"ئیسرائیل هێرشی‌ زه‌مینی‌ بۆسه‌ر لوبنان ده‌ستپێكرد"


وێستگه‌نیوز-
ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ ئیسرائیل "له‌ ئێستادا" ئۆپه‌راسیۆنی سنووردار له‌ ناو خاكی لوبنان ئه‌نجام ده‌دات.


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ماتیۆ میله‌ر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ ڕۆژنامه‌نووسانی ڕاگه‌یاند: "ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێیان وتم، كه‌ له‌ ئێستادا ئیسرائیل ئۆپه‌راسیۆنی سنووردار ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ژێرخانی حزبوڵای لوبنان له‌ نزیك سنووره‌كان ده‌كه‌نه‌ ئامانج”.

هاوكات ئاژانسی رۆیته‌رز به‌ پشتبه‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "سوپای لوبنان به‌ دووری 5 كیلۆمه‌تر له‌ سنووری ئیسرائیل ده‌كشێته‌وه‌”.

به‌پێی ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاندووه‌، پێشتر ئیسرائیل ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ زه‌مینییه‌ "سنوورداره‌كان" ئاگاداركرده‌وه‌ كه‌ ژێرخانی حزبوڵا له‌ ناو خاكی لوبنان ده‌كه‌نه‌ ئامانج.

ماتیۆ میله‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسانی وت: "راپۆرته‌كانم بینی سه‌باره‌ت به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ زه‌مینییه‌كان هه‌ندێك گفتوگۆمان له‌گه‌ڵیان كرد سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ و له‌م كاته‌دا ئاگاداریان كردینه‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سنوورداره‌كانن كه‌ ته‌ركیزیان خستۆته‌ سه‌ر ژێرخانی حزبوڵا له‌ نزیك سنووره‌كان”.

هاوكات ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ سوپای ئیسرائیل "ناوچه‌یه‌كی سه‌ربازی داخراو"ی له‌ به‌شێك له‌ سنووری باكووری ئیسرائیل له‌گه‌ڵ لوبنان راگه‌یاند.

سوپای‌ ئیسرائیل له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ناوچه‌كانی موته‌ڵا، میسغاف عام و كه‌فر جلعادی له‌ باكووری ئیسرائیل وه‌ك ناوچه‌یه‌كی سه‌ربازی داخراو راگه‌یه‌ندراون چوونه‌ ناو ئه‌و ناوچه‌یه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌”.

جگه‌ له‌وه‌ش، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سوپای لوبنان، پێش ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئیسرائیل، ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ دووباره‌ هێزه‌كانیان له‌ نزیك سنوور له‌ باشووری لوبنان جێگیر ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ پێی باشبوو ناوی ئاشكرا نه‌كرێت، باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "هێزه‌كانی سوپای لوبنان له‌ سنووری باشوور پێگه‌ی خۆیان ده‌گۆڕن و هێزه‌كانیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌”.





PM:10:19:30/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 1664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت