روسیا: ئه‌وه‌ی له‌ لوبنان روویدا تیرۆری نێوده‌وڵه‌تییه‌


وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا رایگه‌یاند كه‌ ته‌قینه‌وه‌ی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن له‌ لوبنان "تیرۆری نێوده‌وڵه‌تیه‌" و رۆژئاواش ده‌بێت پێداگری له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ بكات.


رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ ژماره‌یه‌ك ئامێری‌ بێته‌لی‌ په‌یوه‌ندیكردن له‌ جۆری‌ په‌یجه‌ر له‌ لوبنان ته‌قینه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 4 هه‌زار كه‌س برینداربوون و 12 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ست دا.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ ماریا زاخارۆڤا، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا به‌ ئاژانسی هه‌واڵی ئاڕ تی وت كه‌ "هه‌موو به‌ڵگه‌كان ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ لوبنان روویداوه‌، تیرۆری نێوده‌وڵه‌تییه‌".

وتیشی‌: "ئه‌وه‌ی روویدا كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی روون بوو كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێكی خۆكوژه‌وه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ هێرشێكی تیرۆریستییه‌ كه‌ به‌ خوێنی سارد پلانی بۆ دانراوه‌".

باسی له‌وه‌شكرد كه‌ "هه‌مو ئاماژه‌كانیش پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستیه‌ و رۆژئاواش ده‌بێت پێداگری له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ بكات، ئه‌و كاره‌ش له‌لایه‌ن پسپۆڕانه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت و شێوازی رووداوه‌كه‌ ده‌ستنیشان بكرێت".

ماریا زاخارۆڤا له‌ لێدوانه‌كه‌یدا ئه‌و رووداوه‌ی به‌ جۆرێك له‌ "شه‌ڕی تێكه‌ڵاو" پۆلێن كردوه‌ كه‌ تێیدا هه‌زاران هاوڵاتیی مه‌ده‌نیی به‌ئامانج گیراون.


PM:06:29:18/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت