ئیسرائیل له‌به‌رامبه‌ر بارمته‌كان پێشنیازی رێڕه‌وێكی سه‌لامه‌تی بۆ سنوار كردووه‌

‌یەحیا سنوار

وێستگه‌نیوزـ

به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ردوو كه‌ناڵی سی ئێن ئێن و بلۆمبێرگ بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، به‌رپرسێكی ئیسرائیل رایگه‌یاندووه‌، له‌گه‌ڵ ئازادكردنی سه‌رجه‌م بارمته‌كان كه‌ له‌سه‌ر خاكی فه‌له‌ستین ماونه‌ته‌وه‌، رێڕه‌وێكی سه‌لامه‌تی بۆ یه‌حیا سنوار سه‌رۆكی حه‌ماس دروست ده‌كرێت.


جال هیرش جیسیكا، رێكخه‌ری ئیسرائیل بۆ كاروباری بارمته‌ ونبووه‌كان، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو، له‌ لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵی سی ئێن ئێن ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و بارمتانه‌ی كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ و ژماره‌یان 101 كه‌سه‌ ئازادكران، ئه‌وا له‌و بڕوایه‌دام ئێمه‌، رێڕه‌وێكی سه‌لامه‌ت بۆ سنوار و هه‌ر كه‌سێكی دیكه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ سنوار له‌ غه‌ززه‌ بێته‌‌ ده‌ره‌وه‌، دروست ده‌كه‌ین".

جیسیكا رۆژی سێشه‌ممه‌ 10ی ئه‌یلولی 2024، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی بلۆمبێرگ، بیرۆكه‌كه‌ی زیاتر روونكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت ئیسرائیل به‌ راستی پێشنیازی رێڕه‌وێكی سه‌لامه‌تی خستووه‌ته‌ به‌رده‌ست سنور.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئێمه‌ ئاماده‌ین رێڕه‌وێكی سه‌لامه‌ت بۆ سنوار و خێزانه‌كه‌ی و بۆ هه‌ر كه‌سێكی دی كه‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌وان غه‌ززه‌ به‌جێبێڵێت، دروست بكه‌ن. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بارمته‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌، ده‌مانه‌وێت غه‌ززه‌ له‌ چه‌ك و له‌ توندڕه‌وی داماڵرێت و رژێمێكی نوێ غه‌ززه‌ به‌ڕێوه‌ببات".

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات پێشنیازی دروستكردنی رێڕه‌وێكی سه‌لامه‌ت، به‌ر له‌ رۆژ و نیوێك له‌مه‌وبه‌ر، خراوه‌ته‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ. به‌ڵام باسی له‌ وه‌ڵامی لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌ نه‌كرد.

ئیسرائیل سنوار كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌هێزترین كه‌سایه‌تییه‌كانی حه‌ماس، به‌ ئه‌ندازیاری سه‌ره‌كی رووداوه‌كانی 7ی تشرینی یه‌كه‌م تۆمه‌تبار ده‌كات، كه‌ تیایدا چه‌كداره‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ هه‌زار و 200 كه‌سیان له‌ ئیسرائیل كوشت و زیاد له‌ 250 كه‌سیان وه‌ك بارمته‌ ده‌ستگیركرد.


AM:10:56:11/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت