باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا: له‌لایه‌ن گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێرانه‌وه‌ هێرش كراوه‌ته‌سه‌ر ناوه‌نده‌ دیپلۆماسییه‌كه‌مان له‌ به‌غدا


وێستگه‌نیوز-

باڵیۆزخانه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ به‌غدا رایگه‌یاند كه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێرانه‌وه‌ هێرش كراوه‌ته‌سه‌ر ناوه‌نده‌ دیپلۆماسییه‌كه‌یان له‌ به‌غدا، ده‌شڵێت: "هه‌موو مافێكمان هه‌یه‌ به‌رگریی له‌ خۆمان بكه‌ین".

ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ 13ی‌ ئه‌یلولی‌ 2024، وته‌بێژێك به‌ناوی‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "رۆژی سێشه‌ممه‌ 10ی ئه‌یلول، هێرش كرایه‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی پشتیوانی دیپلۆماسی له‌ به‌غدا كه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی دیپلۆماسی ئه‌مریكییه‌ و خۆشبه‌ختانه‌ هیچ راپۆرتێك ده‌رباره‌ی‌ زیانی‌ گیانی‌ نه‌بووه‌".

وته‌بێژه‌كه‌ ده‌ڵێت: "ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ هێرشه‌كه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ هاوپه‌یمانی ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌ كه‌ به‌ ئازادی له‌ عێراق كارده‌كه‌ن".

وتیشی‌: "حكومه‌تی عێراق چه‌ندین جار پابه‌ندبوونی خۆی به‌ پاراستنی نوێنه‌رایه‌تییه‌ دیپلۆماسییه‌كان و ئه‌و كارمه‌نده‌ سه‌ربازییه‌ ئه‌مریكییانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر بانگهێشتی ئه‌و وڵاته‌ ئاماده‌ن، ده‌ربڕیوه‌ ".

وته‌بێژه‌كه‌ جارێكی‌ تر داوای‌ له‌ حكومه‌تی عێراق كرد كه‌ دیپلۆكاتكاران و ئه‌ندامانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و دامه‌زراوه‌كانیان بپارێزێت.

له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا دووپاتی‌ كرده‌وه‌ كه‌ "هه‌موو مافێكمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ر كوێیه‌كی جیهان بێت، به‌رگریی له‌ خۆمان بكه‌ین و خۆمان بپارێزن".

شه‌وی سێشه‌ممه‌، 10ـی ئه‌یلوولی 2024، هێرشكرایه‌ سه‌ر ناوه‌ندی خزمه‌تگوزاری دیپلۆماسیی به‌غدا، كه‌ ناوه‌ندێكی دیپلۆماسی ئه‌مریكییه‌.
 


AM:10:43:13/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت