ژماره‌یه‌ك ئامێری دیكه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌ لوبنان ته‌قینه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
جارێكی‌ تر ژماره‌یه‌ك ئامێری بێته‌لی په‌یوه‌ندی‌ له‌ لوبنان ته‌قینه‌وه‌ و تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك ده‌رباره‌ی‌ قوربانییان رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.


میدیاكان بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ چه‌ند ئامێرێكی بێته‌لی په‌یوه‌ندیكردن كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی حزبوڵای لوبنانه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێت، ته‌قیونه‌ته‌وه‌.

ئاژانسی‌ رۆیته‌رز له‌ هه‌واڵێكی‌ به‌په‌له‌یدا رایگه‌یاند كه‌ لانی‌ كه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كی‌ باشووی‌ به‌یروت روویدا.


رۆیته‌رز له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی و شایه‌تحاڵێكه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌و ئامێره‌ په‌یوه‌ندییانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ سه‌رانسه‌ری لوبنان ته‌قینه‌وه‌، ئامێری‌ بێته‌لن و جیاوازن له‌و ئامێره‌ په‌یجه‌رانه‌ی دوێنێ ته‌قینه‌وه‌".

لای‌ خۆیه‌وه‌ كه‌ناڵی‌ جه‌زیره‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ چەند ئامێرێکی‌ دیکەی‌ بێتەل لە چەند ناوچەیەکی‌ جیاوازی‌ لوبنان تەقینەوە.

كه‌ناڵی جه‌زیره‌ له‌ زاری‌ په‌یامنێره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "دوای ڕۆژێك له‌ هێرشێكی به‌رفراوان له‌ ڕێگه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی‌ ئامێره‌كانی په‌یجه‌ره‌وه‌ كه‌ هه‌زاران ئه‌ندامی حزبوڵای‌ كرده‌ ئامانج، له‌ باشووری به‌یروت و ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی لوبنان ته‌قینه‌وه‌ روویاندا".

سه‌رچاوه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كان ده‌ڵێن كه‌ ته‌قینه‌وه‌كان له‌ كاتی رێوڕه‌سمی‌ به‌خاكسپاردنی‌ كوڕی په‌رله‌مانتارێكی‌ حزبوڵادا ڕوویانداوه‌.

ئه‌م سه‌رچاوانه‌ ڕوونیان كرده‌وه‌ كه‌ ته‌قینه‌وه‌كان ئه‌و ئامێره‌ بێته‌لانه‌یان كردۆته‌ ئامانج كه‌ ئه‌ندامانی حزبوڵا به‌كاری‌ ده‌هێنن و به‌شێكیان له‌ ماڵه‌كانیاندا بوون.

هاوكات كه‌ناڵی‌ سكای‌ نیوز ده‌ڵێت: "به‌پێی‌ زانیارییه‌كان ئه‌و ئامێرانه‌ی‌ ئه‌مڕۆ ته‌قینه‌وه‌، پێنج مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن حزبوڵاوه‌ كڕدراون".



PM:05:22:18/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 2912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت