سوپای ئیسرائیل داوای چۆڵكردنی به‌په‌له‌ی به‌شێك له‌ باڵه‌خانه‌كانی باشووری به‌یروت ده‌كات


وێستگه‌نیوز-
سوپای ئیسرائیل داوای چۆڵكردنی به‌په‌له‌ی به‌شێك له‌ باڵه‌خانه‌كانی گه‌ڕه‌كی باشووری به‌یروتی كرد.


سوپای ئیسرائیل داوای له‌ دانیشتوانی شارۆچكه‌ سنوورییه‌كانی باشووری لوبنان كرد ناوچه‌كه‌ چۆڵ بكه‌ن، هه‌روه‌ها ڕێنمایی توندی بۆ دانیشتوانی جه‌لیلی سه‌ره‌وه‌ ده‌ركرد كه‌ له‌ نزیك ناوچه‌ پارێزراوه‌كان بمێننه‌وه‌.

كه‌ناڵی‌ سكای‌ نیوز له‌ زاری‌ په‌یامنێره‌كه‌یه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ پێشبینی‌ ده‌كرێت هێرشی زه‌مینی ئیسرائیل له‌ كه‌رتی ڕۆژهه‌ڵاتی باشووری لوبنانه‌وه‌ ده‌ستپێبكات.

په‌یامنێره‌كه‌ی‌ سكای‌ نیوز باسی‌ له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ هێرشه‌ ئاسمانییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیل چه‌ند گوندێكی باشووری لوبنانی كرده‌ ئامانج.

لای‌ خۆیه‌وه‌ ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی لوبنان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ سوپای ئیسرائیل هه‌ڵمه‌تێكی‌ گه‌ڕان و پشكنینی‌ له‌ چوارده‌وری‌ كفر شوبا له‌ باشووری لوبنان ده‌ستپێكردووه‌، هاوكات فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ ئیسرائیل به‌ ئاسمانی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌یدا ده‌فڕن.
ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ‌ كۆتاییهاتنی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زاری‌ ئه‌منی‌ بچووكراوه‌ له‌ ئیسرائیل و ده‌ستپێكردنی‌ وتووێژه‌كانی‌ بنیامین ناتانیاهۆی‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ‌ به‌شێك له‌ وه‌زیره‌كان.

كاتێكی‌ پێشتری‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆش سوپای لوبنان ده‌ستیكرد به‌ دووباره‌ جێگیركردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ نزیك سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل.
پێشتر ماتیۆ میله‌ر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ ڕۆژنامه‌نووسانی ڕاگه‌یاند: "ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێیان وتم، كه‌ له‌ ئێستادا ئیسرائیل ئۆپه‌راسیۆنی سنووردار ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ژێرخانی حزبوڵای لوبنان له‌ نزیك سنووره‌كان ده‌كه‌نه‌ ئامانج”.
هاوكات ئاژانسی رۆیته‌رز به‌ پشتبه‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "سوپای لوبنان به‌ دووری 5 كیلۆمه‌تر له‌ سنووری ئیسرائیل ده‌كشێته‌وه‌”.

به‌پێی ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاندووه‌، پێشتر ئیسرائیل ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ زه‌مینییه‌ "سنوورداره‌كان" ئاگاداركرده‌وه‌ كه‌ ژێرخانی حزبوڵا له‌ ناو خاكی لوبنان ده‌كه‌نه‌ ئامانج.

ماتیۆ میله‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسانی وت: "راپۆرته‌كانم بینی سه‌باره‌ت به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ زه‌مینییه‌كان هه‌ندێك گفتوگۆمان له‌گه‌ڵیان كرد سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ و له‌م كاته‌دا ئاگاداریان كردینه‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سنوورداره‌كانن كه‌ ته‌ركیزیان خستۆته‌ سه‌ر ژێرخانی حزبوڵا له‌ نزیك سنووره‌كان”.
هاوكات ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ سوپای ئیسرائیل "ناوچه‌یه‌كی سه‌ربازی داخراو"ی له‌ به‌شێك له‌ سنووری باكووری ئیسرائیل له‌گه‌ڵ لوبنان راگه‌یاند.



AM:12:01:01/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت