عێراق بەر لەوادەی خۆی هاوردەکردنی نەوت و غازی راگرت
وێستگهنیوزـ
بەگوێرەی پلانی وەزارەتی نەوت وا چاوەڕوان دەکرا تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بگەنە ئاستی خۆبژێوی لە نەوتی سپی و غاز، بەڵام دوێنێ بەهۆی ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان 20٪ زیاتر بوو لە ئاستی پێویستی هاووڵاتیانی عێراق، بەتەواوی هاوردەکردنی نەوتی سپی و غاز راگیرا.
محەمەد خەزیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری هاوردەکردن و هەناردەکردنی نەوت و غاز رایگەیاند، عێراق لە ئێستادا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و پێویستی بە هاوردەکردنی نەوتی سپی و غاز نەماوە و تا کۆتایی ئەمساڵیش هەنگاوەکانیان چڕتر دەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا ئاستی سوودوەرگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی سووتانی غاز لە 48٪ـەوە بەرز بووەتەوە بۆ 65٪ کە ئەوەش وادەکات تا کۆتایی ئەمساڵ هاوردەکردنی غازیش رابگرن و بۆ ئەو مەبەستەش لە ئێستادا زیاتر لە سێ ملیۆن پێ سێجا توانای بەرهەمهێنانی غازیان هەیە و تا کۆتایی ئەمساڵ هەزار و 300 تةنی دیکە زیاد دەکەن.
باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا 29 پڕۆژەی جیاواز بەکارخراوە لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق و بەوەش ئاستی بەرهەمهێنانی غاز، نەوتی سپی، بەنزین، نەوتی خاو دەگاتە زیاتر لە ئاستی خۆبژێوی.
وتیشی، "عێراق بیر لەوە دەکاتەوە ماوەی 12 مانگی داهاتوودا ببێتە وڵاتێکی هەناردەکاری بەرهەمە نەوتییەکان و بەتایبەتیش بەنزین و غاز و گاز کە سێ سەرچاوەی گرنگی سووتەمەنی جیهانین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا".
ئەوەش لە کاتێکدایە، مانگی شوبات وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بەگوێرەی راگەیاندراوەکە، بڕیاربوو تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هاوردەکردنی نەوت و غاز رابگیرێت، چونکە دەگەنە ئاستی خۆبژێوی بەڵام بەر لە دوو مانگ لەو وادەیەی کە دیاریکراوە عێراق گەیشتە ئاستی خۆبژێوی کە ئەوەش بە هەنگاوێکی گرنگ لە کەرتی نەوت و غاز دادەندرێت.
PM:08:32:13/09/2024
ئهم بابهته 1060
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت