسرائیل له‌ نزیكترین كاتدا.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ده‌ڵێت: "هه‌ر هێرشێكی سه‌ربازی راسته‌وخۆی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل لێكه‌وته‌ی خراپی‌ بۆ سه‌ر تاران ده‌بێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ واشنتۆن چالاكانه‌ پاڵپشتی ئاماده‌كارییه‌كان ده‌كات بۆ به‌رگریكردن له‌ ئیسرائیل له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م هێرشه‌دا.

هاوكات په‌یامنێری ئه‌كسیۆس ئاشكرای كردووه‌ كه‌ "واشنتۆن چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێران خۆی بۆ هێرشێكی مووشه‌كی بالیستی له‌ نزیكترین كاتدا له‌ دژی ئیسرائیل ئاماده‌ ده‌كات".

وته‌بێژی سوپای ئیسرائیل ده‌رباره‌ی‌ ئه‌م راپۆرتانه‌ رایگه‌یاند كه‌ "تا ئێستا هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئاسمانیمان له‌ ئێرانه‌وه‌ ده‌ستنیشان نه‌كردووه‌".

ده‌شڵێت: "فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مریكا بۆ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئێران ئاماده‌یه‌ و سیسته‌می به‌رگری ئاسمانیمان به‌ ته‌واوی ئاماده‌یه‌”.

وته‌بێژی سوپای ئیسرائیل جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ "هه‌ر هێرشێكی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل ده‌رئه‌نجامی ده‌بێت”.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ لوید ئۆستن وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ یۆاڤ گالانت هاوتا ئیسرائیلییه‌كه‌ی قسه‌ی كرد و پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كان و ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئیسرائیلیان له‌ لوبنان تاووتوێ كرد.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ له‌لایه‌ن پنتاگۆنه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هاتووه‌ كه‌ ئۆستن به‌ ڕوونی بۆ گالانتی راگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئه‌مریكا پشتیوانی له‌ مافی ئیسرائیل ده‌كات بۆ به‌رگریكردن له‌ خۆی".



PM:05:36:01/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 1096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت