نوێترین زانیاری له‌ باره‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی هه‌شت


ویێستگه‌نیوزـ

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی هه‌شت تا ئێستا بڕیاری راگه‌یاندنی لیستی مووچه‌ و دابه‌شكردنی مووچه‌ی نه‌داوه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن به‌هۆی 243 ملیار دینار كورتهێنانه‌وه‌، روون نییه‌ ئه‌مڕۆ لیسته‌كه‌ راده‌گه‌یه‌ندرێت یان نا.


بڕی كورتهێنان

شه‌وی رابردوو هونه‌ر جه‌مال، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم رایگه‌یاند، بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ بڕی 755 ملیار دینار له‌به‌ر ده‌ستی وه‌زاره‌تی داراییه‌، 243 ملیار دینا كورتهێنانیان هه‌یه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ داهاتی ناوخۆ پڕی بكه‌نه‌وه‌.

به‌ڵام دواتر پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند: مووچه‌ی ئاب به‌ ته‌واوی نه‌هاتووه‌ و كورتهێنان هه‌یه‌، ناشتوانین پڕی‌ بكه‌ینه‌وه‌.

داهاتی نانه‌وتی

وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 22ی ئه‌یلول رایگه‌یاند،

بڕی 91 ملیار و 151 ملیۆن و 784 هه‌زار دینار وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی 2024، خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

به‌پێی لێدوانی پێشتری به‌رپرسانی هه‌رێم، داهاتی نانه‌وتی هه‌رێم له‌نێوان 300 بۆ 325 ملیار دیناره‌، نزیكه‌ی 160 ملیار دیناری بۆ خه‌رجی وه‌زاره‌ته‌كانه‌، له‌و بڕه‌ش 70 بۆ 80 ملیار دیناری ده‌مێنێته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم داهاتی نانه‌وتی مانگی ئایاری راده‌ستی به‌غدا كردووه‌، بەو پێیە بێت له‌ ئێستادا داهاتی مانگه‌كانی شه‌ش، حه‌وت، هه‌شت و به‌شێكی نۆی له‌به‌ر ده‌سته‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی مووچه‌ی مانگی هه‌شت.

چاره‌نووسی لیستی مووچه‌

دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم بڕی 755 ملیار دیناری له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ به‌ ده‌ست گه‌یشت بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی هه‌شت، به‌ڵام هێشتا وه‌زاره‌تی دارایی به‌بیانووی كورتهێنانه‌وه‌ لیستی مووچه‌ی رانه‌گه‌یاندووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم به‌ وێستگه‌نیوزی راگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان چاوه‌ڕوانه‌ ئه‌مڕۆ به‌غدا ته‌واوكاری مووچه‌ی مانگی هه‌شتی بۆ بنێرێت، بۆ ئه‌وه‌ی لیستی مووچه‌ رابگه‌یه‌نن و ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ بكرێت.

به‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، له‌ ئه‌گه‌ری نه‌ناردنی هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ به‌غداوه‌ ناچارن له‌ داهاتی ناوخۆ كورتهێنان پڕ بكه‌نه‌وه‌ و، سبه‌ینێ سێشه‌ممه‌ 24ی ئه‌یلول، لیستی مووچه‌ راده‌گه‌یه‌نن و رۆژی چوارشه‌ممه‌ 25ی ئه‌یلول، ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئاب ده‌كرێت.


AM:11:01:23/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 13748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت