مامۆستایه‌كی ئه‌زهه‌ر فه‌توای نه‌دانی پاره‌ی ئاو و كاره‌با ده‌رده‌كات و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت


وێستگه‌نیوز-

دوای ئه‌وه‌ی دكتۆر ئیمام ره‌مه‌زان ئیمام، مامۆستای به‌شی دیراساتی ئیسلامی له‌ كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی زانكۆی ئه‌زهه‌ر له‌ قاهیره‌، فه‌ته‌وایه‌كی ده‌كرد و تێیدا رێگه‌ی به‌ دزینی ئاو و كاره‌با و غاز دا، زانكۆی ئه‌زهه‌ر بڕیارده‌دات دكتۆری ناوبراو ره‌وانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت.

له‌م باره‌یه‌وه‌ میدیاكانی میسر بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌و فه‌توا "سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه‌"ی دكتۆر ئیمام ره‌مه‌زان ده‌ریكردووه‌ و سه‌رپێچی فقیهی تێدایه‌ و ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ رێنماییه‌كانی ئاینی پیرۆز، ره‌وانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ كراوه‌.

مامۆستاكه‌ی ئه‌زهه‌ر له‌ ڤیدیۆیه‌كدا و له‌ په‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، فه‌توایه‌كی ده‌ركردووه‌ كه‌ دزینی ئاو و كاره‌با و غاز رێگه‌پێدراوه‌، بۆ فه‌تواكه‌ی ئه‌م وته‌یه‌ی خوای گه‌وره‌ی له‌ سوره‌تی ئه‌لشوری ئایه‌تی 41، وه‌ك به‌ڵگه‌ هێناوه‌ته‌وه‌: "ومن انتصر بعد ظلمه فأولئك ما عليهم من سبيل"، واته‌ ئه‌وانه‌ی دوای ئه‌وه‌ی سته‌میان لێده‌كرێت و به‌رگری له‌ خۆیان ده‌كه‌ن، هیچ سزایه‌كیان له‌سه‌ر نییه.

دكتۆر ئیمام ره‌مه‌زان، پێش پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، مشتومڕێكی زۆری نایه‌وه‌ و له‌و كاته‌دا هه‌م لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كرا و هه‌م له‌ كاره‌كه‌ی راگیرا، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ زانكۆی ئه‌زهه‌ر و له‌ یه‌كێك له‌ وانه‌كانیدا، به‌ بیانوی فێربوون، دوو خوێندكاری ناچاركردووه‌ له‌به‌رده‌م خوێندكاره‌كانی هاوڕێیاندا، پانتۆڵه‌كانیان داكه‌نن.

ئه‌م رووداوه‌ سه‌یره‌، ئه‌و كاته‌ ده‌ستیپێكرد كه‌ به‌كارهێنه‌رانی سۆشیال میدیا، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی ئه‌و مامۆستایه‌یان بڵاوكرده‌وه‌، له‌ كاتی وانه‌یه‌كدا له‌ فاكه‌ڵتی په‌روه‌رده‌ له‌ زانكۆی ئه‌زهه‌ر، تێیدا مامۆستاكه‌ پێداگیریی ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دوو خوێندكاره‌كه، جله‌كانیان به‌ شێوه‌یه‌كی نه‌شیاو دابكه‌نن و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان لێده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ نه‌كه‌ن، ده‌ریانناچێنێت.

لێره‌وه‌ دكتۆر محه‌ممه‌د ئه‌لمحرساوی كه‌ له‌و كاته‌دا سه‌رۆكی زانكۆی ئه‌زهه‌ر بوو، بڕیارده‌دات مامۆستای ناوبراو له‌كاره‌كه‌ی رابگرێت و ره‌وانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌كات.


PM:09:01:09/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 3836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت