مه‌لا به‌ختیار: ئه‌وه‌ی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژی راسته‌قینه‌ی ده‌وێت، ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین


وێستگه‌نیوز-
مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وه‌ی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژی راسته‌قینه‌ی ده‌وێت، ئه‌وه‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین، ده‌شڵێت: "كه‌ بیناكانیان داگیر كردوین، بۆیان نییه‌ چالاكیه‌كانمان داگیربكه‌ن".


بە گوێرەی راگەیەندراوێک کە وێنەیەکی دەست وێستگە کەوتووە،، ئه‌مڕۆ 10/9/2024 لیژنه‌ی باڵای بیست و حه‌وته‌مین فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌لا به‌ختیار، سه‌رپه‌رشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ، كۆبۆیه‌وه‌ و تاووتوێی ئاماده‌كاریه‌كانی فێستیڤاڵیان كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاند كه‌ "كێشه‌ی داگیركردنی ناوه‌ندی رۆشنگه‌ریی چاودێر، كێشه‌ی بنكه‌ی گه‌لاوێژ نییه‌ به‌ ته‌نیا، به‌ڵكو كیشه‌ی ته‌واوی سه‌نته‌ره‌كانی ناو ناوه‌نده‌كه‌یه‌ له‌وانه‌: پلاتفۆڕمی دابران،  فێمێنیزمی رۆشنگه‌ری، رادیۆی مه‌ده‌نیه‌ت، چوار سایت، هۆڵی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی، هۆڵی دیالۆگ، به‌ڕێوه‌بردنی سیمیناری هه‌فتانه‌ و ده‌ركردنی گۆڤار و په‌یجه‌كان".

مه‌لا به‌ختیار وتی‌: "هاتنه‌ سه‌ر ناوه‌ندی رۆشنگه‌ریی چاودێر، قفڵدانی كۆی ئه‌و سه‌نته‌ر و به‌ش و چالاكیانه‌یه‌ نه‌ك به‌ ته‌نیا بنكه‌ی گه‌لاوێژ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ بیناكانیان داگیركردوه‌، به‌ڵام بۆیان نییه‌ چالاكیه‌كانیشمان داگیر بكه‌ن".

وتیشی‌: "ئێمه‌ له‌ ئه‌نجامدانی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ به‌رده‌وام ده‌بین و هه‌موو ئه‌و روناكبیر و نوسه‌رانه‌ی له‌ بیست و شه‌ش ساڵی رابردوودا خه‌می ئه‌ده‌ب و مه‌عریفه‌ و رۆشنگه‌ری  كۆیكردووینه‌ته‌وه‌، به‌ پاڵپشتی خۆمانیان ده‌زانین".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "بۆیه‌ ئه‌وه‌ی فێستیڤاڵی راسته‌قینه‌ی ده‌وێت، ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین، ئه‌وه‌شی خه‌ڵكی دیكه‌ی ده‌وێت ئه‌ویش ئازاده‌، مێژوش ده‌ریده‌خات كێ خاوه‌ندارێتی راسته‌قینه‌ی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ ده‌كات".

جەختی لەوەکردوە کە "بێگومانیش خۆم سه‌رپه‌رشتیاری گشتی فێستیڤاڵم و  په‌یوه‌ندی  و متمانه‌یه‌یه‌كی به‌هێز له‌ نێوان من و نووسه‌رانی عه‌ره‌ب و نووسه‌رانی ته‌واوی كوردستان دروست بووه‌، بۆیه‌ به‌ پشتیوانی خه‌مخۆران و دۆستانی رۆشنبیری، به‌رده‌وام ده‌بین. ناهێڵین كاروانی رۆشنگه‌ری و مه‌عریفه‌ و ئازادیی ئه‌قڵ، به‌ روداوێكی نه‌خوازراو، په‌كبخرێت".

مه‌لا به‌ختیار راشیگه‌یاند كه‌ "ئەم کۆبونەوەیە درێژەپێدەری کۆبونەوەی پێشوی بنکەی روناکبیری گەلاوێژە کە رۆژی (21/8/2024) ئەنجامدراو تێیدا بڕیار لەسەر ئەنجامدانی بیست و حەوتەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ درا".


PM:06:43:10/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 1264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت